لە هەولێر دەرمانخانە و کۆگایەکی دەرمان داخران
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2023/08/Zed-Press-news-227-copy-780x470.jpg)
زێدپرێس
ئەمڕۆ یەکشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣ بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان سەربە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لە درێژەی پشکنین و بەسەرکردنەوەکانی تیمی چاودێری بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان KMCA لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان و قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر پشکنین بۆ ژمارەیەک لە دەرمانخانە و کۆگایەکی دەرمان ئەنجامدرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە ئەنجامی پشکنینەکەدا، کۆگایەکی دەرمان و دەرمانخانەیەک بە هۆکاری سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان داخران و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ کرا.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، لانیکەم ئەوە سێیەمین کۆگای دەرمان و دەیەمین دەرمانخانەیە بەهۆی سەرپێچی لە ڕێنماییەکانی پێوەست بە دەرمان، هەبوونی دەرمانی قەدەغە و بەسەرچوو دادەخرێن.
هەر لەماوەی ئەم مانگەشدا(ئابی ٢٠٢٣)، چوار کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان لە شاری هەولێر بەهەمان هۆکارەوە داخراون.