ههواڵ
هیچ وادەیەک بۆ بەکارخستنی کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی ناو شاری سلێمانی دیارینەکراوە
زێدپرێس
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هیچ وادەیەک بۆ ئیشپێکردنی کامێراکانی چاودێری تیژڕەوی ناو شاری سلێمانی دیارینەکراوە.
بەهمەن عەبدوڵا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕێگەی هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیدا، هیچ وادەیەک بۆ ئیشپێکردنی کامێرای دیکەی چاودێری کردنی خێرایی دیاری نەکراوە و هیچ کامێرایەکیش نەکەوتۆتە کار جگە لە ڕێگەی تاسڵوجە- دوکان.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەڵێ، لە هەر ڕێگاوبان و شەقامێک کامێراکان بکەونە کار، پێش ئەوە بە چەند ڕۆژێک، ئاگاداری شۆفێران دەکەنەوە و شوێن و خێرایی ڕێگەپێدراو بڵاودەکەنەوە.
زیاتر دەڵێ “ئێستا تەنیا کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە ڕێگەی تاسڵوجە- دوکان کار دەکات، لەکۆتاییدا شۆفێر ئەگەر پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ بێت، خۆی سەلامەت دەبێت و دوور دەبێت کارەسات”.