هه‌واڵ

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی داوای کشانەوەی دادوەرە کوردەکەی دیکەی دادگای فیدڕاڵی دەکات

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، داوا لە ئەندامە کوردەکەی دیکەی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق دەکات دەست لە ئەندامێتیی دادگاکە بکێشێتەوە.

 

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند، “دادوەر عەبدولڕەحمان سلێمان زێباری بڕیارە دروستەكەی دا و هیوادارین دادوەرە كوردەكەی دیكەش هەڵوێست وەربگرێت”.

ئەو لێدوانەی قەرەنی، دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ سێشەم ١٢ی ئازاری ٢٠٢٤، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە پرێس كۆنفرانسێكدا كشانەوەی خۆی لە دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق ڕاگەیاند.

مەریوان قەرەنی، لە پاڵپشتی گوتەکانی عەبدولڕەحمان زێباری، دەڵێ: “كۆمەڵێك هۆكاری زۆر هەیە بۆ ئەوەی بڵێین كە دادگای فیدڕاڵیی عێراق، لەو بنەمایانە لای داوە كە لەپێناویدا دامەزراوە. چیتر ئەو دادگایە، دادگایەك نییە كە چاودێریی دەستووریبوونی یاسا و بڕیارەكان بكات، بەڵكوو خۆی بە ناوی تەفسیركردنی دەقە دەستوورییەكانەوە، هاتووە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە دژی هەرێمی كوردستان و لە قازانجی مەركەزیەتی عێراق هەموار دەكاتەوە”.

قەرەنی ئاماژە بەوە دەکات: “بۆ كورد و هەرێمی كوردستان، بەهیچ شێوەیەك بوون و نەبوونی نوێنەرایەتی لەو دادگایە گرنگی نەماوە”، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک، لەناویاندا “دادگاكە هیچ بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەرناكات، بەڵكوو هەموو بڕیارەكانی بە ئامانجی بچووككردنەوە و لەقاوغدانی هەرێم و بەهێزكردنی مەركەزیەتی عێراقێك دەردەكات كە خۆی گیرۆدەی كەوتنە ژێر هەژموونی خەڵكی ترە!”.

هەروەها دەپرسێ: “با دوو دادوەری كوردیش لەو دادگایە هەبێت، مادام دادگاكە بڕیارەكانی خۆی بە زۆرینەی دەنگ دەردەكات، لەبەر ئەوەی حەفت كەس لە دادوەرەكان لە كۆی نۆ دادوەر، ئامادە نین هیچ بڕیارێك لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەربكەن، كەواتە بوونی دوو دادوەری كورد لەو دادگایە چ سوودێكی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەیە؟”.

زیاتر دەڵێ: “ئەم دوو دادوەرە بەڕێزەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە لەو دادگایە داندراون كە خەڵكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن، كاتێك ئەوان ناتوانن بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بپارێزن، كەواتە بۆچی لە دادگاكە بمێننەوە؟”.

وەک جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دووپات لەوە دەکاتەوە کە “لەبەر ئەم هۆكارانە و دەیان هۆكاری دیكەش، دەڵێین كە دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری بڕیارە دروستەكەی دا و سەلماندی كە نوێنەری ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بووە لە دادگای فیدڕاڵی. هیوادارین دادوەرە كوردەكەی دیكەی دادگاكەش لە ڕوانگەی هەستكردنی بە بەرپرسیارێتیی بەرانبەر بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو قوربانییە زۆرەی كە خەڵكی كوردستان لەپێناو قەوارەكەی داویەتی، هەڵوێست وەربگرێت و لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق بكشێتەوە. ئەوكات دادگایەك كە نوێنەری هەرێمی كوردستانی تێدا نەبێت و بەپێی دەستووریش پێك نەهاتبێت، قسەیەكی دیكەش لەسەر بڕیارەكانی دەكرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...