ئابووری
ئاراستەکان

دزییەکەی بەغدا: ئەنجامدەرانی گەورەترین دزیی بانکی لە مێژوودا کێ بوون؟

تاوانکاران بە ڕۆژی ڕووناک ٢.٥ ملیار دۆلاریان لە گەورەترین بانکی حکوومی عێراقدا دزی

نیکڵاس پێڵام بەدوایاندا دەگەڕێت

 

لە ئینگلیزییەوە: شکۆ شێرکۆ

 

لە ڕۆژێکی گەرمی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لێکۆڵەرێک بە شڵەژاوی گەیشتە بەردەم دەرگای ماڵەکەی لە ناوەڕاستی بەغدا. حوسێن کەنبار ئاغا ڕاهاتبوو بەردەوام سەیرێکی کۆڵانەکەی بکات بەر لەوەی دەرگاکەی بکاتەوە. لە دەستێکی، کلیلی دەرگاکە، لە دەستەکەی دیکەشدا بە توندی جانتایەکی چەرمی قاوەیی بەدەستەوە گرتبوو. ئەگەرێک هەبوو لەسەر ئەو شتانەی لەناو جانتاکەدا هەبوون بکوژرێت.

حوسێن ڕانەهاتبوو وەک ڕۆڵگێڕی فیلمێکی هەواڵگری ڕەفتار بکات. ڕاوێژکارە ٤٩ ساڵییەکە، کە خوولیایەکی تایبەتی بۆ بانکی دیجیتاڵی هەبوو، لەدایکبووی عێراق بوو، بەڵام زۆربەی تەمەنی پێگەیشتوویی لە ستۆکهۆڵم بەسەر بردبوو. لەوێ، ژیانێکی ئارام و ڕێکی هەبوو؛ کاری دەکرد، سەرقاڵی یاری ئاسن و خواردنەوەی قاوە بوو. تاوەکوو هاوینی ساڵی ڕابردوو، کاتێک وەزیری دارایی عێراق داوای گەڕانەوە بۆ بەغدا و لێکۆڵینەوەی لە دەنگۆکانی دزییەکی بانکی ڕافیدەین، کە گەورەترین بانکی حکوومی عێراقە، لێ کرد.

هەژمارێکی تایبەتی بانکەکە ئامانجێکی جێ-سەرنج بوو. کۆمپانیاکانی نەوت (هەروەها کۆمپانیاکانی دیکەی کارکردوو لە عێراق) ناچارن لەپێشدا باج بدەن کاتێک گرێبەستی کارێک ئەنجام دەدەن. بەڕێوەبەرایەتیی باج ئەو بڕە پارانەی لە هەژماری ٦٠٠٣٢ کۆدەکردەوە. بەگوێرەی یاسای عێراقی، کۆمپانیاکان دەتوانن داوای وەرگرتنەوەی باجەکان بکەن ئەگەر قازانجیان لە بڕی پێشبینیکراو کەمتر بوو، بەڵام پڕۆسە بیرۆکراسییەکان سەر بە کێشە و درێژخایەنن، بۆیە کۆمپانیاکان ڕەنگە دەستبەرداری ئەو پارانە ببن. پارە وەرنەگیراوەکان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەمێننەوە و دواتریش بۆ گەنجینەی وڵات دەنێردرێن. بە تێپەڕبوونی کات، سەدان ملیۆن دۆلار لە هەژماری ژمارە ٦٠٠٣٢ کۆبوویەوە و لەوێ مانەوە. تاوەکوو لە ناوەڕاستی ٢٠٢٢ دەنگۆی ڕاکێشانی بڕی زۆر لەو پارەیە سەری هەڵدا.

وەزیری دارایی ئەوسا دەیتوانی داوای لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە نیودەرزەن دەستەکانی لێکۆڵینەوەی وڵاتەکە بکات. بەڵام لە عێراقدا گرووپی میلیشیایی بەهێز هەن، هەر یەکەیان خاوەنی باڵی سیاسی و سەرمایەی خۆیانن. ئەوان بەیەکەوە بە لایەنەکان ناسراون، هەروەها دەسەڵاتی زۆریان بەسەر گشت ڕەهەندەکانی حکوومەتدا هەن. بەرتیلیش لەناویاندا دیاردەیەکی باوە. ئەوانەی ناکڕدرێن هەڕەشەیان لێ دەکرێت (“دەستبەجێ عێراق بەجێ دەهێڵیت” ئەوە بە بەرپرسێکی حکوومی گوترابوو کاتێک ڕەتی کردبوویەوە داواکاری لایەنێک جێبەجێ بکات). بۆیە، لێکۆڵەرێکی بێلایەن پێویست بوو.

 

پارێزەرەکان و ژمێریارەکان بە حوسێنیان گوت نایانەوێت لە لێکۆڵینەوەکە بەردەوام بن. لە دەرئەنجامەکان دەترسان.

 

حوسێن هەڵبژاردەیەکی نایاب بوو بۆ لێکۆڵینەوەکە. لە خێزانێکی بازرگانی کۆنی بەغدا بوو، لە ساڵی ١٩٩٢ لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا عێراقی جێهێشتبوو، دوای ئەوەی جارێک چەتەکانی سەدام حوسێن لە خاڵێکی چاودێریدا دەستبەسەریان کردبوو. کۆچی کرد بۆ سوید، لەوێش ماستەری لە خوێندنگەی ئابووریی ستۆکهۆڵم بەدەست هێنا و لە بانکێکی سویدی دەستی بە کارکردن کرد. بەرەو بوون بە بازرگانێکی ئەورووپی دەڕۆیشت تاوەکوو ئەمریکا کۆتایی بە ڕژێمی عێراق هێنا لە ساڵی ٢٠٠٣.

وەک زۆربەی عێراقیانی تاراوگە، حوسێن بە جۆشوخرۆشەوە لە بیرۆکەی ژیان لە عێراقێکی ئازادی دەڕوانی. بۆیە، وازی لە کارەکەی هێنا و گەڕایەوە بۆ بەغدا بۆ دانانی سیستەمێکی پارەدان لەڕێی مۆبایلەوە. بەڵام لە پێنج ساڵی داهاتوودا شارەکە نوقمی توندوتیژییە ناوچەیییەکان بوو. گەیشتبووە قۆناغێک، ڕۆژانە ٤٠ جەستە لەسەر شەقامەکان دەکەوتن. لە کۆتاییدا، حوسێن وازی هێنا و گەڕایەوە سوید.

لە ٢٠٢١ دووبارە گەڕایەوە بۆ عێراق بۆ کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی چاکسازیی بانکی لە لایەن ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID). کاتێک لەوێ بوو، دەنگۆی ئەوەی بیست، کە هەژمارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی باج لە ڕافیدەین خەریکە تاڵان دەکرێت. کاتێک وەزیری دارایی لە ئابی ٢٠٢٢ داوای لێکۆڵینەوەی لێ کرد، حوسێن ئەو کاتە لە ستۆکهۆڵم بوو، بە تامەزرۆییەوە لە بیرۆکەکەی نەدەڕوانی، بەڵام بە ئەرکی خۆی دەزانی کارەکە بە گونجاوی ئەنجام بدات. هەروەها، بە مەراقیشەوە دەیگوت، “ئەگەر تۆش بیت ناتەوێت وەڵامی زیاترت لەسەر دزییەکی هێندە گەورە دەست بکەوێت؟”

حوسێن داوای بەنهێنی-ئامادەکردنی دەستەیەکی ژمێریاران و پارێزەرانی متمانەپێکراوی لە وەزیری دارایی کرد، خۆشی گەڕایەوە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵیان دەست بەکار بێت. کاتێک یەکیان بینی، بە دەستەکەی گوت ڕاستەوخۆ بچنە ڕافیدەین و لەڕێی نووسراوێکی وەزیرەوە داوای کۆپییەکانی چالاکییە بانکییەکانی هەژماری ٦٠٠٣٢ بکەن. ئەو چاک ئاگاداری ئەوە بوو لە عێراقدا کاتێک لێکۆڵێنەوەکان دەست پێ دەکەن، زۆر جار لە بەشەکانی هەڵگرتنی تۆمار ئاگر دەکەوێتەوە.

ڕۆژی دواتر، دەستەکە لە ژوورێکی کۆنفڕانسی وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە تۆمارەکانی هەژمارەکە. یەکێک لە ژمێریارەکان زوو تێبینی دوو گرنگترین زانیاری کرد، کە بریتیبوون لە باڵانسی هەژمارەکە لە سەرەتای ساڵ و باڵانسی لەو ساتەدا. هەژماری ٦٠٠٣٢ بەنزیکەیی بەتاڵ کرابوو.

دەستەکە پەیوەندییان بەو کارمەندانەی ڕافیدەین کرد کە دەیانناسین. بە چەند کاتژمێرێک، سەرچاوەکانیان ناوی پێنج کۆمپانیایان پێدان، کە پارەکانیان بۆ گوازرابوویەوە. هیچ کامیان کۆمپانیایەکی گەورەی نەوت نەبوون. لە ڕاستیدا، کەس پێشتر ناوی ئەو کۆمپانیایانەی نەبیستبوو.

لەم ساتەدا، پارێزەرەکان و ژمێریارەکان بە حوسێنیان گوت نایانەوێت لە لێکۆڵینەوەکە بەردەوام بن. لە تاڵانکارییەکی زەبەلاح دەچوو، ئەوەش مانای ئەوە بوو بە ئەگەری زۆر یەکێک لە گرووپە دەسەڵاتدارەکانی عێراق بەشدارە. ئەگەر حوسێن ویستی بەردەوامبوونی هەبێت، ئەوا دەبێت بە تەنیا بیکات.

سەرەتا دەبوو دزییەکە بسەلمێنێت. بەڕێوەبەرایەتیی باج، بەناو قوربانی تاوانەکە، ڕەتی کردەوە شتێکی نەگونجاو ڕوویدابێت. پەڕاوی باڵانسەکان وایان پیشان دەدا گشت پارەکە لەوێ مابێت، چونکە تەکنیکییانە هیچ بڕە پارەیەک نەدراوەتەوە بە کۆمپانیاکان. حوسێن دەبوو بیدۆزێتەوە چۆن و لەبەرچی پارەکە چووەتەناو هەژمارەکانی پێنج کۆمپانیاکە.

دواتر حوسێن پێی گوتم، دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق شوێنی شاراوەن. تۆمارەکان ناتەواون؛ زۆربەی بەرپرسان خاوەنی ئەجێندای خۆیانن. سەرەڕای ئەوە، هێشتا هەندێک کەس هەن تەنیا دەیانەوێت کارەکانی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن. حوسێن پێی وابوو دەتوانێت ئەو کەسانە لەڕێی جلەکانیانەوە بناسێتەوە، ئەگەر جلی بە باقوبریقیان نەپۆشیبوو ئەوا ڕەنگە کەسانی شایستە و ئیشکەر بن. حوسێن نە خەڵات نە هەڕەشەی بەدەستەوە نەبوو، تەنیا پێی وابوو هەندێک خەڵک بە سادەیی دەیانەوێت کارە ڕاستەکە ئەنجام بدەن.

 

“هەرچۆنێک بێت هەڕەشە لە ژیانت دەکرێت، بۆیە وا باشترە گەندەڵ بیت و پارە بەدەست بهێنیت”

 

بۆ ئەوەی جێی سەرنج نەبێت، حوسێن لە قاوەخانە و چێشتخانە لەبری ئۆفیسەکان چاوی بە بەڕێوەبەرە ناوەندییەکان دەکەوت. نزیکەی هەفتەیەک دوای دەستپێکی لێکۆڵینەوەکەی، یەکێک لە سەرچاوەکانی نامەیەکی بۆ حوسێن نارد، تێیدا گوتبووی، کە شتێکی سەرنجڕاکێشی پێگەیشتووە. لە وەزارەتی دارایی، جانتایە قاوەیییەکە چاوەڕێی ئەوی دەکرد.

حوسێن کاتێک گەیشتەوە ماڵ، جانتاکەی کردەوە. کۆپیی ٢٤٧ چەکی بانکی دەرکراو لە هەژماری ٦٠٠٣٢ و نێردراو بۆ پێنج کۆمپانیاکە کەوتنە سەر مێز و ئەرزەکە. چەندین کاتژمێر بە کاتبەندیکردنیانەوە سەرقاڵ بوو، ڕێککەوتی یەکەمیان ئەیلوولی ٢٠٢١ بوو، کۆتا دانەش ئابی ٢٠٢٢. تۆمارەکان بەڵگەی کۆنکرێتیی ساختەکاری نەبوون (هەرچەندە بڕەکان زۆربەی کات ژمارەی تەواو بوون، ئەوەش گوماناوی بوو)، بەڵام بێگومان پیشانیان دەدا پارە نادیارەکان بەرەو کوێ ڕەوانە کراون. نزیکەی ٢.٥ ملیار دۆلار، بڕە پارەیەکی نزیک لە بودجەی تەندروستی وڵاتەکە، گوێزرابوویەوە. دواتر، دەرکەوت بە ڕۆژی ڕووناک لەڕێی بارهەڵگرەوە هەڵگیراون. مۆڵەتی ڕاکێشانی پارەکانیش لە لایەن هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی عێراقەوە دراوە.

 

 

عێراقی ئێستا وەک شوێنێکی ئامادەکراوە بۆ وێنەگرتنی فیلمی وڵاتێکی دیموکراسی. دیمەنەکان گونجاون -کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کۆمیتەیەکی ئیتیکی پەرلەمانی- بەڵام بە توندی بەیەکەوە نەبەستراونەتەوە. لە ڕاستیدا، بەرپرسێکی پێشوو پێی گوتم، وڵاتەکە “ئەرزی چەتەکانە.” ئەو دامەزراوانەی بەرپرسن لە چاودێریکردن و لێپێچینەوە زۆر جار بە مەبەستی هەڕەشەکردن لە خەڵک بەکار دەهێنرێن. بەرپرسان پارەی بزربووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ٢٠٠٣ تاوەکوو ئێستا بە زیاد لە ٣٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنن.

هۆکارێکی بەرزیی ئاستی گەندەڵی، سیستەمی هاوبەشی دەسەڵاتە، کە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ هێنرایە کایەوە. پلانەکە، کە خەونی دوورخراوەکان بوو، کاتێک سەدام حوسێن هێشتا لە دەسەڵاتدا بوو، ژێرخانی وڵاتەکەی بەسەر ئەو حزبانە دابەش کرد، کە بانگەشەی نوێنەرایەتی یەکێک لە ڕێبازە ئاینییەکان یان گرووپێکی ئیتنیکییان دەکرد. کاتێک سەدام لەکارخرا، ئەو گرووپانە داهاتی وڵاتەکەیان بە مەبەستی کڕینی پاڵپشتی، تاڵان کرد. سەرکردەکانی حزب، کە زۆربەیان بە میلیشیاکانەوە گرێدرابوون، لەناو خۆیاندا وەزارەتەکانیان لەڕێی مامەڵەی ڕژد بەش کرد.

لە ٢٠١٥ بێزاریی خەڵک لە گەندەڵییەکان تەقییەوە و زنجیرەیەک خۆپیشاندانی بەدوای خۆیدا هێنا. هەزاران کەس لە بەغدا ڕژانە سەر شەقامەکان لە دژی “دزەکان”ی دەسەڵات. سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، حەیدەر عەبادی، بڕیاریدا سەرۆکی وەزارەتەکان بە تێکنۆکڕاتەکان پڕ بکاتەوە بە مەبەستی هێورکردنەوەی خۆپیشاندەران. بەڵام لایەنەکان نیازی چۆڵکردنی دەسەڵاتیان نەبوو؛ لەبری ئەوە، پێگەیان بۆ شوێنکەوتووانی خۆیان لە بەشە حکوومییەکان دەدۆزییەوە، ئەوانیش بەرتیلیان دەدا بە وەزیرەکان یان هەڕەشەیان لێ دەکردن. لەم دۆخانەدا، قازانجێکی زۆر کەم هەیە خەڵک بە ڕاشکاوی بمێنێتەوە. “هەرچۆنێک بێت هەڕەشە لە ژیانت دەکرێت، بۆیە وا باشترە گەندەڵ بیت و پارە بەدەست بهێنیت،” سوها نەجاڕ ڕوونی کردەوە، بۆ لایەنێکی حکوومەت کاری دەکرد، تاوەکوو هەڕەشەکان ناچاریان کرد لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو وڵات بەجێبهێڵێت. “بۆیە هەمووان گەندەڵن.”

بە نووسراو، عێراق وڵاتێكی دەوڵەمەندە. یەکێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەکانی نەوتە لە جیهان، زیاتر لە ١١٥ ملیار دۆلاری لە هەناردەی ساڵی ڕابردوو بەدەست هێناوە. بەڵام زۆر کەم لەم داهاتە دەگاتە دەست خەڵکی ئاسایی. لە یەکێک لە سووچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی باج شەقامێکی هەژارنشین هەیە، کە خێزانی هەشت کەسی لە ژوورێکدا جێی خۆیان کردووەتەوە. کاتێک باران دەبارێت، کۆڵانە پڕ لە زبڵ و خاشاکەکان نوقمی پیسایی مەزراکان دەبن. کاتێک گەرمایە، تیشکی خۆر بەر بنمیچە ئاسنینەکان دەکەوێت و ماڵەکان بۆ تەندوور دەگۆڕێت. نەخۆشخانەکان هێندە کەم بایەخیان پێ دەدرێت، کە چەند جارێک ئاگریان گرتووە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، عێراق لە ڕێژەی مردنی منداڵ بە پلەی دووەم دێت.

بژاردەیەک لە بەرپرسە سیاسییەکان لە جیهانێکی جیاواز دەژین. جارێکیان سەردانی بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی باجم کرد، کەلوپەلەکانی ستایلی لویسی چواردەیەمی ماڵەکەی ڕەنگی زێڕیان لێ دەتکا، دەسکی بەشێک لە کورسییەکان، کاتژمێرە ستوونییەکان و ئاگردانەکەی بە چینێکی زێڕ ڕەنگکرابوون، ڕایەخەکان هێندەی خووری مەڕ ئەستوور بوون.

 

دوو دەسەڵاتی بەهێز -ئێران و ئەمریکا- چاویان لەسەر عێراقە، جەنگێکی هاوسەنگییان بۆ زیادکردنی دەسەڵاتیان دەست پێ کردووە

 

دەوڵەمەندبوون تاکە پاڵنەری سیاسەت نییە. ئایدیۆلۆجیا هێشتا کاریگەری ماوە. دوو دەسەڵاتی بەهێز -ئێران و ئەمریکا- چاویان لەسەر عێراقە، جەنگێکی هاوسەنگییان بۆ زیادکردنی دەسەڵاتیان دەست پێ کردووە. مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی حوسێن دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد، لە بەرەی ڕۆژئاوا بوو، لە بەریتانیا دەژیا و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) هەبوو، کاتێک سەردەستەی هەواڵگریی عێراق بوو. وەک زۆربەی هاوپێگەکانی خۆی، ئەویش یەکێک بوو لە خانەدانە کۆزمۆپۆلیتانییەکانی عێراق و خاوەن موڵک بوو لە لەندەن. هاوپەیمانی فەتح، هاوپەیمانییەکی حزب و میلیشیاکانی دڵسۆزی ئێران، لە دژی ئەو دەوەستایەوە. نوێنەرانی بەرەی ئێران، زۆر جار نیشانەکانی پارەی تازەهاتوویان پێوە دیار بوو؛ جلی بریقەدار و قۆڵۆنیای بەهێز. ماڵی دووەمیشیان لە ئێران بوو.

گرژی لە نێوان دوو بەرەکە چەندین مانگ بوو ڕوو لە زیادبوون بوو، کاتێک دەنگۆی دزییەکە کەوتە بەر گوێیان. هەندێک جار ئەو گرژییە دەگۆڕا بۆ توندوتیژی. کازمی لە سێ هەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بوو، کە یەکێک لەوانە هێرشێکی درۆنی خۆتەقێن بوو بۆ سەر ماڵەکەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢١. سوها نەجاڕ گوتی، پەرلەمانتارانی بەرەی ئێرانی “دەهاتن بۆ ئۆفیسەکەم و بە ئاشکرا لە بەردەم کارمەندەکانم بە زیندان و مەرگ هەڕەشەیان لێ دەکردم.”

ئیحسان عەبدولجەبار، ئەو وەزیرەی دارایی کە داوای لێکۆڵینەوەی لە حوسێن کرد، بە هەمان شێوە یەکێک بوو لە ئەندامانی بەرە ڕۆژئاوایییەکەی کازمی. ڕەنگە ئامانجی ئیحسان لە یەکلاییکردنەوەی کەیسی بانکی ڕافیدەین بەتەواوی خزمەتکردنی کۆمەڵگە نەبووبێت، بەڵکوو هەوڵدان بۆ لێدانی بەرەی بەرانبەر بووبێت. لە هاوینی ٢٠٢٢، هاوپەیمانێتییە پەرلەمانییەکەی پشت کازمی لێک هەڵدەوەشایەوە، ئەوەش مانای ئەوە بوو هاوپەیمانێتی فەتح دەسەڵاتی دانانی سەرۆک وەزیرانێکی نوێی هەبوو. ئۆفیسی باج لە لایەن فەتحەوە بەڕێوە دەبرا و گەندەڵییەکی لەم شێوەیە دەکرا زیانیان لێ بدات، هیوای دەرچوون بۆ کازمی و وەزیرەکانی بگەڕێنێتەوە.

ئیحسان بە گۆڤاری ١٨٤٣ی ڕاگەیاند، پاڵنەری ئەو ئاشکراکردنی تاوانەکان و دەرخستنی ڕاستییەکان بوو. هاندەرەکانی هەر شتانێک بووبن، داوای لە حوسێن دەکرد بە خێرایی کار بکات، ڕۆژانە چەندین جار پەیوەندی پێوە دەکرد بۆ ئەوەی بزانێت بە کوێ گەیشتووە. لە ناوەڕاستی ئەیلوول، کاتێک حوسێن جانتاکەی پێگەیشت، دۆخی ئیحسان لەژێر مەترسیدا بوو، چونکە فەتح بەرنامەڕێژی دەنگدانێکی دەکرد بۆ سەندنەوەی متمانە لێی. حوسێن نەک هەر دەبوو بەر لەو وادەیە ڕاپۆرتەکەی بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵکوو دەبوو بەڵگەی دۆکیۆمێنتکراوی پێویست ئامادە بکات تاوەکوو پارتیزانە عێراقییە هەرە سەرسەختەکانیش توانای پشتگوێخستنی تۆمەتەکانیان نەبێت.

“لە ورد و درشتی ئەم ڕاپۆرتە دەکۆڵنەوە،” ئیحسان ئەوەی بە حوسێن گوتبوو، ئاگاداری کردبوویەوە تەنیا هەڵەیەک، ئەگەر بچووکیش بێت، دەکرێت تەواوی لێکۆڵینەوەکە لەکەدار بکات. حوسێن هەوڵی دەدا خۆی بۆ قسەی ڕەخنەگران ئامادە بکات. بەپەلە لەژێر ناوی ئیحسان نامەی بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکانی نەوت لە عێراق نارد -کە زیاد لە ٣٠ دانە دەبوون- تێیدا پرسیاری وەرگرتنەوەی باجی لە ساڵی ڕابردووەوە لێ کردبوون. وەڵامی هەموویان نەخێر بوو. دەستی بە لێکۆڵینەوە لە مێژووی هەریەک لە پێنج کۆمپانیاکە کرد، کە چەکە بانکییەکانیان پێگەیشتبوو، بۆ ئەوەی بزانێت هیچ چالاکییەکیان ئەنجامداوە کە ڕەوایەتی وەرگرتنی ملیاران دۆلاری باجیان پێ بدا. هیچ چالاکییەکی لەم شێوەیە بوونی نەبوو، سێ دانەیان ڕێک بەر لە دەستپێکی دزییەکە تۆمار کرابوون.

حوسێن تاوەکوو ١٠ی تشرینی یەکەم بە ئەنجام نەگەیشتبوو، ئێوارەی ڕۆژی پێش دەنگدانی متمانە لێسەندنەوەکە. بۆ ئەوەی ڕاپۆرتەکە سەنگێکی سیاسی هەبێت، دەبوو بە فەرمی لەژێر ناوی بەرپرسێکی حکوومی پەیوەندیدار پێشکەشی وەزارەتی دارایی بکرێت. کێ هەیە بتوانێت ڕاپۆرتەکەی بخوێنێتەوە، لە دەرئەنجامەکانی بگات و ڕازیبێت بە واژۆکردنی، هەمووی لە کەمتر لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوو؟ حوسێن بڕیاریدا بچێت بۆ ماڵی عەبدولسەتار هاشم مەولا، بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتیی باج کە لە منداڵییەوە دەیناسی.

حوسێن بە فلاشێکەوە گەیشتە ماڵی عەبدولسەتار، کە ڕاپۆرتەکەی تێدا هەڵگیرابوو. چاپکەرەکەی عەبدولسەتار بە باشی کاری نەدەکرد، هەردووکیان بە نامۆیییەوە لە چاوەڕوانی چاپکردنی پەڕەکاندا لەژێر ڕەفەیەکی پڕ لە نووسراوی ئاینی شیعی وەستابوون. دوای تەواوبوونیان، عەبدولسەتار هەموویانی خوێندەوە و دوای وچانێکی درێژ واژۆی کردن.

 

ئەگەر هەموو دراوە دزراوەکان لەسەر یەک دانرابان، لە چیای کلیمانجەڕۆ (٥٨٩٥ مەتر) بەرزتر دەبوون

 

بەیانی دواتر، چەند کاتژمێرێک بەر لە دەنگدانی متمانە لێسەندنەوەکە، ڕاپۆرتەکە بەدەست گوتەبێژی پەرلەمان، کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ و کازمی گەیشت. “ئەم پێنج کۆمپانیایە هیچ باجێکیان نەداوە و دەسەڵاتی ڕۆڵبینینی هیچ لایەنێکی سێیەمیان نییە بۆ ڕاکێشانەوەی باجی دراو،” وای لەسەر نووسرابوو. “ڕاکێشانی پارەکان ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەک ڕەوایەتی پێ بدرێت.” ناوی خاوەنی پێنج کۆمپانیاکە هاتبوو، دووانیان لەژێر ناوی نور زوهێر تۆمار کرابوون.

عێراقییەکان لەگەڵ گەندەڵی ڕاهاتبوون، بەڵام گەورەیی و بێباکییەکەی ئەم دزییەیان ئەوانیشی سەرسام کرد. بە ڕۆژ و شەو، کەناڵە هەواڵییەکانی عێراق لە باسی ئەم دزییە دابوون، بە “دزیی سەدە”یان ناوزەد دەکرد.

هەرچۆنێک بێت، ئیحسان دەنگدانەکەی دۆڕاند. حوسێنیش گەشتێکی بە هێڵی فڕۆکەوانی قەتەڕ ئەیروەیس بۆ ستۆکهۆڵم پێشپارێز کرد. هەستی بە گرژی دەکرد، کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا نزیک دەبوویەوە، چونکە دەیزانی بریکارانی هاوپەیمان لەگەڵ فەتح دەسەڵاتیان بەسەر ئاسایشی فڕۆکەخانە هەیە. چی ئەگەر ئاگاداری ڕۆڵی ئەو بوونایە لە لێکۆڵینەوەکان و دەستگیری بکەن؟ لە کۆتاییدا بێکێشە بە بەشی پشکنینی پاسپۆرتدا تێپەڕی و لەو وڵاتە هاتە دەرەوە کە ڕاپۆرتەکەی پڕی کرد لە ئاژاوە.

 

 

نور زوهێر ٤١ ساڵ بوو کاتێک دەستگیر کرا، بەڵام گەنجتر دەردەکەوت. کاتێک وێنەکەی لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوبوویەوە، گوێم لێبوو عێراقییەکان بە پابلۆ ئیسکۆباریان دەچوواند. بەدڵنیایییەوە لێکچوونێک لە نێوان ئەو و پاشای ماددەی هۆشبەرە کۆڵۆمبییەکەدا هەبوو، هەردووکیان قەڵەو بوون، ڕوومەتیان نەتراشرابوو، چاوەکانیان کەوتبوون و بەفیز و لەخۆباییبوونەوە ڕەفتاریان دەکرد. ڕاپۆرتەکەی حوسێن ناوی دوو بازرگانی دیکەی دەهێنا وەک وەرگری پارەی بەڕێوەبەرایەتیی باج. بەڵام نور تاکە کەس بوو خەڵک باسی دەکرد. (کاتێک گۆڤاری ١٨٤٣ چاوپێککەوتنی لەگەڵ نور ئەنجامدا و داوای لێدوانی لەسەر تۆمەتەکانی ناو ئەم وتارە لێ کرد، گوتی ئەو هاووڵاتییەکی پابەند بە یاسایە، هەروەها بەتوندی گشت تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە، گوتیشی هەرگیز هیچ تاوانێکی ئەنجام نەداوە).

نور لە بەسڕە لەدایک بووە، پارێزگایەکی باشووری عێراق، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی شیعەن، هەروەها بەشێکی زۆر لە نەوتی عێراق لەوێ بەرهەم دەهێنرێت و هەناردە دەکرێت. کەسێکی ئەکادیمی عێراقی، نوری بە کەسێکی هەلپەرست وەسف کرد، کەسێک کە پەیوەندی لەگەڵ کەسە ڕاستەکان دروست دەکات بۆ ئەوەی گواستنەوەی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان ئاسانتر بکات. لە خاڵێکدا، دەچێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی ئەم کارامەیییانە لەسەر ئاستی نەتەوەیی بەکار بهێنێت.

نور دەیزانی چۆن بەخێرایی هاوڕێ دروست بکات. یەکێک لەو سیاسەتمەندارانەی کە دیاری لە لایەن نورەوە پێشکەش کرابوو، گوتی پەیوەندییەکانی بە کاتژمێرێکی ڕۆڵێکس دەستی پێ دەکرد (ئەو دیارییەکەی ڕەت کردبوویەوە). سیاسییەکە لە هاوپیشەکانی لە پەرلەمان گوێی لێ بووبوو، کە کاردانەوەی ئەرێنیی بۆ دیارییەکەی، سەردانی ناوەندگیرێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت بە کۆڵێک پارەوە. دواتریش ئەم دیارییانە داواکاری واژۆکردنی چاوپێککەوتن و گرێبەستیان بەدوادا دێت.

لە کاریگەریی نور تێنەگەیشتبووم، تاوەکوو چەند مانگێک دوای ئاشکرابوونی گەندەڵییەکە، کاتێک سەردانی ئۆفیسی بەڕێوەبەرایەتیی باجم کرد. شوێنێکی بێ ئامانج بوو، ئەرزەکەی بە لەزگەیەکی قاوەیی داپۆشرابوو، چوارچێوەی پەنجەرەکانیش تۆزیان لەسەر نیشتبوو. فەرمانبەرێک ڕێگەکەی بۆ ئۆفیسی بەڕێوەبەری گشتی لە نهۆمی پێنجەم پیشان دام. بەڕێوەبەرەکە گوتی نور هەفتانە چەندین جار سەردانی دەکردین. سەرچاوەیەکی دیکە گوتی نور ئۆتۆمبێلەکەی ڕاستەوخۆ لە بەردەم دەرگای پێشەوە ڕادەگرت، ئیمتیازێکی تایبەت بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باج بە تەنیا، بە تەزبیحێکی دەنک زێڕەوە دەهاتە ژوورەوە و دوو پاسەوانەکەشی لە بەشی پێشوازی بەجێ دەهێشت.

دەرکردنی چەکی بانکی بە بڕە پارەی زۆر لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی باج بەلانی کەم پێویستی بە واژۆی ١٢ بەرپرسی جیاواز هەبوو. پڕۆسەکە زۆربەی جار بە هەفتەی دەخایاند، بەڵام نور بە ماوەیەکی زۆر کەم کارەکانی ڕادەپەڕاند. بەگوێرەی دوو فەرمانبەری ئەوێ بێت، نور خۆی مەرایی دەکرد، بەرتیلی دەدا یان هەڕەشەی لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی باج دەکرد تاوەکوو کارەکانیان خێراتر ئەنجام بدەن.

بەربەستی دی هەبوون دەبوو مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. دەستەی باڵای چاودێری، جەستەیەکی چاودێری بەوردە بوو، بەگوێرەی ستانداردە عێراقییەکان، دەبوو مۆڵەت بدات بەر لە دەرکردنی چەکە بانکییە زەبەلاحەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی باج. لە هاوینی ٢٠٢١، بەرپرسێکی باڵا داوای کرد چیتر ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆی دەستەی باڵای چاودێریدا نەمێنێت. بە گوتەی شارەزایەکی ئابووریی عێراق، ئەمە وای کرد بەڕێوەبەرایەتیی باج ببێتە “شارێکی یاریکردنی منداڵان بەبێ بوونی هیچ مامۆستایەک.”

 

لەلای بەرپرسە عێراقییەکان دەنگۆی چوونی پارەکە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن بڵاوبووبوویەوە

 

ئێستاش دەکرێت دزییەکە بە چووستی دەست پێ بکات. کاتێک داواکاری بەرز دەکرایەوە بۆ وەرگرتنی چەکێکی بانکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی قازانج، پیاوە ژێردەستەکانی نور پەڕاوەکانیان دەبردە نهۆمی پێنجەم بۆ لای بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باج، بۆ ئەوەی واژۆی بکات. لە نهۆمی ئەرزی، لقێکی بانکی ڕافیدەین هەبوو، کە تێیدا کاشێرەکان چەکەکانیان دەردەکرد. زۆربەی ئەو چەکانەش ڕاستەوخۆ لە لقێکی گەورەتری بانکەکە، چەند کیلۆمەترێک دوورتر، دەکرانە پارە.

لە ماوەی ساڵێک، نور بانکێکی حکوومی ناکارای کردە مۆدێلێکی چووست. بەرپرسێکی بانکی حکوومی پێی گوتم بانکی ڕافیدەین لە ڕۆژێکی ئاساییدا نزیکەی ٢ ملیار دیناری عێراقی کار پێ دەکرد، بەڵام لە ماوەی تاڵانکارییەکە، ئەو بڕە بۆ ٤٠ ملیار دیناری عێراقی بەرزبووبوویەوە. “لە ٢٤ کاتژمێردا، چەکی دەیان ملیۆن دیناری دەردەکران، بۆ ڕۆژی دواتریش بڕە پارەکان بە کاش بەردەست دەبوون،” بە گوتەی ژمێریارێک کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باج کار دەکات.

ڕاکێشانی ٢.٥ ملیار دۆلار لە کەمتر لە ساڵێک هەر خۆی ئاڵنگارییەکی لۆجستیکییە لە هەر وڵاتێکی دیکە، بگرە نزیکە مەحاڵە ئەگەر بە بەهاترین دراوی وڵاتەکە، ٥٠ هەزار دیناری عێراقی، هاوتای نزیکەی ٣٥ دۆلار بێت. ئەگەر هەموو دراوە دزراوەکان لەسەر یەک دانرابان، لە چیای کلیمانجەڕۆ (٥٨٩٥ مەتر) بەرزتر دەبوون. بارهەڵگر دەبوو بەکاربهێنرێت بۆ گواستنەوەی پارە دزراوەکە.

هاموشۆیەکە ئەوەندە ڕوون بوو، بەڕێوەبەری کۆمپانیایەک، کە گوایە کۆنتڕۆڵی گواستنەوەی دراوی بەدەست بووە، لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ نامەیەکی بۆ ڕافیدەین نووسیوە و تێیدا خەمی خۆی لە زیانەکانی پڕۆسەکە دەربڕیوە. وا دیارە سەرەڕای ئەوەش کەس بارهەڵگرەکانی نەوەستاندووە.

ڕوون نییە دواتر چی بەسەر پارەکەدا هات. وا دەردەکەوێت هەندێکی لەناو عێراقدا خەرج کرابێت. هەندێک سیاسی و بەرپرس پێیان گوتووم پێیان وایە نور زوهێر کۆمەڵێک موڵکی لە ناوچەی دەوڵەمەندنشینی مەنسوڕ کڕیوە، کە دەکاتە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی. بەڵام بەگوێرەی بەرپرسانی ئاسایشی پێشوو بێت، زۆرینەی پارەکە کراوە بە دۆلار و بردراوە بۆ هەندەران.

بردنەدەرەوەی جانتای پڕ لە پارە لەڕێی فڕۆکەخانەی بەغدا دەبوو سەخت بێت. زۆربەی سەرنشینان دەگەنە ناوەوەی فڕۆکەکان تەنیا دوای ئەنجامدانی پێنج پشکنینی تیشکی، دوو گەڕان لەڕێی سەگی ئاسایش و گەڕانێکی تەواوی جەستە. بەڵام دوو ڕێگەی تێپەڕبوونیش هەن بە کەمترین سەرئێشەوە، هەواڵگرێکی عێراقی پێی گوتم. یەکێکیان لەڕێی شوێنی چاوەڕوانی تایبەت بە ئاژانسی هەواڵگرییە. پێچەوانەی ژوورە پیسەکانی حەسانەوەی گەشتیارانی ئاسایی، کە لە سەردەمی سەدام حوسێنەوە دروستکراون، کاشییەکانی ئەم ژووری چاوەڕوانییە سپی و پاک و خاوێنن، دیوارەکانیش بە نیگاری عێراقی ڕازێنراون. لیمۆزینی مێرسەیدیز لە دەرەوە چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی سەرنشینە ڤی ئای پییەکانیان بە فڕۆکە تایبەتییەکانیان بگەیەنن. دووەم ڕێگەش لەڕێی دەروازەیەکی داخراوە، کە زۆربەی جار باری قورسی لێوە تێپەڕ دەکرێت.

نور هەردوو ڕێگەکەی بەکارهێناوە، بەگوێرەی بەرپرسێکی دەستەی هەواڵگری. ئاسایشی فڕۆکەخانە بەرەو ژووری چاوەڕوانی ئاژانسی هەواڵگری ئاڕاستەیان دەکرد و لەوێش چاوەڕێی فڕۆکە تایبەتییەکەی دەکرد. (ڤان)یش لە دەروازەکەوە بەرەو فڕۆکەکەی دەهاتن. هەواڵگرەکە گوتی، جارێکیان بینی ڕووناکییەکانی سەر ڕێگاکە کوژانەوە، کاتێک ٨ بارهەڵگر بۆ لای فڕۆکەکە هاتن. نزیکەی دە خولەک دواتر ڕووناکییەکان هەڵکرانەوە، دوای ئەوەی بارەکان داگیرابوون و گوێزرابوونەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پەرلەمانی، نور لە ٢٠٢١ و ٢٠٢٢ زیاتر لە ٢٠ گەشتی ئەنجام داوە. لەلای بەرپرسە عێراقییەکان دەنگۆی چوونی پارەکە بۆ عەمانی پایتەختی ئوردن بڵاوبووبوویەوە.

ئەفسەرێکی پێشووی دەستەی هەواڵگری پێی گوتم، کاتێک نور دەنگۆی لێکۆڵینەوەکەی حوسێنی بیست، ڕاستەوخۆ لەڕێی ناوەندێکەوە دەیان ملیۆن دۆلاری پێشکەشی بە وەزیری دارایی کرد بۆ ئەوەی دەست لە لێکۆڵینەوەکە هەڵگرێت. (بەرپرسانی دیکە دەڵێن، ئیحسان، وەزیری دارایی، داوای دەکرد بەشی بدرێت لە دزییەکە، بەڵام ڕەتکرابوویەوە. ئیحسان هەر پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەگەڵ نور ڕەت دەکاتەوە). هەر چۆنێک بێت ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکە بڵاوبوویەوە، دوو هەفتە دواتر نور بە نهێنی ئاگادار کرایەوە کە دەستگیر دەکرێت، ئەمە بەگوێرەی ئەفسەرێکی دیکەی هەواڵگری کە لەسەر هەمان کەیس کاری دەکرد. ئەفسەرەکە گوتی، نور بەپەلە بە لیمۆزینەکەی بەرەو فڕۆکەخانە بەڕێکەوت و گەیشتە سەر ئەو ڕێگایەی کە فڕۆکەکەی چاوەڕێی دەکرد. بەڵام بەر لەوەی هەڵفڕێت، هێزەکانی ئاسایش گەیشتن و دەستگیریان کرد. دەنگۆی ئەوە هەبوو نور لە زیندانی فڕۆکەخانەوە و بەرەو زیندانێکی “سوپەر ڤی ئای پی” گوێزرابێتەوە، زیندانێک بە مەلەوانگەوە، بەڵام بەرپرسە دادوەرییەکان ئەمە ڕەت دەکەنەوە.

 

“بژاردەیەک لە بەرپرسان دەستکەوتەکان بەش دەکەن. پیاوی چاک بوونی نییە”

 

کەمێک دوای دەستگیرکردنی نور، کازمی لە پۆستی سەرۆک وەزیران لادرا. بەرەی ئێرانی پیاوی خۆیان دانا، موحەمەد سودانی، بۆ ڕابەرایەتیکردنی حکوومەتەکە. لەناو خەڵک، سودانی لێکۆڵینەوەکەی حوسێنی بەرز ڕاگرت و بەڵێنیدا کەس لە چنگی یاسا ڕزگاری نەبێت. مانگێک دوای دەست بەکاربوونی، کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی بەست، تێیدا لە ناوەڕاستی دوو کۆمەڵە پارەی کەڵەکەکراوی زەبەلاح وەستابوو، ڕاشی گەیاند بە سەرکەوتوویی ١٢٥ ملیۆن دۆلاری لە نور وەرگرتووەتەوە، بەڵام ئەمە بەشێکی بچووکە لە پارە بزرەکە.

کەمێک دوای ئەوە، نور بە دەستەبەری دارایی بۆ دوو هەفتە ئازاد کرا. بەرپرسانی حکوومی گوتیان ئەمە بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتە لە گێڕانەوەی پارەی زیاتر. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین مانگیش، ئەو بە ئازادی دەسوڕایەوە. کاتێک ئەم بەهارە سەردانی عێراقم کرد، بە بەردەم کۆشکەکەی نوردا ڕۆیشتم لە مەنسوڕ. ڕووناکییەکان هەڵکرابوون. ئەو عێراقییانەی قسەم لەگەڵیان کرد، گوتیان لە دوبەی، عەمان و لەندەن بەدی کراوە. لە نیسانی ٢٠٢٣ دادگاکان بڕیاری لادانی سڕکردنی سەرمایەکەیان دەرکرد. یەکێک لە هاوکارەکانی سودانی پێی گوتم، سەرۆک وەزیران هیچ هەڵبژاردەیەکی بەدەستەوە نەبوو. “ئەگەر نور زوهێری ئازاد نەکردبا ئەوا سەری خۆی لەسەر دادەنا.” کاتێک گۆڤاری ١٨٤٣ پرسیاری لە سودانی کرد لەسەر ئازادکردنی نور، گوتەبێژێک گوتی، بڕیارەکە لە لایەن دادگاکان دراوە، نەک حکوومەت، گوتیشی کە داواکان لە دژی نور هەڵنەگیراون.

پیاوی لوتکەی سیستەمی دادوەری عێراق، فایەق زێدانە، کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە. فایەق ترس بڵاو دەکاتەوە. باڵیۆزێکی پێشوو و ئەفسەرێکی هەواڵگریی پێشوو پێیان گوتم دەسەڵاتی گومکردنی کەیسەکانی هەیە (فایەق ئەمە ڕەت دەکاتەوە، دەڵێت ڕۆڵی ئەو “تەنیا کارگێڕییە”). ئەو یەکێک بوو لەو دوو کەسەی عێراق، کە ئاگادار کرابوومەوە خۆمیان لێ بەدوور بگرم. بەرپرسێکی پێشوو گوتی، “ئەو دەسەڵاتی فرەی هەیە، ئەوەش زۆر مەترسیدارە.”

فایەق ڕووبەڕوو کەسێکی برادەرانەیە. ئەو بە درێژی باسی حاڵەتەکەی بۆ کردم. گوتی نور مۆڵەتی گەشتکردنی پێدراوە بۆ بەکاشکردنەوەی سەرمایەکانی دەرەوەی وڵاتی و قەرەبووکردنەوەی عێراق لەڕێیەوە. وا دیارە ئەوە هۆکار بووە بۆ گەڕانەوەی نزیکەی ٢٧٠ ملیۆن دۆلاری تر. جێی تێڕامانە، فایەق مەیلی بەلای بێتاوانی نوردا دەڕۆیشت، دەیگوت دەکرێت بریکارێکی ڕاستگۆی کۆمپانیاکان بووبێت، کە هەوڵی قەرەبووکردنەوەی کەمی قازانجەکانی داوە.

سەرەتا ڕوون نەبوو لەبەرچی فایەق لە بەرژەوەندی نوردا کار دەکات، ئەگەر ڕاستییەکە لە بنەڕەتدا بەم شێوەیە بێت (فایەق ڕەتی دەکاتەوە هیچ شتێکی نائاسایی هەبێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ حاڵەتەکە). کەسانی وەک فایەق گوێ بۆ داواکاری هەلپەرستەکانی بەسڕە شل ناکەن. بەرپرسانی ئێستا و پێشووی عێراق ڕوونکردنەوەیەکی دیکەیان هەبوو بۆ هۆکاری ئازادکردنی گومانلێکراوی سەرەکی تاڵانییەکە. یەکێکیان گوتی، “نور تەنیا بووکەڵەیەک بوو.” یەکێکی دیکە دەیگوت، “قوربانییە.” سێیەمیان گوتی، “ئەو نوێنەری یەکێکی تر بوو.” بەڵام کێ؟

 

 

حکوومەتەکەی سودانی هەر زوو ئاڕاستەی کەیسەکەی گۆڕی. بەرپرسان سەرنجیان لەسەر نور لادا و بڕیاری دەستگیرکردنی ئەو کەسانەیان دەرکرد کە ئاشکرایان کرد. (بەگوێرەی گوتەبێژێکی سودانی، نور ددانی بەوەداناوە کە یارمەتی لە بەرپرسانی باڵای حکوومەتەکەی پێشوو وەرگرتووە). کاتێک کەوتنە ژێر پشکنینەوە، ئەندامانی بەرەی کازمی دەستیان بە پەیوەندیکردن لەگەڵ من کرد. ئەوان سووربوون لەسەر ئەوەی نور بریکارێکی بەرەی سودانی بووە؛ سەرکردەی ئەو لایەنانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران هەن. “لێنەگەڕێی هیچ کام لەو بێنمەکانە بەسەریاندا تێپەڕێت،” یەکێکیان پێی گوتم.

 

نور ئۆتۆمبێلەکەی ڕاستەوخۆ لە بەردەم دەرگای پێشەوە ڕادەگرت، ئیمتیازێکی تایبەت بە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باج بە تەنیا، بە تەزبیحێکی دەنک زێڕەوە دەهاتە ژوورەوە

 

یەک لە ئەندامانی بەرەی کازمی کە تێی نەدەگەیشتم، هەیسەم جبووری، ڕاوێژکاری دارایی بوو. لە هاوڕێکانییەوە پێم زانی کە هەیسەم، نوری وەک یاریدەرەری تایبەتی دامەزراندبوو، کاتێک سەردەستەی کۆمیتەی دارایی پەرلەمان بوو. بە گوتەی بەرپرسێکی هەواڵگریی عێراق، کە هەیسەمی لە نزیکەوە دەناسی، نور پەیوەندی بە خاوەنی ئەو بزنسانەوە دەکرد کە کۆمیتەکە لێی دەکۆڵینەوە، پێشنیازی ڕاگرتنی لێکۆڵینەوەکانی دەکرد لە بەرانبەر پارە. ئەو ئۆپەراسیۆنە گوایە نزیکەی ٢٠٠ هەزار دۆلاری مانگانەی هێناوە. بەگوێرەی نامەیەکی بینراو لە لایەن گۆڤاری ١٨٤٣، هەیسەم پێشنیازی ئەوەی کردبوو، بەڕێوەبەرایەتیی باج ڕێگەی پێ بدرێت چەکی بانکی زەبەلاح دەربکات، بەبێ سەرپەرشتی دەستەی چاودێریی حکوومەت.

هەیسەم وەڵامی پەیوەندییەکانی گۆڤاری ١٨٤٣ی نەداوە بۆ ئەوەی لێدوانێک بدات، بەڵام بە (میدڵ ئیست ئای) گوت، کە ماڵپەڕێکی هەواڵییە، ئەو تەنیا پێشنیازی ئەوەی کردووە، دەستەی باڵای چاودێری لە سنووری پێگەکەی خۆیدا ڕۆڵ بگێڕێت. کەمێک دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی سودانی، هەیسەم دەستگیر کرا. لایەنگرانی کازمی پێشنیازیان کرد، ڕاوێژکاربوونی هەیسەم بەهەند وەرنەگرم بۆ کەیسەکەم (یەکێکیان ڕوونی کردەوە، “کاتێک ٢٠٠ ڕاوێژکارت هەیە، هەندێکجار کەسانی بێبەها خۆیان دەخزێننەناو”).

پرسیارێکی دیکەم، پەیوەستبوونی کازمی بە گەشتە فڕۆکەیییەکانەوە بوو. فڕۆکەخانەی بەغدا بەتەواوی لەژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بوو. سەرەڕای ئەوەی نور تەکنیکییانە گەشتی لێ قەدەغە کرابوو، بەهۆی گومانکردن لە پشکداربوونی لە ساختەکارییەکی پێشوو، کەچی بە ئازادی دەهات و دەڕۆیشتە دەرەوەی وڵات، لەو ماوەیەی پارەکە لە بانکی ڕافیدەین ڕادەکێشرا. چۆن کازمی ڕێگەی بە ڕوودانی ئەوە دا؟

 

 

کازمی پێشنیازی کرد چاوپێککەوتنەکە لە گرۆڤ ئەنجام بدەین، کە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەی دەرەوەی لەندەن بوو، بە پانتاییەکی تەرخانکراو بە یاری گۆڵفەوە. کازمی لەپێناو سەلامەتی خۆی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ ڕووی کردبووە بەریتانیا. بە لیمۆزینێکی ڕەش گەیشتە شوێنی دیدارەکە. کاتێک  دانیشتبووین و خەریکی خواردنەوەی شەربەتەکانمان بووین، بیرم کەوتەوە تڕەمپیش لێرە مابوویەوە. کازمی بێدەنگ و بەڕێز بوو. هەرچەندە ئینگلیزی دەزانێت، حەزی کرد چاوپێککەوتنەکەمان بە عەرەبی ئەنجام بدەین، بە دەنگێکی نزمەوە قسەی دەکرد، وەک ئەوەی بە مەبەست هەوڵی خۆگرتن لە گوتنی شتێکی ورووژێنەری میدیایی بدات.

کاتێک پرسیاری هەیسەمم لێی کرد، گوتی نایناسێت. دواتر خۆی ڕاست کردەوە و ددانی بەوەدا نا کە دامەزراندنی هەیسەم ڕاستییەکی “تاڵە.” ئەو خۆی وەک قوربانییەکی نابەرپرسیار لە دۆخەکە پیشان دا. هەرچەندە، ئەو لە کاتی ڕووداوەکە سەرۆکوەزیران بووە، هەروەها بۆ زۆربەی ماوەی دەسەڵاتەکەشی، لە هەمان کاتدا سەردەستەی دەستەی هەواڵگریی وڵاتەکە بووە. دەبێت هەندێک هێزی هەبووبێت، هەروەها بەلانی کەم گومانی بۆ ڕوودانی شتێکی نائاسایی چووبێت. دووبارە هەوڵم دا. ئایا ئەو بەرپرسانەی ئاسایش کە بە ڕووکەش لایەنگری بوون، ڕێگەی فڕۆکەخانەیان بۆ نور خۆش نەکردووە؟ کازمی خۆی لە پرسیارەکە دزییەوە و گوتی، “سەرەتا پێویستە سەرنجمان لەسەر بەرپرسانی بانک بێت.”

بیانووەکانی بۆ تێبینی نەکردنی تاڵانییەکە بەدرێژایی گفتوگۆکەمان دەگۆڕان. سەرەتا، دەیگوت هەڵەی دەستەکەیەتی. دواتر گوایە سەرقاڵبوونی بە کۆڤید-١٩ و دابەزینی لەناکاو و خێرای نرخی نەوت، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە لایەن ئیدارەکەی تڕەمپەوە هۆکار بوون. پێداگیری دەکرد لەوەی بڕە پارەیەکی زۆر نەبووە بە بەراورد لەگەڵ ئەو سەدان ملیار دۆلارەی بەهۆی گەندەڵییەوە لە ٢٠٠٣ بەدواوە دزراوە. پێشی وا نەبوو زۆرینەی پارەکە لە فڕۆکەخانەوە دەرچووبێت. دەستەواژەیەک کە بەردەوام بەکاری دەهێنایەوە، “١٠٠٪ نەخێر” بوو.

دواتر نامەیەکم بۆ کازمی نارد، تێیدا باسی چیڕۆکێکم کرد کە بەرگوێم کەوتبوو. سەرچاوەیەکم پەیوەندی بە سیاسییەکی عێراقییەوە هەیە کە لە ئایاری ٢٠٢٢ پێویستی بە چارەسەری ڕاستەوخۆی تەندروستی هەبووە لە هەندەران. بە گوتەی سەرچاوەکەم، کازمی بە بڕیاری خۆی جێگەیەکی لە فڕۆکەیەکی تایبەت بۆ سیاسەتمەدارەکە تەرخان کردووە. کاتێک سیاسییەکە دەچێتە ناو فڕۆکەکە، بە سەرسامییەوە دەبینێت نوریشی لێیە. فڕۆکەکە سیاسییەکەی لە عەمان داگرت و نوریش بەرەو بەیرووت دەرچوو، سەرچاوەکەم گوتی. کازمی نامەیەکی بۆ ناردمەوە و دەنگۆکەی ڕەت دەکردەوە، بە “بێ بنەما” ناوی دەبرد. (لە هەمان نامەدا دەیگوت هەیسەم وەک شارەزایەکی تەکنیکی دامەزرابوو نەک ڕاوێژکار، ئەو کاتەیش سەرزەنشت کرابوو بەهۆی بەکارهێنانی پێگەکەی بۆ کاری دی).

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری یەکێک بوو لەو دوو عێراقییەی کە ئاگادار کرابوومەوە خۆمیان لێ بەدوور بگرم. بەرپرسێکی پێشوو گوتی، “ئەو دەسەڵاتی فرەی هەیە، ئەوەش زۆر مەترسیدارە.”

 

مامەڵەکانم لەگەڵ کازمی سەرلێشێوێنەر بوو. نور دەبێت یارمەتی لە باڵاترین پێگەکانەوە وەرگرتبێت. هەریەکێک لە دوو لایەنە سەرەکییەکەش ئەوی دیکەی تۆمەتبار دەکرد. دواتر بیرۆکەیەکم بۆ هات. ناشێت ئەگەر ئەندامانی هەردوو بەرەکە دەستیان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هەبووبێت؟

سەجاد جیاد، شرۆڤەکارێکی سیاسی، پێی گوتم بیری بۆ ئەوە دەچێت حەوت لایەن قازانجیان لە تاڵانییەکە کردبێت. “بەرەی ئێران، بەرەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەوانەی خۆیان بە چاکسازەکان ناو دەبرد، پاڵپشتکارانی دۆخی حازر -هەموو لایەنەکان سوود لە پلانە گەندەڵییەکان دەبینن،” ئەو گوتی. “ئەم لایەنە دژیەکانە لەناو خەڵک شەڕی یەکتری دەکەن و لەژێریشەوە دەستیان لەناو دەستی یەکترە بۆ ئەوەی یەکدی دەوڵەمەند بکەن، بێ گوێدانە پێگە ئایدیۆلۆجی و سیاسییەکانیان.” ڕاوێژکارێکی ڕۆژئاوایی لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا هەندێک لە سەرکردەی میلیشیاکان کە شەڕی یەکتریان کردووە، منداڵەکانیان بۆ هەمان قوتابخانە تایبەتەکانی بەغدا ناردووە. “بژاردەیەک لە بەرپرسان دەستکەوتەکان بەش دەکەن،” گوتی. “پیاوی چاک بوونی نییە.”

 

 

لە تەمومژی سیاسەتی عێراقدا، حوسێن، لێکۆڵەرە عێراقی-سویدییەکە، دایمە وەک چرایەکی ڕەونەقدار وابوو. ئەو بە ڕوون و وردی قسەی دەکرد. ئەوانەی من ڕێزیانم دەگرت، ڕێزی ئەویشیان دەگرت. (عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی پێشوو، بە “ڕەنگە تاقە کەسی ڕاشکاوی عێراق” وەسفی کرد). سۆزی بۆ کارەکەی جێی خۆشەویستی بوو -وێنەی سەر لاپتۆپەکەی وێنەیەکی پەزڵی خوێندنگەی ئابووریی ستۆکهۆڵم بوو، بەڵام پارچەیەکی کەم بوو.

کاتێک لە کەیسەکە قووڵتر بوومەوە، هەندێک شت لەسەر حوسێن ناکۆک بوون. ئەو گوایە لە بەرژەوەندی ئاشکراکردنی گەندەڵییەکان کاری دەکرد، بەڵام پێزانینێکی زۆری بۆ ئیحسان عەبدولجەبار هەبوو، ئەو وەزیرە دارایییەی کارەکەی پێ سپاردبوو. ئەمە سەری لێ دەشێواندم، بەهۆی ئەوەی چەند کەسێک پێیان گوتبووم ئیحسان کە لە وەزارەتی نەوت کاری دەکرد، لە چەند کەیسێکی گەندەڵی تێوەگلاوە. (ئیحسان گوتی داواکان لە لایەن کەسێکی کینە لە دڵەوە بەرز کرابوونەوە، ٩٠٪ کەیسەکانیش ئێستا داخراون).

هەندێکجار حەسەن وەڵامی زۆر وردی بۆ پرسیارەکانم هەبوو، وام هەست دەکرد ڕاستەوخۆ خۆم خەریکی لێکۆڵینەوەکەم. جارانێکیش بەبێ هۆکار خۆی لە وەڵامدانەوەی تەواوی پرسیارەکان دەگرتەوە. ئێستاش لەوە نەگەیشتووم، لەبەرچی شوێنی کۆتایی پارە دزراوەکان سەرنجی ئەویان ڕانەدەکێشا. ئەو بێباکانە دەیگوت، “بەدوایدا نەڕۆیشتم.”

دواتر لە مانگی حوزەیران، ئیمێڵێکی نیگەرانکەرم بۆ هات. توێژەرێکی عێراقی لە واشنتن دۆسییەیەکی بچووکی کۆکردبوویەوە، کە پڕبوو لە ماددەی نەسەلمێنراو لەسەر کازمی، حوسێن و کەسانی دی. ئاماژەی بەوە دەکرد، کە ئەوان بەشێک بوون لە تۆڕێک، کە ڕێگەی بۆ تاڵانییەکە خۆش کردووە. بەگوێرەی دۆسییەکە بێت، حوسێن ئەو کەسە بێلایەنە نەبوو، کە بیرم لێی دەکردەوە -غەزووری مامۆستای کازمی بووە. دۆسییەکە پێشنیازی ئەوەی دەکرد کە حوسێن ڕۆڵی هەبووە لە دانانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکی ڕافیدەین، کەمێک بەر لە دەستپێکی تاڵانییەکە. لە کۆتایییە نامۆیەکەشیدا، تێیدا ناوی پیاوێک هاتبوو کە باس لە دەستگیرکردنی کرابوو بەهۆی تێوەگلانی لە ساختەکارییەکی پێشووی بانکی ڕافیدەین، ئەو پیاوەش ئامۆزای حوسێن بوو.

چەند ڕۆژێک دواتر لە قاوەخانەیەک لە نزیک شەقامی ئۆکسفۆرد لە لەندەن یەکمان بینیەوە. وزەی حوسێن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر توخمە تەکنیکییەکانی پڕۆسە بانکییەکان، لەدوای چەندین کیسەی نیکۆتین و کاپووچینۆ، بە بەهێزی مابوویەوە. بەڵام کاتێک دەنگۆی تۆمەتەکانم پێ ڕاگەیاند، دەربڕینە پڕ ڕێزەکانی هەندێک توندتر ئاڕاستە دەکردم. ئەو گوتی ئاگاداری دۆسییەکەیە، بە شتێکی پێکەنیناوی وەسفی کرد، بەڵام وا دەرنەدەکەوت زۆر دڵی خۆش بێت. گوتیشی تۆمەتەکان “هەڵبەستراون.”

دەرکەوت هەندێکیان ڕاستن. حوسێن ددانی بەوەدا نا کە کازمی باش دەناسی، بەڵام سووربوو لەسەر ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ غەزووری باش نەبووە، هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە ئەوان کۆمەڵەیەکی نهێنی نەبوون. ئەو بەشداربوو لە دامەزراندنی هەندێک کارمەندی نوێ لە بانکی ڕافیدەین دوای گەندەڵییەکی پێشووتر، بەڵام تەنیا ئەو بڕیاری لەسەر دامەزراندنەکان نەداوە. حوسێن ڕەتی نەکردەوە حەمید نەجاڕ ئامۆزای بێت، ئەو پیاوەی لە کەیسی ساختەکاریی ناوبراوی پێشوو تێوەگلابوو؛ لە ڕاستیدا، هەوڵی کردنەوەی بانکێکی داوە لەگەڵی، بەر لەوەی کێشە یاسایییەکانی حەمید دەست پێ بکات. ئەو پێی گوتم، ئەگەر دەتەوێت بازرگانی بکەیت لە عێراق، ئەوا هەڵبژاردەی زۆرت لەبەردەست نییە سەبارەت بەو خەڵکەی دەبێت کاریان لەگەڵ بکەیت.

 

دزین لە بانکێکی حکوومی و خەرجکردنی پارەکە ڕێکارێکی بەرپرسیارانە و دادوەرانە نییە بۆ هاوبەشیپێکردنی سامان، بەڵام خێرایە

 

چاوپێککەوتنەکە بێهیوای کردم. هەمیشە کەیفم بە حوسێن هاتووە. کەس پرسیاری لە دۆزراوەکانی ڕاپۆرتەکەی نەکردبوو. ئامادەباشییەکەی بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوانێک لە هەر کاتێکی ڕۆژدا، ڕەفتاری یەکێک نییە کە بیەوێت شتێک بشارێتەوە. ئەو بەڕاستی وا دەردەکەوت لە خەمی سەلامەتی خۆیدا بێت، لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ عێراق، یەکێکیش هاوڕێی بەهێزی هەبێت خەم لەوە ناخوات. (“من کلێنسێکم. ئەوان بەم شێوەیە فڕێم دەدەن،” ئەوەی گوت لەگەڵ جوڵاندنی مەچەکی). بەڵام چاوپێککەوتنەکە توانای هەستکردنی کاڵ نەکردمەوە بۆ ئەوەی بزانم زۆر شت هەیە لەبارەی ئەو کە نایزانم. حوسێن ناڕەحەتیش دەردەکەوت. “ئەگەر سەیری ڕابردوو بکەین،” لە کۆتایی قسەکانی گوتی، “پێم وایە شەش مانگی تەمەنی خۆمان بەفیڕۆدا.”

خەڵکی عێراق بەدڵنیایییەوە سوپاسگوزار دەرنەدەکەوتن. هەرچەندە دەستەواژەی “دزیی سەدە” لەناو تۆڕی میدیایی عێراقی دەزرنگایەوە، سەرسامکەرانە فشاری کەم هەبووە بۆ بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەران. لە ٢٠١٩، لە ماوەی کۆتا خۆپیشاندانە گەورەکان لە دژی گەندەڵی، هێزەکانی ئاسایش فیشەکیان بەڕووی خۆپیشاندەران دەتەقاند. پێدەچێت عێراقییەکان لە خۆپیشاندان بێزاربووبن. چەند کەسێک پێیان گوتم ڕەنگە بەڕاستی دزییەکە لە بەرژەوەندی عێراقدا بووبێت، بەهۆی هێنانی پارەی مت بۆ ناو ئابووریی عێراق. “وا باشترە لە بەغدا خەرج بکرێت لەبری ئەوەی لە هەژمارێکدا بهێڵدرێتەوە،” ئەوە ڕای بازرگانێکی عێراقی بوو.

تاوەکوو بەهاری ئەم جارە بەغدام هێندە بە ڕەونەقداری نەبینیبوو. کاتێک یەکەمجار سەردانی عێراقم کرد، کۆتا مانگەکانی دکتاتۆرییەتی سەدام بوو، شارەکە کشومات بوو. باڵەخانەکانی ڕەنگی ئەو بیابانەیان گرتبوو کە دەوری شارەکەی دابوو.

ئێستا ڕەنگ دایپۆشیوە. یەکەکانی نیشتەجێبوون لە هەموو شوێنێکی بەرز دەکرانەوە. چێشتخانەکان دەکرانەوە. ئەو شۆستانەی دەبابە و هەمڤییەکانی ئەمریکا ورد و خاشیان کردبوون، لە کۆتاییدا دروست دەکرێنەوە. مەزاری پێشەواکانی شیعە، کە لە سەردەمی سەدام بە کەرپووچ دروستکرابوون، ئێستا بە هەزاران خشڵ دەدرەوشێنەوە. هەر هیچ نەبێت کەمێک لەو پارەیەی ئەمانەی پێ دروستکراوە، بە ئەگەری زۆرەوە لە پارەی دزییەکە هاتووە. دزین لە بانکێکی حکوومی و خەرجکردنی پارەکە ڕێکارێکی بەرپرسیارانە و دادوەرانە نییە بۆ هاوبەشیپێکردنی سامان، بەڵام خێرایە.

ئەگەری کەمە سوودمەندانی ڕاستەقینەی دزییەکە، جا هەر کەسێک بن، بە سزا بگەیەنرێن. ئەو کەشی هەستکردن بە تاوانەی بۆ تەواوی بەرپرسە باڵادەستە سیاسییەکان دروست بووە، مانای وایە بەرپرسیارێتییەکی کەم دەکەوێتە ئەستۆی تاکەکان. هەرچەندە ئۆفیسەکەی سودانی سوورن لەسەر ئەوەی بە چووستی درێژە بە لێکۆڵینەوەکە دەدەن، ڕاگەیاندنی زۆر کەم لەبارەیەوە هەبوون لەو کاتەوەی کۆنفڕانسەکەی ئەنجامداوە لە ساڵی ڕابردوو. “با واقعی بین،” کازمی پێی گوتم کاتێک لە لەندەن دانیشتنەکەمان بەکۆتا دەهێنا، “ئەو پارەیە بە جۆرێک دیزە بەدەرخۆنە دەکرێت. دیار نامێنێت، دیار نامێنێت.”

 

 

  • نیکڵاس پێڵام نووسەری ئێکۆنۆمیستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...