هه‌واڵ

ئافرەتێک بەتۆمەتی بردنی پارەی هاوسەرەکەی و هەوڵدان بۆ چوونە دەرەوەی کوردستان دەستگیر کرا

زێدپرێس

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ، دەستگیرکردنی ئافرەتێک و دوو تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت، کە بڕی ٢٤٧ وەرەقەی هاوژینەکەی بردووە و بە قاچاغچییەکی داوە، بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم ١٤ی ئابی ٢٠٢٣، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئاکرێ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاند.

گوتەبێژەکە، ئاشکرای کرد، کەسیک لە بنکەی پۆلیسی سیپە لە ناوەندی ئاکرێ، سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی تۆمەتبار کردووە، بە هۆکاری ئەوەی هاوژینەکەی بەبێ پرس و ڕەزامەندی ئەو، لە ماڵ دەرچووە و بڕی ٢٤٧ وەرەقەیشی لە هاوژینەکەی بردووە.

تۆمەتبارەکە ئافرەتێکی تەمەن ٢٨ ساڵە، بەناوی (ڕ. ک. ئە) و دانیشتووی گوندی خەلانی سەر بە شارەدێی گردەسێن، پاش کۆکردنەوەی زانیاری، لە ڕێککەوتی ٩ی ئابی ٢٠٢٣ لە هۆتێلێکی هەولێر دەستەبەسەر کراوە.

باسی لەوەش کرد، لە ڕۆژی دواتردا(١٠ی ئابی ٢٠٢٣)، تۆمەتبارێک بەناوی (ع. ش، ئە) تەمەن ٢٤ ساڵ، دانیشتووی شارەدێی ڕزگاری سەر بە کەلەک، لە بەرانبەر بڕێک پارە، کە لە تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکەی وەرگرتووە، بەشداری لە تاوانەکەدا کردووە.

وەک ڕوونی کردەوە، پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ١١ی ئابی ٢٠٢٣، تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە بەناوی (ئە، س، خ) دەستبەسەر کرا، کە تەمەنی ٢٦ ساڵە و دانیشتووی قەزای خەباتە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسدا دەرکەوتووە، پاش ئەوەی ئافرەتەکە ٢٤٧ وەرەقەی هاوژینەکەی بردووە، دەرکەوتووە، کە ڕێککەوتنێکی پێشوەختە لە نێوان ئافرەتەکە و تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە هەبووە، کە لە بەرانبەر ئەو بڕە پارەیەدا، بەڕێگەی قاچاغ ئافرەتەکە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان ببات.

بەپێی فەرمانی دادوەر هەر سێ تۆمەتبار ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...