هه‌واڵ

کادیرێکی پێشکەوتووی یەکگرتووی ئیسلامی ڕفێنرا

زێدپرێس

میدیای فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ڕفاندنی کارگێڕی مەڵبەندی زاخۆی حزبەکە و بەرپرسی نووسینگەی کەناڵی سپێدە لە زاخۆ، لەلایەن ئاسایشەوە ڕادەگەیەنێت.

میدیای فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، “بەیانی ئەمڕۆ، ئیسلام کەشانی لەلایەن ئاسایشی زاخۆوە ڕفێنرا، بەبێ ئەوەی ئاگاداری هیچ كەسێك بكرێتەوە”.

ئیسلام کەشانی بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی کەناڵی ئاسمانی سپێدە و کارگڕێی مەڵبەندی زاخۆی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە.

لای خۆیشیەوە، عەبدولکەریم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی ئاسمانی سپێدە، گوتی “گیان و ژیانی سەیدا ئیسلام، لە ئەستۆی دەزگا ئەمنییەکانی زاخۆدایە”.

جاسم محەمەد بەرپرسی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتووی ئیسلامی، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، ئیسلام کەشانی، هاتووەتە سەر کاری خۆی و پاشان ڕفێندراوە.

پاش نزیکەی کاتژمێرێک لە دیارنەمانی، لەلایەن مەڵبەندی زاخۆی حزبەکەوە پەیوەندی بە ئاسایشی سنوورەکەوە کرا، بەڵام ڕەتیان کردووەتەوە، ناوبراو لەلای ئەوان بێت.

دواتریش، ماڵی ئیسلام کەشانی، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە پشکنینی بۆ کراوە، وەک ئەوەی بەرپرسی مەڵبەندی ١٣ی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بۆ کرد.

ئاشکرای کرد، پاش ئەوەی هێزەکانی ئاسایش پشکنین بۆ ماڵەکەی دەکەن، ددان بەوەدادەنێن، کە کادیرەکەی یەکگرتووی ئیسلامی لە ئاسایشی زاخۆیە.

تا ئێستا، ئاسایشی دەڤەرەکە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر دۆسیەکە نەداوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...