هه‌واڵ

د. کاوە مەحموود: ئەوەی لە کەرکووک کراوە، بەرانبەر هەموو گەلی کوردستان کراوە

زێدپرێس

د. کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی کوردستان پەیامێکی لەبارەی شەهیدکردنی چوار لاوەکەی کەرکووک ڕاگەیاند و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەوەی لە کەرکووک ڕوویداوە، بەرانبەر هەموو گەلی کوردستان کراوە و داوایش دەکات رۆژێکی ماتەمینی بۆ گیانی هەر چوار شەهیدەکەی کەرکووک لە سەرتاسەری کوردستان ڕابگەیەنرێت.

 

دەقی پەیامەكە:

 

شەهیدكردنی چوار لاوی كورد لە شاری كەركووك تاوانێكی یەجگار گەورەیە، ئەم تاوانە نەك تەنیا بەرانبەر بە كەركووکییەكان كراوە، بەڵكو بەرانبەر بە سەرجەم گەلی كوردستان كراوە.

 

مەبەست لە ئەنجامدانی ئەم تاوانە زیانگەیاندنە، هەڕەشەكردنە لە شكۆ و لە كەرامەتی كوردستانییانی  كەركووك و بەشێكە لەو  هەڕەشە و شاڵاوەی كە دژ بە گەلی كوردستان و دژ بە هەرێمی كوردستان وەكوو كیان دەكرێت.

 

ئەم تاوانە بەشێكە لە بەردەوام بوونی سیاسەتی تەعریب، هەوڵێكە بۆ دروستكردنی پێكدادانی نەتەوەیی لە كەركووك.

 

لەبەرئەوە، زۆر گرنگە لایەنی كوردستانی هەر هەموومان بەشێوەیەكی نیشتمانپەروەرانە، لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای كوردستانەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە تازەیە بكەین، كە پێویستی بە یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی هەیە. پێوستی بەوە هەیە هەر لایەنێكی سیاسی بە شێوەیەكی چەواشەكاری یان  بەشێوەیەكی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە نەكات.

 

ئەم ڕووداوە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە و گەورەترە لەوەی كە بەرانبەر بە حزبێكی دیاریكراو كرابێت، لەبەرئەوە دەبێت هەموو خەڵكی كوردستان كارێكی وا بكەین، كە ڕۆژێك دابنێین لەم مانگەدا، كە ڕۆژی ماتەمینی بێت بۆ گیانی پاكی ئەم چوار شەهیدە و ئەم ڕۆژە ماتەمینییە لە كاتژمێرێكی دیاریكراو بێت و سەرجەم كوردستان بگرێتەوە.

 

د. كاوە مەحموود

سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی

حزبی شیوعی كوردستان

٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٣

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...