هه‌واڵ

سەرۆکی کلدانەکانی جیهان گەیشتە هەولێر

زێدپرێس

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند، سەرۆکی کلدانەکانی جیھان گەیشتە هەولێر و گوتی: له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌مێنمەوە‌ چونکە‌ ڕێز له‌ پێكهاته‌كان ده‌گرێت.

 

ڕۆژی ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٣، لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان، ڕایگەیاند، عێراق جێدێڵێت و لە یەکێک لە کەنیسەکانی هەرێمی کوردستان دادەنیشێت.

لە نامەیەكی كراوەدا كاردینال لویس ڕوفائیل ساكۆ پاتریاركی کەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان، كە ئاڕاستەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران و گەلی مەسیحی و تەواوی گەلی عێراقی كرد، لە ڕێککەوتی 15ی تەمووزی ٢٠٢٣ بە ژمارە 16 بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت: بەهۆی شاڵاوی كەتائیبی بابلیۆن بۆ سەری، كە تۆمەتباری دەكات بە بەرچاوی حكوومەتەوە و، سەرۆك كۆماریش نووسراوی دانپێدانانی ڕەت دەكاتەوە، “هەر بۆیە بڕیارمدا لە ئەستەنبوولەوە كە ئێستا بەكارێكی كەنیسە لەوێم، ناگەڕێمەوە بارەگای پاتریاكی لە بەغدا، بەڵكو دەگەڕێمەوە بۆ یەكێك لە كەنیسەكانی هەرێمی كوردستان”.

نیگەرانییەکانی سەرۆکی کلدانەکانی جیهان، دوابەدوای کشانەوەی ئەو مەروسومە کۆمارییە هات، کە پێشتر لە سەردەمی سەرۆکایەتی کۆماری مام جەلالەوە بۆی دەرکرا بوو، بەڵام مەرسومەکە لەلایەن سەرۆک کۆماری ئێستای عێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە، بەپاساوی ئەوەی مەرسومەکە هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی نەبووە.

هەرچەند، دوابەدوای کشانەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی، سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ڕای گەیاند، کشانەوەی مەرسوومەکە، زیان بە پێگەی ئاینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە، ئەو پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیھانی پێبەخشراوە.

بەڵام، ئەو ڕوونکردنەوانە، نیگەرانییەکانی سەرۆکی کلدانەکانی جیهانی نەڕەواندەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێ، “کشانەوەی مەرسوومەکە بۆ ڕاستکردنەوەی دۆخی دەستووری بووە و مەرسومی ژمارە (١٤٧)ی ساڵی ٢٠١٣ بەبێ بنەمایەکی دەستوری یان یاسایی بوو”. ئەوەش مانای وایە، ئەو مەرسوومە کۆمارییەی لە ماوەی سەرۆکایەتی مام جەلال دەرکراوە، نادەستووری بووە.

گەورە مەرجەعی کلدانەکان لە عێراق و جیهان، هەر لە نامەکەی ١٥ی تەمووزدا، ئاماژەی بەوە کرد بوو، هێشتا كەس نازانێت چی ڕوودەدات، لەوكاتەی كە ئەو وەك تۆمەتبار بانگهێشتی دادگا كراوە، بەڵام ئەوەی بێڕێزی و سووكایەتی دەكات ئازادە، كە ئاماژەیە بۆ (رەیان كلدانی) سەرۆكی كەتایبەكانی بابلیۆنی سەر بە حەشدی شەعبی.

لویس ساكۆ لەنامەكەیدا، نووسیویەتی، “ئەم بڕیارەم بۆ ئەوەیە تاوەكو سەرۆك كۆماری پارێزەری دەستوور، خواستەكانی بابلیون بەدی بهێنێت، لەوەی مەرسوومی دانپێدانان بۆ ڕەیان كلدانی دەربكات بە بەرپرسیاری ئەوقافی کەنیسە و ئەسوانی برای بە جێگری، سەرمەدی برای بە بەرپرسی دارایی و ویسامی برای بە بەرپرسی پاسەوانەكان ئەگەر ڕازی بێت، چونكە بە پارە و سەرانە وەرگرتن لە هاووڵاتیانی دەشتی نەینەوا و تلكێف بەردەوام سەرمایەکەی قەبە دەبێت. كچە مەسیحییە وەزیرەكەش كە زێنەی خاچ بە جلەكانیەوەیە، بە ئەمینداری گشتی پاتریاركی دابنێن…تد”.

پەیوەندییەكانی ڕەیان كلدانی و کەنیسەی كلدانی ماوەیەكی زۆرە ئاڵۆزی تێكەوتووە. نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر خەڵكی قەرەقۆش و پیاوانی ئاینی ناوچەكە، هێزەكانی ڕەیان كلدانیان لە ناوچەكە دەركرد. هەروەها ڕەیان كلدانی بەهۆی ئەوەی كە لە كۆی پێنج كورسی مەسیحی لە پەرلەمانی عێراق چواریانی بردووە (پێنجەمیان لەلای نوێنەرێكی حزبی شیوعی كوردستانە)، دەیەوێت تەواوی كاروباری مەسیحییەكان بخاتە بەردەستی خۆی و لەوەشیاندا هێزە شیعییە باڵادەستەكان پشتگیری دەكەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...