هه‌واڵ

مەسعوود بارزانی: بیری شۆڤینی و نەمانی کورد لە ڕەفتار و خەیاڵدانی هەندێک کەس و لایەندا هەیە

زێدپرێس

 

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی کوردستان لە خەیاڵدان و ڕەفتاری ھەندێ کەس و لایەندا دەبینین.

 

ئەو گوتانەی مەسعوود بارزانی، لەمیانەی پەیامێکدا هات، کە ئەمڕۆ دووشەم ٣١٧ تەمووزی ٢٠٢٣، بەبۆنەی چل ساڵەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بڵاوی کردەوە.

بارزانی لە سەرەتای پەیامەکەیدا، بەبیری دێنێتەوە، کە “چل ساڵ لەمەوبەر ڕژێمی بەعس لە هەڵمەتێکی ناڕەوا و بێویژدانانەدا هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانیی، هەر لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا نەوەد ساڵی، دەستبەسەر کرد و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە لە بیابانەکانی باشووری عێراق کۆمەڵکوژی کردن”.

زیاتر ڕوونی دەکاتەوە “ئەو تاوانە بەشێک بوو لەو زنجیرە کارەسات و قوربانیدانانەی بەشێوەیەکی ڕێکخستوو بە مەبەستی لەناوبردن و تواندنەوە بەسەر ڕۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە، هەر لە بێسەروشوێنکردنی دوازدە هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفالی گەرمیان و کیمیابارانکردنى هەڵەبجە و ناوچەکانی تری کوردستان بگرە هەتا تەعریب و ڕاگواستن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان”.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێ “بەداخەوە، لەکاتێکدا چل ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا تێدەپەڕێت، هێشتاش بیری شۆڤینی و نیەتی نەمان و ئازاردانی گەلی کوردستان لە خەیاڵدان و ڕەفتاری ھەندێ کەس و لایەندا دەبینین، ئەوەش خۆی لەخۆیدا گرفتی سەرەکیی گەلەکەمان بووە لەگەڵ ئەو عەقڵیەتە نامرۆڤانەیە، کە سەرچاوەی نەهامەتی و ناسەقامگیرییە بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە”.

بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پێزانینی خۆی بۆ گەلی کوردستان و بەتایبەت بۆ جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەردەبڕێت، کە “لە ڕۆژگارە سەختەکاندا کوردانە و مەردانە هاوسۆزی بارزانییەکان بوونە و یارمەتییان داون”. هەروەها “سوپاسی کەسوکاری ئەنفال و بە تایبەتی ئەو دایک و ئافرەتە بارزانیانە دەکەم کە ساڵانێکی دوورودرێژ ئازاری لەدەستدانی ئازیزانیان تەحەمول کردووە و بوونە نموونەی باڵای خۆڕاگری و ڕەوشتبەرزی و کوردپەروەری”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...