یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بارەگای سپیلک شەهید بوو

ئەمڕۆ سێشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٦، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی بریندار لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر بارەگاکەی پێشمەرگە لە سپیلک-خەلیفان بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، “وەیسی ئاخر سەعید شێروانی” پێشمەرگە لە فیرقەی پێنجی پیادەی فەرماندەیی دەڤەری یەکی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێشتر لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری سۆران بریندار ببوو، دوای ١٥ ڕۆژ مانەوە لە یەکێک نەخۆشخانەکانی هەولێر، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیشتە پلەی بەرز و پیرۆزی شەهادەت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ: “وێڕای دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و تەواوی خەڵکی کوردستان، جارێکی دیکە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دەکەینەوە کە دەکرێنە سەر هێزی پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی هەرێمی کوردستان”.
بەرەبەیانی ٢٤ی ئازاری ٢٠٢٦، ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە سپیلک- خەلیفان و لە ئەنجامدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.


