هه‌واڵ

ئەو کرێکارەی گیانی لەدەستدا چوار منداڵی هەیە و دەستەبەریش نەکراوە

زێدپرێس

بەیانی ئەمڕۆ سێشەم لەسەر شەقامی ٣٠ مەتری لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر، بەهۆی داڕوخانی پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆوە، کرێکارێک گیانی لە دەستدا و یەکێکی دیکەیش بریندار بوو. قوربانییەکە چوار منداڵی هەیە و دەستەبەریش نەکراوە.

ڕووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ سێشەم ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣ ڕوویدا، کاتێک ٣ کرێکار خەریکی کارکردن بوون لە پڕۆژەیەکی ئاوەڕۆ لە سەر شەقامی ٣٠ مەتری لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێر.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تیمی بەدواداچوونی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ئاوەڕۆیەکە دووجار داڕووخاوە. یەکەمین کرێکار لەلایەن تیمەکانەوە لەژێر خۆڵەکە دەردەهێنرێت و لەکاتی دەرهێنانی دووەمین کرێکاردا، بۆ جاری دووەم پڕۆژەکە دادەڕووخێت و بەو جۆرەیش کرێکاری دووەم گیان لە دەست دەدات، بەهۆی ئەوەی دووبارە خۆڵێکی زۆر بە سەریدا دەکەوێت.

تیمی بەرگری شارستانی هەولێر، لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایانگەیاند، توانیویانە یەکێک لە کرێکارەکان بەزوویی ڕزگار بکەن، کە خۆڵی زۆری بەسەردا نەکەوتووە، بەڵام کرێکارێکی دی خۆڵی زۆری بەسەردا کەوتووە و تا دەرهێنراوە، گیانی لەدەستداوە.

بریندارەکە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن کراوە، بەمەبەستی چارەسەرکردن.

هەوراز سەلیم تیمی سەندیکای کرێکارانی کوردستان کە بەدواداچوونیان لەسەر ڕووداوەکە کردووە، بۆ زێدپرێس ڕایگەیاند، هەردوو کرێکارەکە خۆماڵیین و خەڵکی ئاکرێن و بۆ کارکردن هاتوونەتە هەولێر.

بەگوتەی هەوراز سەلیم، ئەو کرێکارەی گیانی لە دەستداوە، بەناوی ڕۆستەم محەمەد خدر و لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٢ە. کرێکارەکە خێزاندارە و چوار منداڵی هەن.

“خۆمان سەردانی کرێکارە بریندارەکەمان کرد لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، تەندروستی زۆرباشە، بەڵام تاساوە”، هەوراز وای گوت.

نوێنەرەکەی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ئاشکرای کرد، هیچ کام لە کرێکارەکان و ئەوەش ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا، دەستەبەرنەکراون، لەبەر ئەوە “هیچیان بۆ ناکرێت”.

بەگوێرەی ئاماری سەندیکای کرێکاران، لەماوەی ئەمساڵدا، ئەوە حەوتەمین کرێکارە لە شاری هەولێر گیان لە دەست دەدات و بەگوتەی بەرپرسەکەی سەندیکای کرێکاران، سەرجەم ئەو کرێکارانەی گیانیان لە دەستداوە، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینیان نییە.

“زۆرینەی ڕەهای کرێکارانی لە پڕۆژەکانی بیناسازی و لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری بیناسازی کاردەکەن، دەستەبەر نەکراون، وا دادەنرێت ئەوان خاوەنکاری جێگیر و بەردەوامیان نییە، ئەو ٧ کرێکارەی گیانیان لەدەستداوە، دەستەبەریان نییە و مەگەر کۆمپانیا یان خاوەنکارەکە خۆی شتێک بۆ خێزان و کەسوکاریان بکات”، نوێنەرەکەی سەندیکای کرێکاران گوتی.

هەرچەند کەسوکاری ئەو کرێکارانەی لە ڕووداوەکانی کاردا گیان لە دەست دەدەن، دەتوانن سکاڵا لەسەر خاوەنکارەکە تۆمار بکەن، بەڵام وەک بەرپرسەکەی سەندیکای کرێکاران گوتی، “تا ئێستا هیچ یەکێک سکاڵای تۆمار نەکردووە”.

لە هەرێمی کوردستاندا، سەرووی ١٣٨ هەزار کرێکار کە لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت کاردەکەن، دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینیان هەیە. هەرچەند بەگوێرەی ناوەڕۆکی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان، کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٢ هەموارکراوەتەوە، ئەو کرێکارانەیش کە خاوەنکارێکی دیاریکراویان نییە و زیاتر بە کرێی ڕۆژانە کاردەکەن، دەستەبەر دەکرێن، لەناویاندا کرێکارانی بیناسازی و کرێکارانی کەرتی گواستنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەشە لە یاسایەکە جێبەجێ نەکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...