هه‌واڵ

سەمیر هەورامی: لەکابینەی نۆیەم کەسێکمان نییە بەناوی گوتەبێژی حکوومەتەوە

گوتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لەکابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا، کەسێک بەناوی گوتەبێژەوە نییە و “ئەو کەسەی بەناوی گوتەبێژی حکوومەتەوە قسە دەکات، تەنیا تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزارییەکەیان دەکات”.

 

سەمیر هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ لێدوانەکانی پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم بڵاوکردەوە و دەڵێ: “لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک گوتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچوونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی گوتەبێژی حکوومەتەوە قسە دەکات، تەنیا تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزارییەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی گوتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە”.

ئەو ڕوونکردنەوەیەکی گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەت، لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکەوە، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هەڵوێستەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پشتیوانی لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ڕاگەیاند بوو، گوتەبێژەکەی حکوومەت دەڵێ، ئەوانەی لە کوردستان پشتگیریی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، “لەبەر ئەوەیە لە بەرژەوەندیی ئەوان هەڵسوکەوت دەکات و بڕیاری نادەستووری دەدات. بەڵام پێویستە خەڵکی کوردستان بزانێت کە خۆفرۆشان لایان گرنگ نییە چەند مافی دەستووریی کوردستان بە دەستەوە دەدەن“.

گوتەکانی پێشەوا هەورامانی، ڕەخنە و نیگەرانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ڕوونکردنەوەکەی گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەربڕی ئەو نیگەرانییانەن.

 

دەقی ڕوونکردنەوەکەی سەمیر هەورامی:

 

کەسێک بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێدوانی داوە لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و مافی موچەخۆرانی کوردستانەوە، لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانین بەم دووخاڵە وەڵامی بدەینەوە:

یەکەم:  لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە.

دووەم: لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی موچەخۆران دەستەبەر بکەین.  هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیری خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت.

 

سەمیر هەورامی

وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...