هه‌واڵ

لیوای ٢٠ی پێشمەرگە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکات

زێدپرێس

 

بەهۆی ئەوەی نزیکەی دوو ساڵ دەبێت نەخراونەتەوە سەر مەشق و مووچەیان پێنەدراوە، ئەندامانی لیوای ٢٠ی پێشمەرگە هەڕەشەی خۆپیشاندان و مانگرتن لەبەردەم وەزارەتی پێشمەرگەدا دەکەن.

 

ئەمڕۆ دووشەم ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، سەرچاوەیەک لە لیوای ٢٠ی هاوبەش، بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، پاش نزیکەی دوو ساڵ چاوەڕوانی بۆ دەستبەکاربوون و خەرجکردنی مووچەکانیان، هاوکات جێبەجێنەکردنی هیچ بەڵێن و بڕیارێک لەوبارەیەوە، بڕیاریانداوە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، دەست بەخۆپیشاندان و مانگرتن لەبەردەم بارەگای وەزارەتی پێشمەرگە بکەن.

لیوای ٢٠ی هاوبەش، پێش چەند ساڵێک لە گەنجانی ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکان بەتایبەت لە کەرکووک، خانەقین و مووسڵ پێکهات. ئەندامانی لیوایەکە، بەڕێگەی ڕێکخراوە حزبییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناونووس کران.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیوایەکە لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەگوازرێتەوە و ئەرکەکەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە دەبێت لە ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکاندا و لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە.

هەرچەند، نزیکەی دوو ساڵ، بەسەر پێکهێنانی لیوایەکە و دەرکردنی فەرمانی گواستنەوەی لیوایەکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا، ئەندامانی لیوایەکە، تەنانەت مووچەی یەک مانگیشیان وەرنەگرتووە.

لە ٢١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە فەرمانی دیوانی ژمارە ٨٩، بڕیاری لەسەر گواستنەوەی لیوایەکە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق دەرکرد و هاوکات وەزارەتی بەرگری و دارایی ڕاسپارد بە دیاریکردنی پلەی ئەندامانی لیوایەکە و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان، پلە و ناونیشانی سەربازانی لیوایەکە بەسترا، بەڵام مووچەکانیان پێنەدرا.

“کاتێک ئێمە خۆمان ناونووس کرد بۆ لیوایەکە، وازمان لە هەر ئیش و کارێکمان هێنا، چەند ساڵە بێکار و بەبێ داهات هێشتراوینەتەوە، ئەوە دادپەروەری نییە”، ئەندامێکی لیوا هاوبەشەکە وای گوت.

زیاتر گوتی “سەرکردایەتی کورد و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، دەبوو هەر لەپێناو کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکاندا، بەجددی مشوری ئێمەمان بخواردبا، لەکاتێکیشدا بۆشایی زۆری ئەمنی لە ناوچەکەدا هەیە، جگە لەوەیش گەنجانی خەڵکی ناوچەکە ئامادەن بەرگری لە ناوچەکەیان بکەن، لەکاتێکدا زۆر لە هێزەکانی دی ئەو ئامادەییان نەبوو لەو ناوچەیە بن”.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی بەرگری عێراق، بە ژمارە ٥١٥٠٠ کە لە ڕێککەوتی ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، بە ئیمزای جومعە عناد وەزیری بەرگری دەرکراوە و ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، ئاماژە بە مووچەی ئەندامانی لیوای ٢٠ کراوە و تیایدا هاتووە، بڕی پێنج ملیار و ٩٤٧ ملیۆن و ٤٠٦ هەزار و ٦٥٠ دینار بۆ مووچەی هەر مانگێکی سەربازانی لیوایەکە پێویستە و لەو ڕوانگەیەوە داوای دابینکردنی شایستە داراییەکانی لیوایەکە دەکات.

لێژنەیەک بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق، لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، بۆ چارەسەرکردنی بابەتی لیوای ٢٠ی پێشمەرگە پێکهاتووە، لیژنەکە چەند ڕاسپاردەیەکی دەرکردووە، لەناویاندا داواکردن لە وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی مووچەکانی ئەندامانی لیوای ٢٠ و هەروەها داواکردن لە نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە لە وەزارەتی بەرگری عێراق.

بەدرێژایی هەموو ئەو ماوەیە، وەک یەکێک لە سەربازانی لیوای ٢٠ بۆ زێدپرێس گوتی، “تەنیا دەستی دەستیمان پێکراوە، بەڵێنیان پێداوین کە ڕەوانەی مەشقمان بکەن و مووچەکانمان خەرج بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەکراوە”.

زیاتر دەڵێ “سەرەتا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی هێزە هاوبەشەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، دەیانگوت هەر دوای پێکهێنانی حکوومەت دەخرێنە مەشقەوە و مووچەکانتان خەرج دەکرێت، بەڵام ئەوە نەبوو، دواجار و لەماوەی ڕابردوودا، گوتیان لەگەڵ پەسندکردنی بودجەی عێراق دەستبەکاردەبن و مووچەکانتان خەرج دەکرێت، بەڵام هێشتا هیچ بەرنامەیەکی کرداری دیار نییە”.

پاش پەسندکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی لیوای ٢٠، لە یاسای بودجەدا و نزیکەی دوو ساڵ لە چاوەڕوانی، خەریکە ئەندامانی لیوا هاوبەشەکە نائومێد و نیگەرانتر دەکات. لەو ڕوانگەیەوە بڕیاریانداوە لە هەفتەی داهاتوودا دەست بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بکەن.

وەک یەکێک لە ئەندامانی لیواکە، بۆ زێدپرێس گوتی، “لەکاتێکدا تەنانەت ١٠٧ هەزار لەو سەربازانەی لەکاتی شەڕی داعش هەڵاتن و بەرگریان نەکرد، هەموویان گێڕدرانەوە، ئێمەیش هێشتا لە چاوەڕوانیداین، بەشێکیشی بۆ کەمتەرخی بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، کە بەتەنگ بابەتەکەوە نەبوون”.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق، کە ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٥ دەگرێتەوە، لیوای ٢٠ی هاوبەش بە سێ هەزار و ٧٧٧ ئەندام جێگیر کراوە و بڕی ٦٥ ملیار و ٨٤٥ ملیۆن دیناریش وەک شایستەی دارایی لیوایەکە تەرخانکراوە، بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

لیوای ٢٠ی پێشمەرگە، کە لە گواستنەوەی بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ لیوای ٢ی هاوبەش گۆڕدراوە، بەدیاریکراوی لە سێ هەزار و ٥٩٩ سەرباز و ١٧٨ ئەفسەر پێکدێت.

پێشتر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، هەردوو لیوا هاوبەشەکەی بڕیاری پێکهێنانیان دراوە، لە بودجەی عێراق و لە خشتەی وەزارەتی بەرگری، بەشیان بۆ دیاریکراوە، “هەرچەندە هەندێک لایەنى سیاسى ویستیان دەستکارى بکەن و دەیانگوت دەبێت لە پشکى هەرێمى کوردستان بێت، بەڵام ئەوانە پێشتر لە مانگى ئۆکتۆبەرى ٢٠٢٢وەوە، هەموو ڕێکارەکانیان بۆ سەر وەزارەتى بەرگرى عێراق تەواو بوو، تەنیا چاوەڕێى پشکى دارایى بوون”.

شاخەوان عەبدوڵا، باسی لەوە کرد “ئێستا ئەوەى ماوەتەوە وەزارەتى بەرگرى فەرمانیان بۆ دەربکات و بیانخاتە مەشقەوە یان دابەشى ئەو ناوچانەیان بکات کە بۆیان دانراوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...