هه‌واڵ

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی لەسەر دۆخی کەرکووک بەدەنگ هات

زێدپرێس

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی لەمەڕ ڕەوشی نەخوازراوی کەرکووک بڵاوکردەوە، کە تیایدا هاتووە، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی شارەکە و هاووڵاتیانی کورد بەتایبەتی، کار دەکاتە سەر پێکەوەژیانی برایانە و ئاستی پەیوەندی نێوان لایەنەکان.

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

 

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی گرتنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر، ژیان و هاتوچۆی هاووڵاتیان ئاستەنگ و پشێوی تێکەوت و نائارامی کەوتە ناو شاری کەرکووک، جێگە داخیشە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی کەرکووک هیچ کاردانەوەیەکیان لە بەرانبەر داخستنی ڕێگای هەولێر-کەرکووک نەبوو. ئەو ڕێگەگرتن و نانەوەی پشێوی بووە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی کوردی کەرکووک، کە بە داخەوە بە توندوتیژی و گولـله وەڵامدرانەوە و ژمارەیەک ڕۆڵەی کورد بوونە قوربانی و نیگەرانی لای هەموو لایەک دروستکردووە.

 

ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ ئاماژەیەکی ترسناکە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی شارەکە و هاووڵاتیانی کورد بەتایبەتی، کار دەکاتە سەر پێکەوەژیانی برایانە و ئاستی پەیوەندی نێوان لایەنەکان.

 

چارەسەری کێشەکانی کەرکووک وەک شارێکی کوردستانی لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا دیاریکراوە، ناکرێت لە پەنای ڕەوشی ناجێگیری شارەکە و ئەجێندای سیاسی چەند لایەنێک و دەستی دەرەکی و پاساوی نەخوازراو مامەڵە لەگەڵ کەرکووک و کەرکووکییەکان بکرێت و خوێنی ڕۆڵەکانی بەناهەق بڕژێت.

 

ئێمە لە یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە، وێڕای ئیدانەکردنی هێڕش و تەقەکردن لە هاووڵاتیان و شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی کورد، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەم جۆرە توندوتیژی و ئاژاوە تائیفییانە نین، کە ئامانجیەتی خۆسەپێنی و زەبر و هێز بکاتە سەنگی مەحەک، داوا لە حکوومەتی عێراق و لایەنی بەرپرس لە شارەکە دەکەین بەزووترین کات سنوورێک بۆ جیاکاری و خۆسەپاندن و هەوڵە شەڕئامێزەکان دابنێن و، بگەڕێنەوە بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کەرکووک و ڕێگەی گفتوگۆ و مەرجەعی یاسایی کە دەستوری هەمیشەیی عێراقە.

 

هەروەها داواش لە حزب و لایەنە کوردییەکان دەکەین لەپێناو دۆزی نەتەوەیی و چارەنووسی کەرکووک تەبا و یەک هەڵوێست بن و بەرژەوەندییە باڵاکان و هەستیاریی دۆخەکە لەبەرچاو بگرن.

 

هەروەک چاوەڕێ دەکەین لە زانایانی کورد و پێکهاتەکانی تر و تەواوی دامەزراوەی ئایینی لە کەرکووک کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەن و پەیامی برایەتی و تەبایی و بەرپرسانەی خۆیان بگەیەنن.

 

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button