هه‌واڵ

ئاسایشی هەولێر داوای هەماهەنگی لە هاووڵاتیان دەکات

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسی ماددە هۆشبەرەکان، هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش بکەن لەحاڵەتی هەبوونی هەر زانیارییەک یان گومانلێکراوێک پەیوەندی بە ئاسایشەوە بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، پەیامێکی لەبارەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر بڵاوکردەوە و ڕای گەیاند، “بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر یەكێكە لە مەترسیدارترین دیاردەكانی ئەم سەردەمە لەنێو كۆمەڵگەكاندا، كە بەداخەوە وێڕای ئەوەی لە ئاستی جۆراوجۆردا هەوڵی ڕێگەلێگرتنی دەدرێت، هێشتا دیاردەكە بە شێوەی جیاواز لەنێو خەڵكیدا بوونی هەیە.”

ئاسایشی هەولێر، ڕوونی دەکاتەوە، ماددەی هۆشبەر جگە لەو زیانە ماددی و تەندروستییە گەورەیەی كە بە ئاڵوودەبووان و بەكارهێنەرانی دەگەیەنێت، هاوكات كۆمەڵگەش قوربانیی سەرەكیی دەستی ئەم دیاردەیەیە و بەهۆیەوە لێكترازان و هەڵوەشانەوەی خێزان و تێكچوونی شیرازەی ژیانی كۆمەڵگەی لێ دەكەوێتەوە.

لەو ڕوانگەیەوە، باس لەوە دەکات، کە “ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە لە هیچ شوێنێكی دنیادا تەنیا لە ئەستۆی حكوومەت و دامودەزگا ئەمنییەكاندا نییە، بەڵكوو پێویستی بەوە هەیە تەواوی خێزانەكان شان بە شانی حكوومەت ئەركی خۆیان لە هۆشیاركردنەوەی ڕۆڵەكانیان لە مەترسیی ئەو دیاردەیە و چۆنیەتیی دووركەوتنەوە لێی بەجێ بگەیەنن”.

ئاسایشی هەولێر زیاتر دەڵێ، بەهۆی ئەوەی زۆرتر ماددە هۆشبەرەكان لەنێو ژوورەكان و لە دووری چاوی خەڵك بڵاو دەبێتەوە، بۆیە لەسەر تەواوی ئەندامانی خێزانەكان پێویستە، هەر كاتێك هەستیان بە بوونی حاڵەتێكی گوماناوی چ لە نێو خودی خێزانەكەیان و چ لە دەرەوەی خێزانەكەیان كرد، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵەكانی ئاسایش یان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە بكەن تاوەكوو ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر و كەسی گومانلێكراو ئەگەر بەكارهێنەر بێت یان بازرگان، لەپێناو ڕێگەگرتن لەم دیاردە مەترسیدارە، ڕێكاری یاسایی بەرانبەر بگیرێتە بەر.

پێشتر، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای ئابی ساڵی ڕابردووەوە تا سەرەتای ئابی ئەمساڵ، نۆ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دانە حەبی کەپتاگۆن، کە بە یەکێک لە ماددە هۆشبەرە مەترسیدارەکان دادەنرێت، دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لە چەندین بڕی دیکەی گەورە لە جۆرە جیاجیاکانی ماددە هۆشبەرەکان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...