تۆمارکردنی لیست و کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دەستپێدەکات
زێدپرێس
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ زێدپرێس ئاماژەیدا، کۆمسیۆن لە ئامادەکاریدایە بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چاوەڕوان دەکرێت لەم یەک دوو هەفتەیەدا، دەست بە تۆمارکردنی ناوی کاندید و لیستەکانی هەڵبژاردن بکرێت.
“بەشێوەیەکی ئاسایی ماوەی مانگێک بۆ تۆمارکردنی ناوی لیست و کاندیدەکان تەرخان دەکرێت و کۆمسیۆنیش پێویستی بە کاتێکی دیاریکراو هەیە بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پێوەست بە ناوی کاندیدان و لیستە پێشکەشکراوەکان”، بەرپرسەکەی کۆمسیۆن وای گوت.
پێشتر سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٥ی شەباتی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد. پاش ئەوەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری لەسەر نادەستورییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەرکرد و بەو شێوەیەش پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشایەوە و کۆتایی بە تەمەنی درێژکراوەی خولی پێنجەم هات.
دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو، دەبوو دوای چوار ساڵ لە ساڵی ڕابردوودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بەڕێوە بچێت، بەڵام هەڵبژاردنەکە نەکرا و لەبری ئەوە، پەرلەمان بە بڕیارێک تەمەنی خۆی درێژکردەوە، تا ئەوکاتەی لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵییەوە بڕیارەکە بە نادەستوری پێناسە کرا و پەرلەمان هەڵوەشایەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا، ٣ ملیۆن و ٨٥ هەزار و ٤٦١ هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەشدا ملیۆنێک و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ هاووڵاتی دەنگیان دا، کە دەکاتە ڕێژەی ٥٩٪ی دەنگدەران.
لە دوا هەڵبژاردندا، ٢٩ لیست کێبڕکێیان لەسەر بەدەستهێنانی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان کرد و تەنیا ١٦ لیست براوەی هەڵبژاردن بوون، بە لیستی کۆتاکانیشەوە کە کێبڕكێ لەسەر ١١ کورسی دەکەن.