
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، بڕیاری فەرمی ڕەوتەکەی لەبارەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەماندا ناکەن.
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە کە ئەوان لە سەرەتای کارەکانیانەوە بڕیاریانداوە وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بمێننەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی بنەماکانی کارکردنی ئەوان، ئەرکی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان نییە بببنە بەشێک لە ململانێی هێزە دەسەڵاتدارەکان یان دەستەی سەرۆکایەتی بۆ یەک یان دوو هێزی دەسەڵاتدار هەڵبژێرن، کە دواتر ئەو دەستەیە سەرۆکی هەرێم و پێکهێنەری حکومەت دیاری بکات.
عەلی حەمەساڵح لە پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە ڕەوتی هەڵوێست لە ڕابردوودا نەچووەتە ناو هیچ بەرە و هاوپەیمانێتییەکی سیاسییەوە، لە ئێستاشدا لەژێر هیچ ناونیشان یان بیانوویەکدا ناچێتە پاڵ چوارچێوەی لایەنە ڕکابەرەکان، بەڵکو وەک ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستگۆ، جدی و سەربەخۆ لە کارەکانی بەردەوام دەبێت.


