هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەیەندرا

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی حكوومەتی فیدڕاڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، لەنێوان لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکوومەتی هەرێم خرایەڕوو و ڕوونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە لە کۆبوونەوەکەی لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، شاندی هەرێم بە ڕاپۆرتێکی ٣٠ لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى دایەوە لەبارەی داهات و خەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم و میلاکیی گشتی و مووچە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدابن لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی لە ڕۆژی ١٨ی تشرینی یەکەم، هەموو لایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.

پاشان لەلایەن فەریق سلێمان بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی خرایە ڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراون.

لەمبارەیەوە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، ئاماژەی بە هەماهەنگی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی وردبینی لە ڕێگه‌ی پێدانی زانیاری و داتای پێویست و پەیوەندیدار بە داهات و خەرجیيەکان و میلاکی گشتی و ئاسانکاریی پێویست بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراوەکان بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، کە لە دەرەنجامدا، سێ ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری پێشکەش کراون کە یەکەمیان تایبەتە بە داهات و خەرجییەکان بە گشتی و ڕاپۆرتی دووه‌میش سەبارەت بە نەوت و دوا ڕاپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتی هەرێم و بڕی مووچەکان، لەم ڕاپۆرتەدا دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری و دارایی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێ: ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای پشتیوانی لە پڕۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاڕاستەی خستنەڕووی ڕاستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نییە بیشارێتەوە، ئەم پڕۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە ڕاست و دروستی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکوومەتی فیدڕاڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ تێبینی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاری و دارایی تاوەکوو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەهێڵدرێتەوە. بە تایبەتیش لە دوای ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدڕاڵی و هەرێم، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە. ئیتر ئەرکی حكوومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی وەزارەتی داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...