هه‌واڵ

ڕوونکردنەوە لەسەر کۆنسێرتەکەی دیلان تاتڵیساس دەدات

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، نائاگایی خۆیان لەبارەی ئاهەنگەکەی دیلان تاتڵیساس لە شاری دهۆک ڕادەگەیەنێت و دەڵێت، دەسەڵاتی سانسۆرکردنی ئاهەنگێکی لەو شێوەیەیان نییە.

حەسەن فەتاح گوتەبێژی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەی کۆسێرتەکەی دیلان تاتڵیساس کچی گۆرانیبێژ ئیبراهیم تاتڵیساس، ڕای گەیاند، ئەوان وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک هیچ پەیوەندییەکیان بە کۆنسێرتەکەی ناوبراوەوە نییە، بەڵکوو کۆنسێرتەکە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ساز کراوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، باس لەوە دەکات، وەک هەر خەڵکێکی دیکە زانیویانە کۆنسێرتەکە لە خواردنگەیەکی شارەکە ساز دەکرێت، بەڵام وەک ئامادەکاری و هەماهەنگی، پەیوەندییەکیان بەو کارەوە نەبووە.

ڕوونکردنەوەکەی حەسەن فەتاح پاش سازکردنی کۆنسێرتێکی میوزیک و گۆرانی دێت، کە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە شاری دهۆک ساز کرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا زۆر کەس نیگەرانیان لە سازکردنی کۆنسێرتەکە ڕاگەیاند، زیاتر بەهۆی هەڵوێستەکانی ئیبراهیم تاتڵیساس لە پشتیوانی ئەردۆغان و بەتایبەت لەسەر وەختی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە و هاوکات سازکردنی کۆنسێرتەکەیش لەکاتێکدایە، کە سوپای تورکیاوە بەپاساوی لێدان لە پەکەکە، بەڕێگەی درۆنەوە، هێرشەکانی لە هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە و لە دوو هەفتەی ڕابردوویشدا، چەند هاووڵاتی مەدەنی لە هێرشە درۆنییەکانی تورکیا لە دهۆک و سلێمانی گیانیان لە دەستداوە.

لەپاڵ ئەوانەی ناڕەزایەتییان دەربڕی، ژمارەیەکی زۆریش لە کۆنسێرتەکەدا بەشداربوون، میدیاکان ئاماژەیان بە فرۆشتنی سێ تا چوار هەزار بلیتی ئامادەبوون لە کۆنسێرتەکە کردووە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک، هەر لە هەمان ڕوونکردنەوەدا دەڵێ “ئێمە دەسەڵاتی سانسۆرکردنمان لەسەر کەرتی تایبەت نییە، ئەگەر هەستن بە سازکردنی لایف میوزیک یان ئاهەنگێکی هونەری بۆ مەبەستی بازرگانی”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...