مەسعوود بارزانی: پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و دەبێت میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
ڕۆژی ٢٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە هەموو لایەنە كوردستانییەکان ئەو قەناعەتەیان هەبێت كە ئەم پۆستە پشکی كوردە و بۆ ئەوەی سەرۆككۆمار نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بكات، دەبێ میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریش گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و چیتر لایەنێك ئەو پۆستە بە موڵكی تایبەتی خۆی نەزانێت”.
بارزانی هەر لە پەیامەکەیدا پێشنیازی کردووە: “میكانیزمەكەش بەمشێوەیە بێت كە: یان لە پەرلەمانی كوردستان كەسێك وەك نوێنەری كورد بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری بكرێت، یان تێكڕای لایەنە كوردستانییەكان كۆ ببنەوە و بۆ ئەو پۆستە لەسەر كەسێك ڕێك بكەون، یانیش نوێنەران و فراكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، كەسێك بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دیاری بكەن”.
زیاتر گوتوویەتی: “مەرجیش نییە ئەو كەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆمار دیاری دەكرێت پارتی بێت یان یەكێتی بێت، دەكرێ لە لایەنێكی تر بێت یانیش بێلایەن بێت. گرنگ ئەوەیە ئەو كەسە كۆدەنگیی كوردی لەسەر بێت و نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان بكات بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆككۆماری عێراق”.
پەیامەکەی بارزانی لەکاتێکدا دێت کە هەر لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دانانی یەکەمین سەرۆککۆمار تاوەکوو ئێستا ئەم پۆستە هەر لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە.



