هه‌واڵ

بافڵ تاڵەبانی: نەریتی بەستنی کۆنگرە بۆ دوو ساڵ جارێک ئاسایی دەکەینەوە

زێدپرێس

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کورددستان ڕایدەگەیەنێت، “نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە، کە وەک حزبەکانی ڕۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین”.

ئەو گوتانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هات، کە ئەمڕۆ یەکشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەسەر دوایین ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی کرا، کە بڕیارە ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ سازبکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی حزبەکە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی بە وردی دەربارەی گرنگیی کۆنگرە لە ژیانی حزبایەتیی یەکێتی و تێکۆشانی سیاسی دوا و ڕایگەیاند، “کۆنگرە بۆ جۆشدانەوەی زیاتری خەباتە لە پێناو سەرخستنی بەرنامەی خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و باشکردنی ژیان و گوزەرانیان، کە ئەوەش بنچینە و بەرنامەی ستراتیژی نەگۆڕی یەکێتییە”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، “سەرۆکی یەکێتی لەمیانی گوێگرتن لە پێشنیاز و بیروڕای هەڤاڵانی سەرکردایەتی و پشتیوانیان لە پێویستی سازکردنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو، وێڕای دەستخۆشی لە گیانی هەڤاڵانەیان، جەختی لەوەکردەوە بەپشتیوانی خوا کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و یەکگرتوو ئەنجام دەدەین، پێکەوە دەچینە کۆنگرە و پێکەوە بەسەرکەوتوویی دێینە دەرەوە. گوتیشی، بەدڵنیاییەوە نەریتی بەستنی کۆنگرە بەشێوەیەک ئاسایی دەکەینەوە، کە وەک حزبەکانی ڕۆژئاوا دووساڵ جارێک کۆنگرە ببەستین”.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد “ڕاسپاردەکانی دیداری یەکێتییش کە فرەوانترین کۆبوونەوەی هەڤاڵانی یەکێتیی بوو لە هەموو ئاست، ئۆرگان و شارەکانی کوردستان، یارمەتیدەری هەموومان دەبێت بۆ گەڵاڵەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو کە رای هەموو هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەربێت”.

“پێشنیازیشی کرد لە کۆنگرە ئەنجوومەنێکی کارا لە هەڤاڵانی تێکۆشەر دروست بکەین کە سەنگ و دەسەڵاتی هەبێت و یارمەتی ئێمە بدات لە سەرخستنی کارەکانمان”.

لەدرێژەی ئەو ڕاگەیەنراوە، کە بافڵ تاڵەبانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، هاتووە “ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دوای گوێگرتن لە وردەکاری کارەکانی کۆمسیۆنی باڵای کۆنگرە، دەستخۆشی لە کۆمسیۆنەکە کرد بۆ ئەو کۆششەی لە ماوەکانی رابردوودا کردوویەتی و هەڤاڵانی سەرکردایەتی ڕاسپارد کە پێشنیاز و بۆچوونەکانی خۆیان پێشکەش بە کۆمسیۆنەکە بکەن بۆ دەوڵەمەندکردنی”.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە بەشێکیتری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی “تەرخانکراوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی دۆخی سیاسیی کوردستان و عیراق و ڕوانینە سەرکەوتووەکانی یەکێتی بۆ چارەسەری کێشەکان”. لەوبارەیەشەوە سەرۆکی یەکێتی “داوای لە هەڤاڵان کرد بە هەمان گیانی یەکهەڵوێستی و یەکگوتاریی یەکێتی کە بووەتە مایەی ستایش و دەستخۆشی دۆستانمان لە عیراق و هاوپەیمانەکانمان لە دونیا لە ئەرکەکانیان بەردەوامبن”.

لە کۆتای ڕاگەیەنراوەکەدا دەڵێ “سەرۆک بافڵ داوای لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کرد بەسەربەرزییەوە بچنەوە ناو هەڤاڵانیان و بەرەو کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو خەباتی یەکێتیانەیان جۆشبدەنەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...