ئابووریهه‌واڵ

تورکیا داوای قەرەبووی ٩٥٦ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەکات

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی میدڵ ئیست ئای، تورکیا داوای قەرەبووی ٩٥٦ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەکات، بەپێی بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، کە سەرەتا بڕیاری پێدانی ١.٤ ملیار دۆلاری دەکردبوو لە بەرژەوەندی عێراق.

 

ڕاپۆرتەکە کە لەلایەن ڕەجەب سۆیلۆ ڕۆژنامەوانی نزیک لە ئەردۆغان ئامادەکراوە، باس لەوە دەکات، عێراق هەمووانی لە ئەنقەرە سەرسام کرد، دوای ئەوەی لە مانگی نیسان، داوای لە دادگایەکی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان کرد بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی لە دژی تورکیا بسەپێنن، بۆ ئەوەی تورکیا بە بڕی ١.٤ ملیار دۆلار قەرەبووی هاوردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. دوای بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣، کە بە سزادانی تورکیا کۆتایی هات بەهۆی پێشێلکردنی مەرجی گرێبەستەکان، عێراق بەبێ دانوستان و تەنانەت بەبێ ئاگادارکردنەوەش ئەو داوایەی بەرزکردەوە.

سەرەنجام، بەرپرسانی توڕەی تورکیا بەڵێنی بە سزا گەیاندنی عێراقیان دا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بۆیە، دوێنێ پێنجشەم، بەو ئاڕاستەیە هەڵوێستەیان کرد و داوایان لە دادگا فیدراڵییەکە کرد بەغدا ناچار بکات بڕی ٩٥٦ ملیۆن دۆلار بە ئەنقەرە بدات، ئەوەش دوای بە وردی خەمڵاندنی ڕێژەی سوودەکانی ئەو بڕیارە ناوبژیوانییەی سەرەتا تێکڕای ١.٤ ملیار دۆلاری لە بەرژەوەندی عێراق دەرکردبوو.

ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی بڕیاری پێدانی ١.٩ ملیار دۆلاری بە بەغدا دا، لە هەمان کاتیشدا ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بە تورکیا، بۆ دژە-داواکانی لەسەر کەم-توانایی گواستنەوەی بۆڕییە نەوتییەکان، هەروەها باجی گواستنەوەی قەرەبوونەکراوە لە لایەن عێراق لە ساڵانی نەوەتەکان. هەموو بڕەکان ڕێژەی سوودییان لەگەڵە.

پارێزەرەکانی تورکیا لە داواکەی پێنجشەم گوتیان، “کاتێک سوودی پێش-بڕیاردان بە گونجاوی هەژمار دەکرێت بەگوێرەی بڕیارەکانی دادوەر، ڕوونە دەبێت دادگا لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات، نەک عێراق، هەروەها بڕی ٧٦٦ ٩٤٦ ٩٥٦، لەگەڵ بڕەکانی دوای-قەرەبوو، ئەو سوودانەی پێش-بڕیار کە عێراق لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٣ تاوەکوو بڕیاری دادگا قەرزار دەکاتەوە، بە تورکیا بدرێت.”

“ئەو سوودی پێش-قەرەبووەی دەچێتە سەر ئەو بڕەی دادگا بە تورکیای بەخشی، زۆر زیاترە لەو سوودی پێش-قەرەبووەی دەچێتە سەر ئەو بڕەی بە عێراق بەخشراوە. چونکە هەندێک لە پێشێلکارییەکانی عێراق زیاد لە سێ دەیە پێش ئێستا ڕوویانداوە، لە کاتێکدا گشت پێشێلکارییەکانی تورکیا لە نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠١٨ ڕوویانداوە، هەروەها دادگا فرمانی بە هەردوولا کرد بڕە پارەی سوودی پێش-قەرەبوو بدەنەوە، لە ١ی کانوونی دووەمی ساڵی دوای دروستبوونی قەرزەکان، بە کەڵەکەبوونی ساڵانەی تاوەکوو ڕێکەوتی بڕیاری قەرەبووکردنەوەکە.”

خەمڵاندنەکانی پارێزەرانی تورکیا، کە بەستراونەتەوە بە داواکەوە، وای پیشان دەدەن، تاوەکوو ڕێکەوتی بڕیارەکەی ئاداری دادگای ناوبژیوانی جیهانی، عێراق ٢.٦ ملیار دۆلاری لە زیانەکان و سوودەکان دەست بکەوێت، کاتێک تورکیا ٣.٥ ملیار دۆلاری لە زیانەکان و سوودەکان دەست دەکەوێت، وا دەکات ئەنقەرە بە قازانجی ٩١٩ ملیۆن دۆلار لێی بێتە دەرەوە. هەروەها بڕی ٣٧.٧ ملیۆن دۆلار سوودیشیان هەڵداوەتەسەر، وەک سوودی دوای-قەرەبووی مانگەکانی ئادار تا ئاب.

بەگوێرەی داواکە تورکیا لە ٢٨ی ئاب نامەیەکی بۆ عێراق ناردووە، تێیدا باسی سوودەکانی پێوەست بە بڕیارەکانی ژووری بازرگانی کردووە و خەمڵاندنەکانی خۆی پێشکەش کردووە، داوای ٩٥٦ ملیۆن دۆلاری کردووە. عێراق وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە.

پارێزەرانی تورکیا لە هەمان کاتدا، عێراقیان تۆمەتبار کرد بە بەکارهێنانی دادگاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک کۆڕبەند بۆ هەڵمەتەکانی لە دژی ئەنقەرە، لەڕێی بە گشت ناساندنی بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی وەک نموونە. “لە کاتێکدا ئەو ئامانجە نەگونجاوە، تورکیا دژایەتی داواکاری عێراق ناکات بۆ ئەوەی فرمانی دادگای ناوبژیوانی پشتڕاست بکرێتەوە، بناسرێت و بسەپێنرێت،” لە داواکە هاتبوو. “دادگا دەبێت لە بەرژەوەندی تورکیا بڕیار بدات، نەک عێراق.”

پێویستە ئەوە بزانرێت بڕیارەکەی ژووری بازرگانیی جیهانی سەرکەوتنێکی بچووکە، بەهۆی ئەوەی دادگاکە زۆربەی داواکانی بەغدای ڕەتکردەوە و تەنیا ٧٪ زیانە داواکراوەکانی بۆ قەرەبوو کردەوە، لە کاتێکدا نزیکەی ٤٠٪ دژە-داواکانی تورکیای قبووڵ کرد.

بەرپرسانی تورکیا و عێراق سەرقاڵی دانوستانن بۆ ئەوەی کۆتایی بەم دۆخە چەقبەستووە بهێنن. تورکیا دەیەوێت بەغدا دووەم داوای لە ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە ماوەی دوای ٢٠١٨، بکشێنێتەوە، هەروەها دانوستان لەسەر بڕیارەکەی یەکەم بکەن. ئەنقەرە داواشی لە عێراق کردووە سیستەمێکی پارەدان بدۆزێتەوە هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا ڕەزامەندبن لەسەری.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...