هه‌واڵ

ڕانیە: تەرمی کچێک دۆزرایەوە و پۆلیس گومانی لە مردنەکەی هەیە

دوای سێ ڕۆژ لە بێسەروشوێنبوونی، تەرمی کچێکی تەمەن ٢٦ ساڵان لە دەربەندی ڕانیە دۆزرایەوە و پۆلیس گومانی لە مردنەکەی هەیە.

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، ڕائید عەلی قادر گوتەبێژی بەرگری شارستانی ڕاپەڕین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاتژمێر ٨:٣٠ خوولەکی ئەمڕۆ دووشەم، لە دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێک لە دەربەندی ڕانیە ئاگادارکراونەتەوە و ڕاستەوخۆ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمەکەیان لە ئاوی دەربەندی ڕانیە دەرهێناوە.

ناسنامەی ئافرەتە خنکاوەکە بۆ بەرگری شارستانی ڕاپەڕین ئاشکرا بووە، وەک گوتەبێژەکە گوتی، کچەکە بەناوی (ڕۆژان محەمەد ڕەسووڵ) تەمەنی ٢٦ ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری ڕانیەیە.

ڕائید عەلی قادر، ئاماژەی بەوە کرد، قوربانییەکە لە ١٨ی ئابەوە بێسەروشوێن بووە، تا ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕانیە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “لە یەکەم ڕۆژی ونبوونی کچەکەوە، کەسوکارەکەی (بەتایبەت دایکی)، هەواڵی ونبوونی کچەکەی بە پۆلیس ڕاگەیاندووە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە سەرجەم لایەنەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە”.

“ئێستا تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە و چەند پرسیارێکمان ئاڕاستەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە و تەنیا دادگای سلێمانی تایبەتمەندە بە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانمان، کە پرسیاری جەوهەریی و تایبەتن بە دیاریکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی”، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین وای گوت.

زیاتر گوتی: “تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە، چونکە ئەمڕۆ تەرمەکە دۆزراوەتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت”.

سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا ڕووداوەکە خۆکوژی بووە یان کوژراوە، شۆڕش ئیسماعیل گوتی: “ئێمە کە تەرمەکەمان ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە، بۆ یەکلاکردنەوەی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکەیە کە ئایا خۆی کوشتووە یان کوژراوە، چونکە تەرمەکەی شێواوە”.

گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەش کرد: “لە تایبەتمەندی پزیشکی دادی ڕانیەدا نەبوو، کە وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە کە ئایا ڕووداوەکە خۆکوژییە یان کوژراوە، دەبێت پزیشکی دادی سلێمانی وەڵاممان بداتەوە”.

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ٢٠١٥ تا ٢٠٢١ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ٢٨٤ ئافرەت خۆیان کوشتووە یان کوژراون. لەسەر ئەو بنەمایەش لە هەر سێ ڕۆژدا ژنێک لە هەرێمی کوردستان کوژراوە یان خۆی کوشتووە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...