
ئەمڕۆ یەکشەم، ٥ی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداری تووندی بە ئێران دا، ئەگەر تاوەکو ڕۆژی سێشەم ڕێککەوتن نەکرێت، تەواوی ژێرخانی وڵاتەکە لەناودەبات.
سەرۆکی ئەمریکا بە ڕاشکاوی گوتی: “ڕۆژی سێشەم لە ئێران دەبێتە ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و ڕۆژی پردەکان، هەمووی پێکەوە لە یەک ڕۆژدا”.
دۆناڵد ترەمپ، لە بەرانبەر نەکردنەوەی گەرووی هورمزدا ڕوو لە بەرپرسانی ئێران گوتی: “ئەو گەرووە نەفرەتییە بکەنەوە، ئەگینا لەناو دۆزەخدا دەژین”.
وێڕای هەڕەشە تووندەکانی، سەرۆکی ئەمریکا، باسی لەوە کرد کە “دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ڕێککەوتن، بەڵام ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن، من هەموو شتێک دەتەقێنمەوە”.
زیاتر لە هەفتەیەکە، هەریەک لە ئەمریکا و ئێران لە ڕێگەی چەند وڵاتێکی نێوانگیرەوە لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و لەپێناو کردنەوەی گەرووی هورمزدا.
دۆناڵد ترەمپ، نەیشاردەوە، کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی، لە دانوستانی چڕدان لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتن.
گوتیشی: “دانوستانەکان باش بەڕێوەدەچن، بەڵام هیچ کاتێک لەگەڵ ئێرانییەکان ناگەیتە هێڵی کۆتایی.” ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک تاران پێشنیازی کردووە دوای پێنج ڕۆژی دیکە کۆببنەوە، ئەو هەستی کردووە جددی نین، بۆیە فەرمانی لێدانی ئەو پردەی داوە کە تاران بە باکووری وڵاتەکەوە دەبەستێتەوە.
ڕوو لە خەڵکی ناوخۆی ئێرانیش ئاماژەی بەوە کرد، ئەو ئێرانییانەی دژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، پشتیوانی لە هێرشەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ لاوازکردنی ڕژێم و گوتیشی: “ئەوان دەترسن لەوەی لە نیوەی جەنگەکەدا جێیان بهێڵین، بەڵام ئێمە جێیان ناهێڵین”.



