
میران بەکر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: “هێزێکی بەڵتەجی و هەمەجی، کاتژمێر یازدەو نیوی شەو، لە نزیک مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک لەهەولێر،، تورەگەی ڕەشییان خستەسەرم و دوایی کەلەبچە کردنم، بەشەق و بۆکس تێیانهەڵدام بۆ ماوەی سێ سەعات. هەموو کەلوپەلەکانی ناو سەیارەکەیان بردم و پاشان کوتیان: هەڵەمان کردووە!”.
بەگوتەی سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە، ئەو هێزەی ڕفاندوویانە، هێزێکی ڕاهێندراوی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون.
پێوەست بەو ڕووداوە، هەر ئەمڕۆ شەممە، 20ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕێکخراوی پەیامنێران ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس میران بەکر دەکات و دەڵێ: ” بەداخەوە جارێکی تر لە درەنگانی شەودا هێزێکی ئەمنی و هەمەجی، کاتژمێر یازدە و نیوی شەو، لە نزیک مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک لە هەولێر، هەڵدەکوتنە سەر ڕۆژنامەنووس “میران بەکر” و دوای ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و بردنی کەلوپەلەکانی نێو ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنێکی نزیک هەولێر فڕێدەدرێت”.
ڕێکخراوی پەیامنێران لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەیدا، داوای لێژنەیەکی بەپەلە لە وەزارەتی ناوخۆ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ: “ئەم رووداوە بە زەنگێکی مەترسیدار دەزانین و
داواکاریشین ئەنجامدەرانی ئەو کارە قێزەوەنە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و ئەنجامەکەشی بۆ خەڵک و میدیاکان ڕوون و ئاشکرا بکرێت و جارێکیتر ڕێگە نەدەن حاڵەتی لەمشێوەیە دەرحەق بە ڕۆژنامەنووسانمان لە سنووری هەرێمی کوردستان دووبارە بێتەوە”.


