هه‌واڵ

“پیلانێک هەیە بۆ وروژاندنی هاووڵاتیان و شێواندنی وێنەی سەقامگیری عێراق”

زێدپرێس-بەغدا

 

نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ڕای دەگەیەنێت، پیلان و مەبەستێک هەیە بۆ وروژاندنی هاووڵاتییانی عێراقی و دەیانەوێت وێنەی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بشێوێنن.

 

ئەمڕۆ ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٣، نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە پیلانێک کرد بۆ شێواندنی وێنەی ئاسایش و سەقامگیری عێراق.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، لە دەستپێکی ڕاگەیەنراوەکەدا، سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز و بریندارکردنی هەستی موسڵمانان شەرمەزار دەکات و داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا دەکات، واز لە کردەوەکانی دنەدان و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە بهێنن، لە هەر سەرچاوەیەکەوە بێت.

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، داوایش لە هاووڵاتیان و هێزە سیاسییەکان و ناوەندە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، وریا بن و نەکەونە بەر ئەو پیلانە فیتنەگێڕییەی کە لەلایەن کەسایەتییە ڕقاوییەکانی دانیشتووی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە بەکارهێنانی یاساکانیان بۆ جێبەجێکردنی پیلانە گوماناوییەکانیان دژ بە عێراق و عێراقییەکان بەڕێوەی دەبەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، زنجیرە ڕووداوەکان ئاماژە بە هەبوونی مەبەستێک دەکەن، بۆ وروژاندنی عێراقییەکان بە شێوەیەکی تایبەت و پیشاندانی عێراق وەک دەوڵەتێکی نائارام بۆ نوێنەرایەتییە دەرەکییەکان و پاڵنانی چالاکییە دیپلۆماسییەکان و لە ئەنجامدا عێراقییەکانی ناوخۆ و دەرەوە زیانمەند دەبن.

سەرۆک کۆماری عێراق، هەروەها بانگهێشتی هەموو عێراقییەکان دەکات، کە دەرفەت نەدەنە ئەو لایەنگر و پڕوپاگەندەکارانەی لە دەرەوەی وڵات تەنگژە دەنێنەوە و “دەیانەوێت وێنەی عێراقی ئاسایش و سەقامگیر بشێوێنن و زیان بە ناوبانگی نێودەوڵەتی و بێبەشکردنی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە بگەیەنن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...