ژینگه‌هه‌واڵ

سلێمانی؛ چوار ڕاوچی کەو و ماسی دەستگیر کران

چوار ڕاوچیی کەو و ماسی لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە دەستگیرکران و دەستیش بەسەر چەند تۆڕ و کەرستەی ڕاودا گیرا.

 

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەم، ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، ڕایگەیاند، لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك بۆ سنوری گوندی (بناویلە) دوو هاووڵاتی بەتۆمەتی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بە دوو کەوی زیندووەوە دەستگیرکران و هاوکات دەستیش بەسەر دوو قەفەز و داوێکی ڕاوکردندا گیراوە.

هاوکات، ڕاوچییەکی دیکەیش لە سنوری گوندی (نۆدێ) دەستگیر کرا و لەگەڵیدا دەست بەسەر کەوێکی زیندوو، قەفەزێک، داوێکی ڕاوکردن و تاپڕێکدا گیرا.

پۆلیس دەڵێ، بە فەرمانی دادوەر کەوەکان ئازاد کران و گەڕێندرانەوە بۆ سروشت و ژینگە.

هەر ئەمڕۆ سێشەم، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان توانیان هاووڵاتییەك بە تۆمەتی ڕاوکردنی ماسی دەستگیر بکەن و دەستیشیان گرتووە بەسەر ماتۆڕسکیلێک و تۆڕێکی ڕاوکردنی ماسیدا.

هاوکات پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق هەر لە ئاوی دەربەندیخان، دەستیان بەسەر ١٥ تۆڕی دانراوە و ١٠ ماسی ڕاوکراودا گرتووە، بەڵام وەک لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا هاتووە، بەهۆی ئەوەی هیچ کەسێک لە شوێنی ڕووداوەکە نەبووە، نەتوانراوە تۆمەتباران دەستگیر بکرێن و ئێستا بەدوایاندا دەگەڕێن.

لە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤داوەرزی قەدەغەی ڕاوی ماسی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندرا. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لە ٥ی ئاداری ٢٠٢٤ تا ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە بەنداوی مووسڵ وەرزی قەدەخەی ڕاوکردنی ماسییە و لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ەوە ڕاوکردن ئاسایی دەبێتەوە.

هەروەها، لە بەنداوی مووسڵ قەدەخەی ڕاوی ماسی لە ١ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە دەست پێ دەکات و تا ١ی تەمووزی ٢٠٢٤ دەخایەنێت. بەو شێوەیەش ڕاوکردن لە بەنداوی مووسڵ لە ٢ی تەمووزی ٢٠٢٤ ئاسایی دەبێتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...