هه‌واڵ

هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی حەمدانیە مۆڵەتی یاسایی هەبووە

زێدپرێس

 

هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی شارۆچکەی حەمدانییە، کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە، کارەساتێکی گەورەی لێکەوتەوە، پێش دوو ساڵ مۆڵەتی یاسایی پێدراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی نووسراوێکی قامیقامیەتی شارۆچکەی حەمدانییە، بە ژمارە ١٠/٢٥٨٢١ کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ و بە واژۆی عسام بەهنام مەتا قایمقامی شارۆچکەکە دەرکراوە و ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای مووسڵ-نەینەوا کراوە، لاری نەبوون لە تۆمارکردنی ئەو پارچە زەوییە دراوە، کە هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی لەسەر دروستکراوە و مافی بەکارهێنانی زەوییەکە بە سەمیر سلێمان کرومی دراوە، کە خاوەنی هۆڵەکەیە.

لەگەڵ نووسراوی ڕەزامەندییەکەدا، کۆنووسی پشکنین بۆ هۆڵەکە هاوپێچ کراوە و جەختیش لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە ڕەگەزی زەوییەکە، کشتوکاڵییە.

هەر بەپێی کۆنووسی پشکنینەکە، هۆڵی بۆنەکە بە درێژایی ٤٥ مەتر و پانی ٢٨ مەتر دروستکراوە و ئاماژەیش بەوە دراوە، کە دیوارەکانی لە بلۆک و بنمیچەکەی بە کەرەستەی سەندەویچ پەنێڵ گیراوە.

ئاشکرابوونی ناوەڕۆکی ئەو نووسراوە لەکاتێکدایە، کە پێشتر، چەند سەرچاوەیەک لە حکوومەتی خۆجێیی مووسڵ ئاماژەیان بەوە کردووە، هۆڵەکە بۆ مەبەستی دیکە مۆڵەتی پێدراوە و هەروەها پێداگیریشیان لەسەر ئەوە کردبوو، کە داپۆشینی بنمیچی هۆڵەکە بە سەندەویچ پەنێڵ بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانی ڕێپێدانە، بەو مانایەی کە سەرپێچییەکە لەلایەن خاوەنی هۆڵەکەوە کراوە، بەڵام وەک دەردەکەوێت پێشتر پشکنین بۆ هۆڵەکە بە هەمان تایبەتمەندییەوە کراوە و لەسەر ئەو بنەمایەش مۆڵەتی پێدراوە.

شەوی ٢٦/٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە هۆڵێکی ئاهەنگگێڕان لە شارۆچکەی حەمدانییە، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ ئامادەی ئاهەنگەکە گیانیان لە دەستدا و سەرووی ٣٠٠ ئامادەبووی دیکەیش بریندار بوون. بەهۆی کارەساتەکەوە، تەرمی نزیکەی ٤٠ کەس نەناسراوەتەوە و چەند کەسێکیش لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە تا ئێستا بێسەروشوێنن.

دوا بەدوای ڕووداوەکە، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراقەوە فەرمانی گرتن بۆ سەمیر سلێمان کرومی خاوەنی هۆڵەکە دەرکرا. ڕۆژی ٢٧ی ئەیلوول، ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، دوابەدوای گەیشتنی فرمانی دەستگیرکردنەکە، لەلایەن هێزەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، خاوەنی هۆڵەکە لە شاری هەولێر دەستگیر کراوە و بە فرمانی دادوەر ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی عێراق کراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، جگە لە خاوەنی هۆڵەکە، ١٦ کەسی دیکە، لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکراون.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلوول، لێژنەی لێکۆڵینەوە لە حکوومەتی عێراق، ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە ڕابگەیەنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...