هه‌واڵ

ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی زەنگی مەترسی هەڵپەساردنی خوێندن لێ دەدات

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی، ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێ، کە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی خوێندنی زیاتر لە ٢٣ هەزار خوێندکار، بەپێی پێوەرە زانستی و نێودەوڵەتییەکان لە ژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە پڕۆسەی خوێندن لەساڵی نوێدا، یاداشتنامەیەکی بڵاوکردەوە.

یاداشتنامەکە، بەدوای کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دێت، کە تیایدا تاوتوێی پڕۆسەی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کراوە و بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە، ئەم خاڵانەی خوارەوەیان وەک ڕاسپاردە جێگیر کردووە:

 

یەکەم: ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی سەرنجی ڕای گشتی ڕادەکێشێت، کە خەمخۆرانە و بەڕەچاوکردنی دۆخی گشتی، چوار کۆبوونەوەی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن ئەنجامداوە.

 

دووەم: لە سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەی لە خاڵی یەکەم ئاماژەی پێدراوە، ئەنجوومەنی زانکۆ بە کۆی دەنگ پشتیوانی لە سەرجەم ماف و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆی کردووە.

 

سێیەم: لەو کۆبوونەوانەدا سەرۆکایەتی زانکۆ بە بڕیاری ئەنجوومەن لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی مێژوویی، پێشوەخت ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کێشە داراییەکانی زانکۆ ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کردووە، بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن.

 

چوارەم: هەموو لایەک ئاگاداردەکەینەوە، کە پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی نوێ کە پەیوەندیدارە بە چارەنووسی خوێندنی زیاتر لە (٢٣) هەزار خوێندکار، بەپێی پێوەرە زانستی و نێودەوڵەتییەکان لە ژێر مەترسیی هەڵپەساردندایە.

 

پێنجەم: ئەنجوومەنی زانکۆ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، جەخت لە داواکاریمان لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابووری و وەزارەتی خوێندنی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکاتەوە، کە هەنگاوی پەلە و خێرابنرێت بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٣-٢٠٢٤) و بڕیاردان لە دەرماڵەی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێی خوێندن.

 

لە کۆتایی یاداشتنامەکەشدا، ئەنجوومەنی زانکۆی سلێمانی دەڵێ “لە سۆنگەی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە، سەرجەم لایەنە ئاماژە پێکراوەکان دەخەینە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژووییەوە تایبەت بە پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆمان.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...