هه‌واڵ

وەزارەتی تەندروستی: نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ ڕاستییەکان دەشێوێنێت

زێدپرێس

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی لەمەڕ نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ بڵاوکردەوە و دووپات دەکاتەوە، لەلایەن نەخۆشخانەكەوە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم ٢١ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەمەڕ ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە بڵاوکردەوە، کە لەلایەن نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ دوابەدوای ئازاردانی منداڵێکی تازەلەدایکبووی نەخۆشخانەکە سازکرا، بەتایبەت دوای ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک سزا و ڕێکاریی یاسایی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە بەرانبەر نەخۆشخانە تایبەتەکە.

وەزارەتی تەندروستی بەتوندی ڕەخنە لە نەخۆشخانەکە دەگرێت، لە دەیانەوێت ڕاستییەکان بشێوێنن و ڕای گشتی و پڕۆسەی لێکۆڵینەوە بەلاڕێدا ببەن.

دەقی ڕوونکردنەوەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ڕای گشتی:

 

لە پرێس كۆنفرانسێكی دوێنێ دا، سەبارەت بە ئازاردان و پێشێلكردنی منداڵێكی تازە لە دایكبوو، دوور لە هەموو ڕەوشتێكی پزیشكی و یاسایی و زانستی، وەزارەتی تەندروستی چەندین ڕێكار و سزای یاسایی گرتۆتە بەر، بەڵام بەداخەوە لەلایەن نەخۆشخانەكە هەوڵدراوە بۆ شێواندنی ڕاستییەکان و پاساوهێنانەوە بۆ ئەم دیاردە قێزەونە و بەردەوامی سەرپێچی و كاری نایاسایی هەیە، بەوەی هەوڵ دەدرێت ڕای گشتی و پڕۆسەی لێكۆڵینەوە بەلاڕێدا ببردرێت و بشێوێندرێت، لەجیاتی ملكەچبوون بۆ یاسا و داوای لێبووردن كردن بەرانبەر ئەو دیاردەیەی ناخی هەموو کۆمەڵگای هەژاند، کە دەبێتە هۆکاری لاوازکردنی متمانەی هاووڵاتیان.

دروستکردنی لێژنەی لێکۆڵینەوە کاری نەخۆشخانەی ناوبراو نییە، بەڵکو بەیاسای مافی نەخۆش ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی کارپێکراو، لێکۆڵینەوە کردن تەنیا کاری وەزارەتی تەندروستییە، بە ئامادەبوونی دادوەر و نوێنەری داواکاری گشتی.

بەڕێزێک بەناوی سەرپەرشتیار قسە دەكات، لەكاتێكدا ئەو بەڕێزە سەرپەرشتیار نییە بە فەرمی و هیچ سیفەتێکی بەڕێوەبردنی نییە، تەنانەت ڕێگەپێدراویش نییە لە لیستی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم نەخۆشخانەیە و هیچ پەیوەندییەکی فەرمی نییە و كارمەندەكانیش ناویان لە لیستی ڕێگەپێدراوی فەرمی نییە بۆ كاركردن لەم نەخۆشخانەیە. ئەو بەڕێزەی بەناوی نەخۆشخانە قسە دەكات، تەواو نایاساییە، چونكە پزیشكی نیشتەجێی دێرینە و پسپۆڕ نییە، بەڵکو لەژێر ڕاهێنان و مەشقكردندایە و بۆی نییە بەناوی نەخۆشخانەوە قسە بكات.

بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی تەندروستی جەخت لەسەر بەردەوامی ڕێکارەکان دەکاتەوە و لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم دۆسیەیە دادەنرێت، ڕێکاری یاسایی وەردەگیرێت، لەپێناو پاراستنی مافی نەخۆش و گەیاندنی ڕاستییەكان بە هاووڵاتیان.

 

وەزارەتی تەندروستی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٢١ی ئابی ٢٠٢٣

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...