هه‌واڵ

ڕوونکردنەوە لەسەر دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموود لە حزبەکەی دەدرێت

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، عەبدوڵا حاجی مەحموود هەوڵیداوە جیاکاری بکات و ئەندامەکانی حزبەکە بەلاڕێدا ببات و حزب جیا بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٦ی ئازاری ٢٠٢٤، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە میدیای فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاند،  عەبدوڵا حاجی مەحموود “هەوڵیداوە جیاکاری بکات و ئەندامەکانمان بەلاڕێدا ببات”.

ناوبراو ڕوونیکردەوە، چاوەڕوانی ئەوە ناکەن عەبدوڵا حاجی مەحموود پابەندی بڕیارەکە بێت، چونکە تازە بڕیارەکە دەرکراوە و ئەو ئەندامانەی نزیکبوون لەناوبراو، مافی بەشداریکردن لە کۆنگرەی حزبەکەیان دەبێت و ئەو دۆسیەیە پەیوەندی بە دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموودەوە نییە.

فەرهاد تۆفیق گوتیشی: “پێویستە لەسەر عەبدوڵا حاجی مەحموود ئەو ماڵ و موڵکەی لایەتی و خاوەنداریەتی بۆ پارتی سۆسیال دیموکرات دەگەڕێتەوە، بۆ حزبەکەی بگێڕێتەوە”.

گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات ئاشکرای کرد: “بەشێک لە هۆکارەکانی دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموود لە ڕیزەکانی حزب، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو هەوڵیداوە حزب جیا بکاتەوە و جیاکاری لە نێوان ئەندامانی حزب بکات”.

ڕۆژی ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە سەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتەکە، کۆبوونەوە و بەتێکڕای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بڕیار لەسەر دوورخستنەوەی عەبدوڵا حاجی مەحموود لە پۆستی جێگری سەرۆکی پارتەکە و کۆتاییهێنان بە ئەندامێتییەکەی درا.

عەبدوڵا حاجی مەحموود برای محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. بەگوێرەی لێدوانی گوتەبێژی حزبەکە، پاش دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی حزبەکە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارتی سۆسیال دیموکرات ناوی چەند کاندیدێکی نوێ بۆ پۆستی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز دەکاتەوە، بەمەبەستی پەسندکردن یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی وەزیری کاروباری شەهیدان لەبری عەبدوڵا حاجی مەحموود، بەو هۆیەوە کە ناوبراو ئەو پۆستەی لە پشکی پارتەکە وەرگرتووە و ئێستا کە لە ئەندامێتی خراوە، مافی بەردەوامبوون لە پۆستەکەی نییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...