هه‌واڵ

مامۆستایانی ناڕازی: (هەژماری من)ی سەپێنراو ڕەت دەکەینەوە  

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، پڕۆژەی (هەژماری من) ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یەکێتی کارەکانی هەژماری من لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕانەگرێت، خۆپیشاندان دەبەنە دەباشانەوە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی ئازاری ٢٠٢٤، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە شاری سلێمانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند: “زۆر بەڕوون و ڕاشکاوی جەخت دەکەینەوە، کە (هەژماری من)ی سەپێنراو ڕەت دەکەینەوە، چونکە پێمان وایە ئەم سیستەمە وەک ئابووری سەربەخۆ تەنیا خزمەت بە بنەماڵە دەسەڵاتدارەکان دەکات و دەبێتە مایەی تەمەندرێژی و خۆسەپاندنی زیاتری تاڵانکاران و پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییە کە لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ دەرچووە”.

ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، هەر لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا، پەیامێکی ئاڕاستەی یەکێتی و گۆڕان کرد و داوای کرد: “مامەڵەی خۆڵەمێشییانە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی نەکەن، ناکرێت لەلایەک بڵێن لەگەڵ مووچەخۆرانین و لەلایەکی دیکە ئەوەی پارتی بیەوێت لەبەر بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی خۆیان بیسەپێنن و جێبەجێی بکەن بەسەر مووچەخۆراندا”.

زیاتر دەڵێ: “بڕیاری بەنیشتمانیکردنی مووچە و کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە یەک ڕۆژدا و لەیەک دادگای فیدڕاڵییەوە دەرکراون، ناکرێت پابەندی یەکێکیان بن و یەکێکیان ڕەت بکەنەوە، بۆیە ڕێگەی دروستی بەردەمتان هاوکاریکردنی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشیدە، بۆ ئەوەی بەزووی دەستبکەن بە دروستکرندی کی کارد بۆ مووچەخۆرانی ئەم سنورە و هەروەها پێدانی مووچەی مانگی دوو بە زووترین کات کە ئێستا بە سێقۆڵی دەستتان بەسەردا گرتووە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازیدا داوا کراوە: “دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی پێشووی سەر مامۆستایان ڕابگەیەنن و لەوە زیاتر درێژە بە کارە نایاساییەکانتان مەدەن. پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دەردەبڕین کە هەردوو ژیانی ئابووری و سیاسی ڕێکدەخاتەوە. هەر لایەنێکیش دژ بەو بڕیارانە بێت، لە هەمان دادگا سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین”.

ئەنجوومەنەکە هەروەها داوا لە پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەکات: “ئەگەر بە هەر پاساوێک بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بەڕاشکاوی بەیاننامەی فەرمی دەربکەن و (هەژماری من) ڕەت بکەنەوە و لەڕێگەی مووچەخۆرەکانییانەوە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە هەولێر و دهۆک ساز بکەن”.

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایانی ناڕازی دەڵێ: “ئەگەر یەکێتی کە حوکمڕانی ئەم سنورەیە، تا ڕۆژی دووشەم، ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٤، بڕیاری ڕاگرتنی کارەکانی هەژماری من لەم سنورە نەدات و لە ئەگەری ڕاگرتنی زیاتری مووچە بڕیاری مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق نەدات، ئەوە ڕۆژی دووشەم، خۆپیشاندانی بەرفرەوانی مامۆستایان و فەرمانبەران و سەرجەم چین و توێژەکانی شار و شارۆچکەکان خۆپیشاندان بەرەو دەباشان دەبەین و پەیامی ڕاستەوخۆ دەدەین بە دەسەڵاتدارانی ئەم سنورە و داوایش لەسەرجەم فەرمانبەران دەکەین، بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکەن و (هەژماری من)ی زۆرەملێ ڕەت بکەنەوە”.

ئەنجوومەنەکە هەروەها، ڕایگەیاند، کە “بەزووترین کات خۆپیشاندانەکان دەگەیەنینە هەولێری پایتەخت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...