هه‌واڵ

دادگای فیدڕاڵی کێشەی تەوتینی مووچەی چارەسەر کرد

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، کێشەی تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی چارەسەر کرد و ڕایدەگەیەنێت، ئەو فەرمانبەرانی بەهۆکاری تەکنیکییەوە مووچەکانیان بەئەلیکترۆنی نەکراوە، دەبێت بەشێوەی کاش مووچەکانیان خەرج بکرێت.

 

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ڕاگەیەندراوێکی پێوەست بە ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕوونی دەکاتەوە، کە ڕێکارەکانی تەوتینی مووچە پێویستی بە ماوەیەک هەیە و بە ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانێت لەوبارەیەوە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بکات، بەئاڕاستەی پیادەکردنی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە پڕۆسەی تەوتینی مووچە و لەپێناو دەستەبەرکردنی شایستەکانی فەرمانبەرانی هەرێم.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بەو پێیەی پڕۆسەی بە تەوتینی مووچە پێویستی بە ماوەیەکی تەواو هەیە، بۆیە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم دەبێت پەلە بکەن لە تەواوکردنی پڕۆسەی تەوتینی مووچە.

دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق سەبارەت بە شێوازی خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت ئەوەی پێوەندی بە تەوتینی مووچە و خەرجکردنی مووچە لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە هەیە، وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاند، کە مووچەی مانگی شوبات لەسەر بنەمای لیستی مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکرێت کە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکراوە، بەڵام مووچەی مانگی ئازاری ٢٠٢٤، لەسەر بنەمای تەوتین و لەڕێگەی هەژماری بانکییەوە خەرج دەکات. ئەوەش نیگەرانی زۆری لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەماوەی تەنیا مانگێکدا کارێکی نەکردەیە.

دادگای فیدڕاڵی هەر لەو ڕاگەیەندراوەیدا، دووپات دەکاتەوە، کە ئەو فەرمانبەرانەی بە هۆکاری تەکنیکی مووچەکانیان تەوتین نەکراوە بە شێوەی کاش خەرج دەکرێت تا پڕۆسەی تەوتینیی مووچە تەواو دەبێت. بەو جۆرەیش فەرمانبەرانی هەرێم تا مووچەکانیان بەئەلیکترۆنی دەکرێت، دەبێت بەشێوەی کاش مووچەکانیان خەرج بکرێت.

دواجار ڕاگەیەندراوەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق چارەسەرکردنی گرفتێکە کە لە خودی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی و هەروەها بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سەرچاوە دەگرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...