هه‌واڵ

وەزارەتی تەندروستی چوار دەرمانخانە و کۆگایەکی دەرمان دادەخات

زێدپرێس

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی، داخستنی چوار دەرمانخانە و کۆگایەکی دەرمان ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی (KMCA) سەر بە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە درێژەی پشکنین و بەسەرکردنەوەکانی تیمی چاودێری بازاڕی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان و قامقامیەتی قەزای شەقڵاوە پشکنینیان بۆ چەند دەرمانخانەیەک کردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکەیان، لە ئەنجامی پشکنینەکەدا، چوار دەرمانخانە و کۆگایەکی دەرمان بە هۆکاری سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان داخران و ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی کراونەتەوە.

ڕۆژی ١٦ی ئاب، لێژنەی چاودێریکردنی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێم و تیمی قامقامیەتی قەزای شەقڵاوە هەڵمەتێکی پشکنینیان لە نۆڕینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی لە شارەکە بەڕێوەبرد. تیمەکە، ئاماژەی بەوە کردبوو، بە هۆکاری سەرپێچیکردن لە کاری پیشەییانەی خۆیان و مامەڵەکردن بە دەرمان لە بەشێک لە نۆڕینگەکان دەست بەسەر بڕێکی زۆری دەرماندا گیرا، کە “دوور لە چاودێری و ڕێنماییەکانی پزیشکی دەرمانساز و بەبێ ڕاچێتەی پزیشکی پسپۆڕ بۆ هاووڵاتیان بەکاردەهێنرا، ئەوەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانە و بە یاسا قەدەغە کراوە”.

لە ٩ی ئابی ئەمساڵیشدا، بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، داخستنی چوار کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان و دەرمانخانەیەکی لە شاری هەولێر ڕاگەیاند؛ کۆمپانیاکان سەرپێچییان لە ڕێنماییەکان و دەرمانخانەکەیش مامەڵەی بە دەرمانی قاچاغ و بێ سەرچاوە کردبوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...