دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ پارتی کوردی هەڵوەشاندنەوە
بەپاساوی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ پارتی کوردی هەڵوەشاندنەوە و ڕایگەیاند، دەست بەسەر موڵکەکانیشیاندا دەگیرێت.
ئەو پارتانەی بە بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵوەشێندرانەوە لەهەریەک لە تەڤگەری ئازادی، پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدیی و بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی پێکدێن.
بەگوێرەی بڕیارەکە، بارەگاکانی هەر سێ پارتەکە دادەخرێن و دەست بەسەر موڵكەکانیاندا دەگیرێت.
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە.
دەستەکە، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەکانی بۆ هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان/پەکەکە گەڕاندووەتەوە، ئەوەش لەسەر داوای ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانی عێراق.
پێشتر حکوومەتی عێراق پەکەکەی وەک پارتێکی قەدەغەکراو ناساندووە و بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانیش لەو چوارچێوەیەدایە.
هەر ئەمڕۆ سێشەم، بەرپرسانی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بەتوندی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی و بڕیارەکەیان بە “نادادپەروەرانە” وەسف کرد. لەکاتێکدا پارتەکەیان مۆڵەتی فەرمی کارکردنی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
بەرپرسانی پارتەکە جەختیان لەسەر ئەوەش کردەوە، “بڕیارەکە سیاسییە و بە گوشاری تورکیا دەرکراوە، نەک بڕیارێکی یاسایی” و لەو ڕوانگەیەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و تانەدان لە بڕیارەکەی دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان.