نەزهەت حالی: ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات پيلانێکی مەترسیدارە
زێدپرێس
نەزهەت حالی، دوابەدوای گرژییەکانی ئێوارەی ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە شاری کەرکووک، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “ئەوەی لە کەرکووک ڕوودەدات پيلانێکی مەترسیدارە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی نێوان پێکهاتە و نەتەوەکان لەو شارە، گەر بە خێرایی ڕێگەی لێ نەگیرێت کەس نازانێت ئەنجامەکەی بە کوێ دەگات و زیانەکانی چەند دەبن”.
زیاتر دەڵێ “کورد پێویستی بە هەڵوێستێکی سیاسی ژیرانە و یەکگرتووانەی کوردانە هەیە، کە بە دوور بێت لە دەمارگیری حزبی و بیر لە تۆڵەکردنەوە لە یەکتری لەسەر حسابی بەرژەوەندی خەڵکی کەرکووک بە تایبەتی و گەلی کوردستان بە گشتی “.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە “لە ساڵانی ڕابردوو لە بەر نەبوونی بەرنامەیەکی هاوبەشی کوردانە لە کەرکووک، وەکوو کورد نەمانتوانی لەو دەرفەتە زێڕینەی کە بۆ ڕۆڵی کورد لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس هاتبووە کایەوە سود وەربگرین، بەرژروەندی خەڵک بووە قوربانی بەرژەوەندی حزبی و کەسی”.
هەروەها دەڵێ “لەو دۆخە نەخوازراوە و مەترسیدارەی ئێستا دەبێت وریا بین خوێنی ڕۆڵەکانی شاری کەرکووک زیاتر نەڕژێت و لایەنە سیاسییە کوردییەکان هەڵوێستێکی کوردانەی یەکگرتوویان هەبێت”.
نەزهەت حالی، بە ئەرکی سەرشانی سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانێت، “هەوڵ بدەن کە کۆدەنگییەکی کوردستانی دروست بکەن بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی کەرکووک، هەروەها لەگەڵ حکوومەتی عێراق و لایەنە سیاسی و کەسایەتییە ئاینی و عەشایرییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کاری جدی بکەن، بۆ ڕێگەگرتن لە پەرەسەندنی نائارامییەکان و پاراستنی مافی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی ئەو شارە”.
لە کۆتاییشدا نووسیویەتی “پاراستنی ئاسایشی کەرکووک پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراقە. پەرەسەندنی ئەو ئاڵۆزییانە و زوڵمکردن لە کورد لەو شارە ئەنجامی باشی نابێت بۆ عێراق، بە تایبەت کە هێشتا لە عێراق هەڕەشەی تیرۆر جددییە، هەروەها سنورەکانی عێراقیش لە ئەنجامی نائارامییەکان زیاتر کراوە دەبن بۆ تەداخولاتی دەرەکی لەو وڵاتە، کە بە دەستی چەندین قەیران دەناڵێنێت” .