چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی “هەژماری من”ەوە
ئەمڕۆ دووشەم ٢٤ی حوزەیرزانی ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە و ڕایگەیاند “جێبەجێکردنی پڕۆژەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی دوو مووچەیی و ڕێگری لە سپیکردنەوەی پارە و خۆدزینەوە لە باج و چەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی پێشکەش بە فەرمانبەران و مووچەخۆران دەکات”.
وەک لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی داراییدا هاتووە، پڕۆسەی تۆمارکردنی فەرمانبەران لە پڕۆژەی هەژماری من لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە ڕێگای هەشت بانکی ئەهلی و حکوومییەوە بەردەوامە کە سەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە باوەڕپێکراون و ڕەزامەندی بەشداری پڕۆژەکەیان پێدراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی بڕیاریدا “چەندین کارئاسانی زیاتر بۆ تیمەکان بکرێت تا پڕۆسەکە خێراتر بکرێت و پێش ئەو وادەیەی بۆی دیاریکراوە سەرجەم مووچەخۆران ببنە خاوەن هەژماری بانکی خۆیان، هەروەک بڕیاریشدرا مۆڵەتی تا یەکی ئەیلوولی ئەمساڵ بە فەرمانبەرانی مەدەنی و کارمەندانی لیوا هاوبەشەکان بدرێت لە پارێزگای هەولێر کە تا ئێستا خۆیان لە پڕۆژەکە تۆمار نەکردووە”.
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من دواین داتا و ئاماری پڕۆژەکەیان خستەڕوو؛ بەجۆرێک تا ئێستا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەکە تۆمارکراون و نزیکەی ٢٤٠ هەزار کارتی بانکیش دابەش کراوە، هاوکات ئەم مانگە زیاتر لە ٥٠ هەزار مووچەخۆر کە لە ١٣٥ یەکەی ژمێریاری لەسەرجەم وەزارەتەکان پێکهاتبوون بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەیان وەرگرتووە و مانگەکانی داهاتوو ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.
هاوکات تا ئێستا ٩٤ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە ٣٢ شوێنی جیاوازی پارێزگای هەولێر دانراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا ١٤٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
بەپێی دواین ئامارەکانیش تا ئێستا لیستی نزیکەی چوار هەزار و ٥٠٠ فەرمانبەر ئاڕاستەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) کراوە و بە چەند قۆناغێک کارتی بانکی گەڕاوەتەوە بۆ فەرمانبەران.