هه‌واڵ

کەسێکی ئێرانی بە ٣٠ کارتی بانکی پڕ لە پارەوە دەستگیر کرا

زێدپرێس

 

فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق دەستگیرکردنی کەسێکی ئێرانی بە ٣٠ کارتی بانکی پڕ لە پارەوە ڕادەگەیەنێت و دەڵێ، مەبەستی قاچاخچێتی دراو بووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق ڕایگەیاند، گەشتیارێکیان لە دەروازەی سنوری زڕباتییە دەستگیرکردووە، کە ٣٠ کارتی بانکی پڕ لە پارەی پێ بووە و مەبەستی قاچاخچێتی دراو بووە.

خاڵی سنوری زڕباتییە دەکەوێتە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.

هەرچەند، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق، وڵاتنامەی دەستگیرکراوەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام بەوردبوونەوە لە وێنەی پاسپۆرتەکەی کە لەگەڵ کارتە بانکییە دەستبەسەرداگیراوەکاندا خراوەتەڕوو، دەستگیرکراوەکە هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستگیرکراوەکە و کارتە بانکییە دەستبەسەرداگیراوەکان ڕادەستی لایەنی پەیوەندیدارکراون.

ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، دەستگیرکردنی دوو قاچاخچی دراوی لە هەمان خاڵی سنوری ڕاگەیاند، کە ٣٤٠ کارتی بانکی پڕ لە پارەیان پێ بوو.

پێشتریش لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق، ڕایگەیاند، قاچاخچییەکی دراویان لە فڕۆکەخانەی بەسڕە دەستگیرکردووە، کە ٦٢ کارتی بانکی جیاجیای پێ بووە و بۆ مەبەستی قاچاخ هەوڵی بردنەدەرەوەی پارەکەی داوە.

بە قاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ دەرەوە، بەتایبەت بۆ ئێران و ئەو گرووپانەی لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستی تیرۆر یان لە ژێر گەمارۆی ئەمریکادان، لە مامەڵەی دۆلاردا، هەڵوێستی ئەمریکای بەرانبەر بە عێراق توند کردووە و بەهۆی گوشارەکانی ئەمریکایشەوە لەسەر عێراق، بەهای دیناری عێراقی لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی زۆر دابەزیوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...