هه‌واڵ

حکوومەتی هەرێم: سوپای عێراق دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی لە ڕێگرییەکانی سوپای عێراق بەرانبەر بە جووتیارانی کورد لە گوندی پەلکانە و ناوچەکانی دی دەردەبڕێت و داوای گێڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە درەنگانی ئێوارەی دوێنێ هەینی، ١٠ی ئایاری ٢٠٢٤ بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند، ماوەی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بە ناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات، بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچننەوە.

دەستەکە، داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە لەپێناو چارەسەرکردنی گرفتەکە و هەروەها داوایش لە حکوومەتی عێراق دەکات بێدەنگ نەبێت لە بەرانبەر ئەو ستەمەی لە جووتیارانی کورد دەکرێت لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکاندا و شایستەی دارایی بۆ عەرەبە هاوردەکان دابین بکات و بۆ ناوچەکانی خۆیان بیانگێڕنەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕاگەیەنراوێک لە (دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم)ەوە

 

بەداخەوە ماوی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەوا و دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتییانە و پێکەوەژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانە و خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جووتیارانی کورد نادات، بەری ڕەنج و ماندووبوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچننەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکووک جووتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد، ئێمە وەک حکوومەتی هەرێم لە دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان  بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستور و یاسا دوا بڕیاربێت و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسایی خۆیان بدەن، بەداخەوە تا بە ئێستا دەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون، بۆیە داواکارین لە حکوومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرانبەر جووتیاری کورد دەکرێت بێدەنگ نەبێت و فراکسیۆنە کوردییەکانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارایی پێویست بدرێتە عەرەبە هاوردەکان و بیانگەڕێننەوە ناوچەکانی خۆیان.

هەموو لایەک دڵنیا دەکەین دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جووتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانە و تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕای دەگەیەنین جێبەجێکردنی دەستور و پابەند بوون بە بنەماکانی مادەی ١٤٠ زامنی چارەسەربوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە.

 

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم

١٠-٥-٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...