هه‌واڵ

کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی دواخرا

زێدپرێس

 

بەهۆی دروستبوونی کێشە و گرژی لە نێوان هەردوو باڵەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی، کۆنگرەی حزبەکە بۆ ١٠ ڕۆژی دیکە دواخرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی بە بەشداری هەردوو باڵەکەی، لە شاری سلێمانی ببەسترێت، بەڵام هەر لە دەستپێکدا، کێشەی تێکەوت و کامیل حاجی عەلی کە ڕێبەرایەتی باڵێکی بزووتنەوەی ئیسلامی دەکات، ڕایگەیاند، بایکۆتی کۆنگرە دەکەن، لەبەرئەوەی زیاتر لە ١٧٠ کەس لەلایەن عیرفان عەلی عەبدولعەزیزەوە زیادکراون.

پێشتر بزووتنەوەی ئیسلامی، تووشی لەتبوون بووە، هەریەک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی ڕێبەرایەتی باڵەکان دەکەن و هەردووکیشیان خۆیان بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی دەزانن.

هیچ کامیان نەیانتوانی، بە یاسا خاوەنداریەتی بزووتنەوەی ئیسلامی یەکلا بکەنەوە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش ناچاری کردن، پێکەوە کۆنگرە ببەستن.

چاوەڕوان دەکرا، لە کۆنگرەی ئەمڕۆدا، کێشەی ڕابەری گشتی بزووتنەوە لە نێوان یەکێک لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و کامیل حاجی عەلی یەکلابکرێتەوە، کە هەردوو خۆیان بۆ پۆستی ڕابەری گشتی کاندید کردووە.

هەر تەنیا باڵەکەی کامیل حاجی عەلی، باڵی بەرانبەر بە زیادکردنی ئەندام بۆ کۆنگرە تۆمەتبار ناکات، بەڵکوو باڵەکەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیزیش بانگەشەی ئەوە دەکەن، لەلایەن کامیل حاجی عەلییەو خەڵکی وا هێنراونەتە ناو کۆنگرەوە، کە ڕۆژێک ئەندامی بزووتنەوە نەبووە و بەڵکوو ئەندامی حزبی دیکەیە.

هێزەکانی ئاسایش هەوڵیاندا، کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکەن و کۆتایی بەو گرژییانە بهێنن لە نێوان هەردوو باڵەکەدا و لەناو هۆڵی کۆنگرە و لە بەردەم هۆڵەکەدا دروستبووبوو، بەڵام چارەسەر نەکرا و بەو هۆیەوە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی ١٠ ڕۆژ دواخرا.

دواخستنەکە بەبڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بوو، بەهۆی ئەوەی ڕێژەی یاسایی ئەندامان لە هۆڵی کۆنگرە ئامادە نەبوون، لەکاتێکدا پێشتر بڕیار لەسەر ئامادەبوونی ٢٠٠٠ ئەندام دراوە و لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، دەبوو لانیکەم هەزار و ١٠٠ کەس ئامادەی هۆڵی کۆنگرە بن، بەڵام کەمتر لەو ژمارەیە ئامادە بوون-بەهۆی بایکۆتی باڵەکەی کامیل حاجی عەلی- و بەو هۆیەوە کۆنگرەکە دواخرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...