هه‌واڵ

فەرمانبەرێک لەسەر دۆسیەی شێروان شێروانی سزا درا

زێدپرێس-هەولێر

 

ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی کار، کە لە پڕۆسەی دادبینی لە دۆسیەی شێروان شێروانی وەک گەواهیدەر بەشدار بوو، بە گواستنەوە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەی خۆی، سزا درا.

 

پاڵپشت بە نووسراوی ژمارە ١٨٤٩ی بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم، کە لەلایەن ئیحسان عەبدولڕەحمان سلێمان بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی و لە ڕێککەوتی ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣ ئیمزا کراوە، بڕیار لەسەر گواستنەوەی ڕاژەی ڕێدار عومەر عەزیز لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاکسازی گەوران لە هەولێر، دراوە.

بەپێی ناوەڕۆکی نووسراوەکە، بڕیادراوە بە گواستنەوەی ڕاژەی ڕێدار عومەر بەناونیشانی یاریدەری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێرەوە بۆ سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر/بەڕێوەبەرایەتی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەولێر.

گواستنەوەی ڕاژەی ئەو فەرمانبەرە یاساییە، پاش بەشداریکردن و ئامادەبوونی دێت لە دۆسیەی دادبینی شێروان شێروانی، کە بە هۆیەوە شێروانی چوار ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرایەوە.

پێشتر، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم، بێ ئاگایی خۆی لە ئامادەبوونی ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتەکەی لە دۆسیەی دادبینی شێروان شێروانی ڕاگەیاند و لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییشدا باسی لەوە کرد، کە ئەو نازانێت ئەو یاساییەی ئەوان چۆن چووە بۆ دادبینییەکە و نە خۆی و نە بەڕێوەبەری گشتی ئاگای لێ نییە.

بەگوتەی وەزیری کار، بەهۆی گواستنەوەی ڕاژەکەیەوە، فەرمانبەرەکە چیتر ناتوانێت بۆ چاکسازیی بگەڕێتەوە و لە هیچ دانیشتنێکی دادگاشدا ئامادە بێت، جگە لەوەی گواستنەوەکە کاریگەری لەسەر مووچە و دەرماڵەکەی دادەنێت.

دوابەدوای بڕیاری دادگەی کەتنی هەولێر لە دۆسیەی شێروان شێروانی، لە ٢٣ی تەمووزی ٢٠٢٣، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم، ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ دۆسیەی شێروانی بڵاو کردەوە و بێئاگایی خۆی و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی گەورانی هەولێری لە دادگاییکردنی شێروان شێروانی ڕاگەیاند.

کوێستان محەمەد، لە ڕوونکردنەوەکەیدا، باس لەوە دەکات، ئەوان وەک وەزارەتی کار و بەڕێوەبەری گشتی چاکسازی گەوران، هیچ سکاڵایەکیان لە دژی شێروانی نەبووە، بەڵکوو داواکاری گشتی سکاڵای لە دژ تۆمار کردووە، بە تۆمەتی ئەوەی پەنجەمۆری بەناوی هاوڕێکانی دیکەی لە گیراوانی بادینان کردووە و هەر خودی وەزیری کاریش گەواهی لەسەر بابەتی پەنجەمۆرەکە دەدات.

وەزیری کار هەر لە ڕوونکردنەوەکەدا باس لە بەشداری فەرمانبەرە یاساییەکەی وەزارەتی کار لە دادبینی شێروانیدا دەکات و ئەو بەشدارییەش بە “هەڵە”یەک لێکدەداتەوە. ئەو دەڵێ “هه‌ڵه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ یاسایییه‌ک ئاماده‌ی دانیشتنه‌که‌ بووه‌، به‌بێ ئاگاداری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی چاکسازی و وه‌زاره‌ت و دژ به‌ شێروان شێروانی قسه‌ی کردووه‌”.

وێڕای ڕوونکردنەوەکەی وەزیری کار، بەڵام لەلایەن ژمارەیەک لە زیندانیانی بادینان و بەشدارانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، ڕەخنەی لێگیراوە، بەو ئاڕاستەیەی لە دۆسیەی شێروانیدا کەمتەرخەم و یان یارمەتیدەر بووە لە سزادانەکە.

 

 

Zed Press news 76 Doc c

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...