هه‌واڵ

مەسرور بارزانی: دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گازدا دەستوور بە بنەما بگیرێت

زێدپرێس

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستوور تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز بە بنەما بگیرێن و پڕۆژە یاساکەیش بە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

لە  کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەی بوو، ئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق، کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا، هاتووە “وێڕای جەختکردنەوەمان لەوەی دەبێت لە گەڵاڵەکردنی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ، ماددەکانی دەستووری عێراق تایبەت بە کەرتی نەوت و گاز بکرێنە بنەما و هەروەک لە دەستووریشدا بە ڕوونی هاتووە، ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێت بە ڕەزامەندی حکوومەتی فیدڕاڵیی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و ڕەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت، وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە “پێویستە ڕێز لەو ڕێککەوتننانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون”.

ئاماژە بەوەیش دەکات، “ئەنجومەنی وەزیرانیش جەختی لە بایەخی هەبوونی یاسای نەوت و گاز لەسەر ئاستی عێراق کردەوە، بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی ڕێکخستنی ئەم کەرتە و سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە”.

هەر بەگوێرەی ئەو ڕاگەیەنراوەی پێوەست بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوی کردووەتەوە، لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان)ی خستووەتەڕوو کە لە بەر ڕۆشنایی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠١١ ئامادەکراوە و ئامانج لێی، دەستبەکاربوونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی دی خەرجبکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت  و کورتەباڵایان لە ڕێگای فەراهەمکردنی چاودێریی و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و فێرکاری.

بە گوێرەی پەیڕەوەکە، ئەنجوومەنێکیش بۆ بەڕێوەبردنی سندوقەکە پێکدێت کە نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵایان لە خۆدەگرێت و ئەوانیش هاوتای لایەنە حکوومیيەکان بڕیاردەر دەبن لە بەڕێوەبردنی سندوقەکە.

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەند کردووە و وەزارەتی کار  و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕاسپێدراوە، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، ڕێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...