هه‌واڵ

لە سنووری باڵەکایەتی بۆمبێکی مەترسیدار لەناوبردرا

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر، لەناوبردنی بۆمبێکی فڕۆکەی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران ڕادەگەیەنێت، کە لە باخچەی ماڵێکدا دۆزرابووەوە.

 

ئەمڕۆ دووشەم ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر ڕای گەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن هاووڵاتیان سەبارەت بە دەرکەوتنی بۆمبێکی فڕۆکە لە ناحیەی حاجی ئۆمەران سەر قەزای چۆمان، بە فەرمانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی چالاکییەکان بۆ چارەسەرکردنی بۆمبەکە ڕاسپێدراوە.

بۆمبەکە لەکاتی هەڵکەندنی زەوی لە ناو باخچەی هاووڵاتییەکدا دەرکەوتووە.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، دوای گەیشتنی تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە، دەرکەوتووە، بۆمبەکە لە جۆری ناپاڵمی سووتێنەر (ZAB100)ە و زۆر مەترسیدارە.

باسی لەوەش کردووە، “دوای هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری ڕێکاری سەلامەت، بڕیاردرا بۆمبەکە بگوازرێتەوە چاڵی تەقاندنەوە لە چیای بەردەبووک سەر بە ناحیەی گەڵاڵە و دەستبەجێ بۆمبەکە لە پڕۆسەیەکی سەرکەوتوودا لەناوبردرا”.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین، چەندین جارە ئەم جۆرە بۆمبانە لە جۆری جیاواز و قەبارەی جیاواز دەدۆزرێنەوە.

هەر لە هەمانکاتیشدا، پێنج تەقەمەنی جەنگی دی، لەهەمان شوێن دۆزراونەتەوە و گواستراونەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...