هه‌واڵ

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە هێواشی بەڕێوە دەچێت

زێدپرێس

 

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، ڕایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە، بۆ باشترکردنی فەرماندەیی، کۆنتڕۆڵ و شەفافیەتی دارایی، بەڵام ئامانجی بنچینەیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بە هێواشی بەڕێوە دەچێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

بەیاننامەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەبارەی کۆبوونەوەی تیمی هەماهەنگیی پێشمەرگە

بە ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کۆبوونەوەی دەوری وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی پێشکەوتن و بەهێزبوونی وەزارەتی پێشمەرگە وەک لە خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ساڵی ٢٠٢٢ی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە بەڕێوەچوو.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دانی بەو پێشکەوتنە بەرچاوانە داناوە، کە لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەستهاتووە، بۆ باشتر کردنی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و شەفافیەتی دارایی، لەگەڵ ئەوەشدا ئامانجی بنچینەیی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەهۆی بارودۆخی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە هێواشی بەڕێوە دەچێت لە ئێستادا.

هاوپەیمانان چاوەڕوانن، کە هەرێمی کوردستانی عێراق ویستی سیاسی نیشان بدات بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکان، پێش پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ساڵانە، کە لەمانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا دەکرێت، بەتایبەت لە دانانی وەزیرێکی کاتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبن لە راوێژکردن و یارمەتیدان و بەهێزکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ دڵنیا بوون لە شکست پێهێنانی تەواوەتی داعش.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...