ههواڵ
پێش جەژن مووچەی مانگی ئازاری سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت
تەواوی تەرخانکراوی مووچەی مانگی ئازار خرایە هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری و پێش جەژن وەردەگرن سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئازار وەردەگرن.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر دواین گوژمەی مووچەی مانگی ئازاز کە بڕەکەی ٣٩٠ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتەکە دەڵێ، “سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دڵنیا دەکەینەوە کە پێش جەژن سەرجەمیان مووچەکانیان وەردەگرن بەپێی ئەو خشتەی مووچەیەی لەلایەن وەزارەتمانەوە ڕاگەیەنراوە”.
هەر ئەمڕۆ یەکشەم، ٧ی نیسانی ٢٠٢٤، بڕی ٤٣٠ ملیار و ١٠٩ ملیۆن دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق وەک بەشێک لە تەمویلی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.