هه‌واڵ

دەنگۆی دەستگیرکردنی “ڕێوی کوردی” هەیە

زێدپرێس-ئاژانسەکان

 

کەناڵی (SVT)ی سویدی لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە ڕایگەیاند، ڕەوا مەجید، ناسراو بە ڕێوی کوردی، سەرۆکی باندی فۆکسترۆت لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕەوا مەجید، بە بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی باندێکی مەترسیداری سویدی تۆمەتبار دەکرێت، بەو جۆرەی کە ڕەوا لە تورکیاوە باندەکەی بەڕێوەبردووە. بەگوێرەی کەناڵەکە، ڕەوا مەجید لەکاتی تێپەڕبوون لە سنووری نێوان تورکیا و ئێران، دەستگیرکراوە، بەو هۆیەوە کە ناسنامەی ساختەی پێشکەشکردووە.

ئۆلف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید ڕۆژی دووشەمی ئەم هەفتەیە، ڕایگەیاند، “زانیاری” پشتڕاستنەکراوەیان هەیە کە ڕەوا مەجید دەستگیرکراوە.

کریستێرسۆن بە میدیای سویدی گوتووە “بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تۆمەتە تاوانکارییانەی ڕووبەڕووی دەکرێتەوە، ئەمە دەشێت کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەبێت”، بەڵام گوتیشی کە ئێستا نایەوێت بچێتە سەر وردەکاری زیاترەوە.

باندی فۆکسترۆت بە توندڕۆترین باندەکانی سوید دادەنرێت، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا پەیوەندییان بە کوژران و گیانلەدەستدانی دەیان کەسەوە هەیە. هاوکات وەک باندێکی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دەناسرێت.

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا، باندەکەی فۆکسترۆت پەیوەندی بە دەیان کوژراوەوە هەیە، لەنێویاندا هاووڵاتییانی مەدەنی و هەروەها لە ئەنجامی تەقەکردنی ڕاستەوخۆوە، کە لەلایەن هەرزەکارانەوە ئەنجامدراون. تەنیا مانگی ئەیلوول ١٢ کوژراو ڕاگەیەندراوە.

سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، کە ڕێوی کوردی، لە بنەڕەتدا خەڵکی هەرێمی کوردستانە.

ڕۆژی دووشەم ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی-یش، هەواڵی دەستگیرکردنی ڕێوی کوردی لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە بڵاوکردەوە و وەک سەرۆکی توندڕۆترین باندی سویدی ناساندی، کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی تەقینەوە و تەقەکردنی خوێناوی.

هەرچەند، هێشتا هەواڵی دەستگیرکردنی ڕەوا مەجید بە تەواوەتی پشتڕاست نەکراوەتەوە، هاوکات میدیاکانی سوید باس لە ئەگەری ڕادەستکردنی تۆمەتبارەکە دەکەن.

سەرۆکی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە ئینستیتیوتی کاروباری نێودەوڵەتی سوید، بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، دوو ئەگەری سەرەکی هەیە؛ یەکەمیان ئەوەیە کە گومان بکرێت ڕەوا مەجید بەمەبەستی چالاکی تاوانکاری هەوڵی چوونە ناو ئێرانی دابێت، ئەوکاتە دەشێت تا ساخبوونەوەی ڕاستییەکە، تۆمەتبارەکە بهڵێنەوە.

دووەمیان ئەوەیە، ئەگەر تەنیا وەک کەسێک سەیری بکەن، کە بە شێوەی نایاسایی دەیەوێ بچێتە ناو وڵاتەکەوە، چاوەڕوانکراوە ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وڵاتەی بنێرنەوە کە لێیەوە هاتووە. لەم حاڵەتەشدا ڕەنگە ڕەوانەی تورکیا بکرێتەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە ئەگەری هەرە بەهێز ناردنەوەی تۆمەتبارەکەیە بۆ تورکیا، بەوپێیەی هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیایە.

بەگوێرەی میدیای سویدی، ڕەوا مەجید لەساڵی ٢٠٢٠ەوە و لەڕێگەی پڕۆگرامی پاسپۆرتی زێڕین لە تورکیا نیشتەجێیە، پڕۆگرامەکە ڕەگەزنامە دەدات لە بەرانبەر وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا. سەرەڕای ئەوەی ئینتەرپۆل و سوید فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ڕەوا دەرکردووە، بەڵام تورکیا بەهۆی ڕەگەزنامەی تورکییەوە، ڕەتیکردووەتەوە دەستگیری بکات یان ڕادەستی بکاتەوە. داواکاری گشتی سوید ئاشکرای کردووە، کە داوای ڕادەستکردنەوەی ڕەوا مەجید لە تورکیاوە کراوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە ناتوانرێت ڕادەست بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕەوا مەجید هاوڵاتی تورکیایە.

کاربەدەستانی جێبەجێکەری یاسای ئەوروپا دەمێکە نیگەرانیان دەربڕیوە، سەبارەت بەوەی کە تا دێت تۆمەتبارانی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان زیاتر ڕوو لە تورکیا و ئیمارات دەکەن، کە ئیقامەی ئاسان پێشکەش دەکات، بەڵام ڕەگەزنامە بەو کەسانە نادەن، کە بڕێکی زۆر پارەی کاشیان هەیە بۆ وەبەرهێنان. پرسی پێدانی ڕەگەزنامەی ڕاستەقینەی تورکیا بە هەر کەسێک کە نزیکەی نیو ملیۆن دۆلاری هەبێت، پەناگەیەک بۆ تۆمەتبارانی هەڵهاتوو دابین بکات، لەڕێگەی بەکارهێنانی پاسپۆرتی تورکیاوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...