هه‌واڵ

دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ جاری دەیەم دواخرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ١١ی شوباتی ٢٠٢٤، بڕیاربوو دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ سکاڵای پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام جارێکی دیکە دانیشتنەکە بۆ ١٨ی شوباتی ٢٠٢٤ دواخرایەوە.

پێشتر نۆ جار دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخراوە و بە دواخستنەکەی ئەمڕۆیشەوە دەبێت بە جاری دەیەم.

دانیشتنی پێشوو، کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، دادگا داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کرد، تۆماری دەنگدەران و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێرێت و بەو هۆیەوە دادبینییەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەم دواخرا بوو.

ساڵی ڕابردوو دوو سکاڵا لەمەڕ چەند ماددەیەکی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوود نوێنەری کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد، لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی بکرێت، بەڵام بەهۆی دواخستنی یەکلاکردنەوەی سکاڵاکانی پێوەست بە یاسای هەڵبژاردنەکە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە، نەتوانرا هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بەڕێوە بچێت.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نێوان ١٩ بۆ ٣٠ی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.

لە ئاستی بەشێک لە هێزە سیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆچوونێک هەیە کە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق بە ئەنقەست دەستی دەستی بە دادبینییەکەوە دەکات، بە ئامانجی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هێشتنەوەی هەرێمی کوردستان لەناو بۆشاییەکی گەورەتری یاساییدا، لەکاتێکدا پێشتر بە بڕیاری هەمان دادگا، پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشێندراوەتەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش کەوتووەتە دۆخی کاربەڕێکەرییەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...