هه‌واڵ

پرسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی لە دوو بەڵگەنامەی نهێنی بەریتانیا

زێدپرێس

 

بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەکی تایبەت، تا کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠، لەناو خودی ئیدارەی بەریتانیا، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بابەتێک بووە، کە گفتوگۆی لەسەر کراوە.

 

بەڵگەنامەی یەکەم لە کۆتایی سێپتێمبەری ١٩٧٤، باس لە بەڵێنی بەریتانیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات و لە بەڵگەنامەی دووەمیشدا، کە مێژووەکەی بۆ ١٥ی نۆڤێمبەری ١٩٧٤ دەگەڕێتەوە، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەریتانیا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بۆ کورد ئاماژە بۆ دەکات و پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی کە بەرهەڵستی تورکیا لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەی نامومکین کردووە.

 

دەقی بەڵگەنامەکان لەلایەن (د. هیوا مەجید خەلیل)ەوە، بۆ کوردی وەرگێڕدراون و بە زێدپرێس دراون.

 

بەڵگەنامەی یەکەم


 

نهێنی

٢٦ی سێپتەمبەر ١٩٧٤

[مستر بۆرتن  (Mr Burten) MEDبەشی رۆژهەڵاتی ناوڕاست]

بەڵێنی حکوومەتی خاوەنشکۆ بۆ کوردەکان (Pledge by HMG to the Kurds)

  • مستر ویلیامس (Mr Williams) داوای لە من کردووە، کە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بەڵێنە بکەم، کە دەگوترێت حکوومەتی خاوەنشکۆ لە سەردەمی مەندێتدا بە کوردەکانی داوە. ئێمە لەو بڕوایەدا بووین، کە دەکرێت تەنیا ئاماژە بە ڕێککەوتنامەی سیڤەر بکەین، بەڵام دواتر بە سەیرکردنی پەرتووکی “کورد، تورک و عەرەبەکان”، کە لەلایەن س. ج. ئەدمۆندس (C J Edmonds) نووسراوە، بە بڕوای من باشترە کە بڕوانینە ئەم ڕاگەیاندنەی (announcement) خوارەوە، کە لە دیسەمبەری ١٩٢٢دا دەرکراوە:

”حکوومەتی خاوەنشکۆی بەریتانیا و حکوومەتی عێراق دان بە مافی گەلی کورد دادەنێن، کە لە چوارچێوەی سنورەکانی عێراقدا دەژین، کە حکوومەتێکی کوردی لە چوارچێوەی ئەم سنورە دابمەزرێنن و هیوادارین کە لایەنە جیاجیاکانی کورد، لە زووترین کاتدا لە ناوخۆیاندا لەسەر فۆڕمی حکوومەتەکەیان و سنوری ئەم حکوومەتە بە ڕێککەوتنێک بگەن؛ هەروەها شاندێکی بەرپرسیار [لەم کارەدا] سەردانی بەغدا دەکات، تا لەسەر پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئەم حکوومەتە، لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی خاوەنشکۆی بەریتانیا، گفتوگۆ بکەن”.

  • من سبەی ئێرە بەجێدێڵم و لە کاتی گەڕانەوەمدا زۆرتر لەسەر پێشینەی ئەم بابەتە کار دەکەم، بەڵام وادیارە لەو کاتەدا ڕکابەرێتی نێوان خێڵە کوردییەکان و کێشەنانەوەی تورکیا، دامەزراندنی [حکوومەتێکی] خۆبەڕێوەبەری بۆ کوردستان ئەستەم کردووە. لەوانەیە ئێوە زانیاری زۆرتر لەسەر کێشەی کورد لە یادداشتنامەی (memorandum) ساڵی ١٩٤٦، کە من بۆ مستەر ویلیامس ناردوومە، بدۆزنەوە.

C J S Rundle
بەشی توێژینەوە
١٧ی سێپتەمبەری ١٩٧٤
MINORITIES IN THE MIDDLE EAST
Kurdish Communities
1918-1974
VOLUME 4: 1968-1974
Edited by
B. DESTANI
ARCHIVE EDITIONS
2006

 

 

 

بەڵگەنامەی دووەم


 

نهێنی

مستر بۆرتن  (Mr Burton)، بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست

بەڵێنی حکوومەتی خاوەنشکۆ بە کوردەکان ١٩١٩-١٩٣٢

( HMS’s Pledges to the Kurds, 1919-1932)

١. من بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئیستعماری عێراق، دۆسێکانی نووسینگەی تۆماری گشتی، [پەرتووکی] کوردەکان، تورکەکان و عەرەبەکان لە نووسینی ئێدمۆندز و هەروەها بەپێی یاداشتنامەی لێکۆڵینەوەیی (Research Memorandum)  ساڵی ١٩٤٦، هەندێ سەرنج لەباری [بەڵینی حکوومەتی خاوەنشکۆ بە کوردەکان] دەخەمەڕوو.

٢.  بەبڕوای من هۆکاری سەرەکی ڕەتکردنەوەی ئەوەی کە ئێمە لەمبارەوە قەرزداری کوردەکانین بریتین لە:

ئە: بەرهەڵستی تورکیا لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ، دامەزراندنی ئەم دەوڵەتەی نامومکین کرد.

ب: حکوومەتی خاوەنشکۆ لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە ڕاگەیێندراوی ساڵی ١٩٢٢دا، دانی ناوە بە مافی کوردەکانی عێراق لە بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی، بەڵام یەک نەبوونی کوردەکان و بێ یاسایی [کۆمەڵگای کوردستان] و پیلانی حکوومەتی تورکیا وایکرد، کە لکاندنی کوردستان بە عێراقەوە تەنیا سیاسەتێکی واقعبینانە بێت. زۆرینەی کوردەکانی [عێراق] بە بەشداریکردن لە ئەنجوومەنی دامەزرێنەرانی (constituent assembly)ی عێراق لە ساڵی ١٩٣٢ بەرەو سەرەوە، لەگەڵ ئەم سیاسەتە هاوڕا بوون.

س: بەلانیکەمەوە لە ڕووی تیورییەوە، مافەکانی گەلی کورد بەپێی مەرجەکانی کۆمەڵەی گەلان لە ساڵی ١٩٢٥ و بەپێی بەیاننامەی حکوومەتی عێراق کە لە کاتی سەربەخۆیی [و دەرچوونن لە مەندێتی بەریتانیا] لە ساڵی ١٩٣٢دا ڕایگەیاند، گەرەنتیکراوە.

  • هەر بۆیەش مرۆڤ لەوە تێدەگات کە بۆچی کوردەکان دەڵێن کە لە ڕووی ئەخلاقییەوە ئێمە قەرزداری ئەوانین، چونکە سیاسەتی ئێمە لەسەردەمی مەندێتدا لە چارەسەرکردنی کێشەی کوردەکان شکستی هێنا. بەڵام ئەم تۆمەتبارکردنە، دەکرێت لەلایەن گەلی گشت ئەو هەرێمانەوە ئاراستەمان بکرێت، کە لە کاتی خۆیدا لە ژێر بەڕیوەبەرایەتی ئێمەدا بوون.

C J S Rundle
بەشی توێژینەوە
١٥ی نۆڤەمبەری ١٩٧٤
MINORITIES IN THE MIDDLE EAST
Kurdish Communities
1918-1974
VOLUME 4: 1968-1974
Edited by
B. DESTANI
ARCHIVE EDITIONS
2006

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...