هه‌واڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا گفتوگۆی نەخشەڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دیداری نەخشەڕێی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی ساز دەکات و وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێ: “زانکۆکان بەرپرسیاردەبن لە جێبەجێکردنی نەخشەڕێی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان”.

 

د. ئارام محمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕۆڵی گەورەی هەیە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پەرەپێدانی تواناکان، توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاوێتەکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ پڕۆگرامەکانی خوێندن، بەکارهێنانی زانستییانەی هۆیەکانی میدیا و سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا، هەروەها کاراکردنی سێنتەرەکانی ڕاوێژکاری قوتابیان و خوێندکاران لەناو زانکۆکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.

ئەو ڕاگەیاندنەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەمڕۆ دووشەم، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤، لە میانەی گوتارێکیدا هات، کە لە (دیداری نەخشەڕێی خوێندنی باڵا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) پێشکەشیکرد.

لەو دیدارەدا کە بەئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومی و تایبەتەکان و ئەندامانی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و توێژەران و پارێزەران و کەسانی پسپۆڕ لە هەولێر بەڕێوەچوو، د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: دەخوازین لەم دیدارەدا نەخشەڕێگەیەک بۆ وەزارەت و دەزگا و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دابنیێن بۆ مەبەستی بەشداری کارای دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و کۆمەڵگەی ئەکادیمی لەبەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، چونکە لە ناو زانکۆکان ژمارەیەک کەسی بەتوانا هەن لە بواری پسپۆڕی جیا، کە بە میتۆدی زانستی کار لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان دەکەن.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیواشی خواست لە ڕێگەی ئەم دەستپێشخەرییەوە هەموو پسپۆڕانی ناو زانکۆکان بتوانن بگەیێنن بە یەک و، پێکەوە کار لەسەر ئەو پرسە بکەن. گوتیشی لەم ساڵانەی دواییدا ماددە هۆشبەرەکان تەشەنەی کردووە، هەم فاکتەری جوگرافی و هەم فاکتەرە جۆراوجۆرەکانی دیکە وای کردووە کە هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر مەترسی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، بۆ ئەوەش بە گرنگی زانی بە ئاگایی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە گرنگە بکەن.

د. ئارام محەمەد قادر بەشێکی دیکەی گوتارەکەی تەرخانکرد بۆ ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و، لەو چوارچێوەیەشدا گوتی: ئەم ئەرکە تەنیا لە ئەستۆی یەک وەزارەت یان یەک دامەزراوەی حکوومیی نییە، بەڵکو ئەرک و ئۆباڵ و بەرپرسیاریەتییەکی هەمەلایەنە، گوتیشی “ئەوەی مایەی خۆشبەختییە لەسەر ئاستی حکوومەت بە چڕی کار لەسەر ئەم پرسە دەکرێت، لیژنەی باڵای تایبەت بۆ ئەم پرسە بە بەشداری نوێنەرانی هەموو وەزارەتەکان پێکهێنراوە”.

سەبارەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: “ئێمە وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانین ڕۆڵی گەورەمان هەبێت بە تایبەت لەلایەنی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، پەرەپێدانی تواناکان، توێژینەوە و پەرەپێدان، ئاوێتەکردنی پرسی مادە هۆشبەرەکان لەگەڵ پڕۆگرامەکانی خوێندن، بەکارهێنانی زانستییانەی هۆیەکانی میدیا و سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا، هەروەها کاراکردنی سێنتەرەکانی راوێژکاری قوتابیان و خوێندکاران لەناو زانکۆکان”.

ڕوونیشیکردەوە کە گرنگە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەسەر بنەمای فرە دیسپلینی کار لەسەر ئەم پرسە بکات، بەتایبەت لە پسپۆڕییە جیاکان وەک (سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجی، یاسا، ڕاگەیاندن، بواری پزیشکی و بواری دیکەی پەیوەندار)، کە هەمووان پێکەوە دەتوانن لەسەر ئاستی زانکۆ و گرووپی توێژینەوە و گرووپی کار دروست بکەن، “ئێمە دەمانەوێت نەخشەڕێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵا هێندە کاریگەر بێت هەموومان بتوانین کاریگەرییەکانی لەسەر ئاستی کلاسەکان ببینین، هەموو کۆمەڵگەی زانکۆکان بکەینە ئەکتیڤستی بواری ڕووبەڕووبوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لەهەمان کاتدا بتوانین لە ڕێگەی توێژینەوەکانمان و کۆکردنەوە و ڕاڤەکردنی زانستییانەی داتاکان ڕێنوێنی دامودەزگاکانی حکوومەت بکەین”، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی.

هەر لە چوارچێوەی ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵادا، د. ئارام محەمەد قادر ڕوونیکردەوە؛ زۆر گرنگە زانکۆکان هەماهەنگی لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی ئەم پرسە بکەن لە کەرتی حکومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەشداری هەمووان دەبێتە فاکتەری سەرەکی دەوڵەمەندکردنی نەخشەڕێگەکە و ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو گفتوگۆکانی ئەم دیدارە لەلایەن لیژنەی نووسینەوەی ڕاسپاردەکان تۆمار دەکرێن و لە چوارچێوەی نەخشە ڕێگەکە جێگەیان دەکرێتەوە، دوای ئەوەش زانکۆکان بەرپرسیار دەبن لە جێبەجێکردنی یەکە بەیەکەی خاڵەکانی ئەم نەخشەڕێگەیە.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هیوای خواست هەمووان پێکەوە بتوانن هاوکاری یەکبن و “گەنجانی وڵاتەکەمان و کۆمەڵگەکەمان بپارێزین لە مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان”.

لە گوتەیەکدا د. ئامانج عەبدوڵا سەعید ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وردەکاری ئەنجامدانی ئەو دیدارە و گرنگییەکەی خستەڕوو، گوتی: لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و ڕاسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ئامادەکردنی نەخشەڕێگەی تایبەت بەو بوارە، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: لەژێر ڕێنمایی و بەدواداچوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بەهەندوەرگرتن و گرنگی ئەو بابەتە وەزارەتەکەیان بە ڕاسپاردنی زانکۆکان و ناردنی پسپۆڕان بۆ ئامادەکارییەکان نەخشەڕێگایەک ئامادە کرا و ئەمڕۆش بۆ دەوڵەمەندکردنی نەخشەڕێگەکە ئەم دیدارە ئەنجامدرا.

پاش پێشکەشکردنی وتارەکان، بەرنامەی کاری دیدارەکە دەستپێکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە ڕێگەی دوو پانێڵ کە لەلایەن هەریەک لە د. سەباح ئیبراهیم وەیس ڕاوێژکاری وەزیری خوێندنی باڵا و د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون بەڕێوەچوو، توێژەران و پسپۆڕانی بوارەکە گفتوگۆیان لەبارەی لایەنە جیاکانی مادە هۆشبەرەکان کرد و کۆمەڵێک بیروبۆچوونی جیاوازیان خستەڕوو بۆ چۆنیەتی دانانی نەخشەڕێی کارکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...