هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: داوا لە عێراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی بەجێبێنێت

زێدپرێس

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، ئەرک و بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان بەجێبهێنێت و چیتر لە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کەمتەرخەم نەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییان و کۆمەڵکوژی شەنگال بڵاو کردەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

ئەمڕۆ نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی خوشک و برا ئێزدییەکانمان تێدەپەڕێت و هێشتا ئەم برینە گەورەیە خوێنی لێدەچۆڕێت. تاوەکو ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ قەرەبووکردنەوەی خوشک و برایانی ئێزدی نەنراوە، بەڵکو دەکرێنە قوربانیی ململانێ سیاسییەکان و شەنگالی خۆشەویستیش کە زێدی ئەوانە، وەک وێرانەی دوای جەنگ ماوەتەوە.

ناکرێت دڵسۆزی و وەفاداری بەرامبەر کوردانی ئێزدی تەنیا لە دروشمدا بمێنێتەوە و دەبێت هەمووان هەنگاوبنێین، هەنگاوێک کە بە رۆحێکی نەتەوەیی و مرۆڤدۆستانەوە بنرێت و بەشێکبین لە گەڕانەوەی هیوا بۆ خوشک و براکانمان نەک قووڵکردنەوەی برینەکانیان. بەرپرسیارێتیی هەموومانە ئەم تاوانە گەورەیە لەبیر نەکەین و کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بکەین، بێگومان هەڵوێستی ئەو وڵاتانەش لەیادناکەین کە بە فەرمی تاوانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە.

داوا لە حکومەتی عیراق دەکەین ئەرک و بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی بەرامبەر ئێزدییەکان بەجێبهێنێت و چیتر لە قەرەبووکردنەوەی ئێزدییەکان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال کەمتەرخەم نەبێت.

درود و سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانییانی ئەم تاوانە لەبیرنەکراوە و سەرفرازیی بۆ خوشک و برا ئێزدییە خۆڕاگرەکانمان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...